جیاوازی بەكارهێنانی بەنزین و گاز بۆ ئۆتۆمبێل لە كوردیو بزانە

26/06/2018 - 11:07 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/ئۆتۆمبێل

 


ئاشكرایە كە ئۆتۆمبێلە گەورەكان‌و بارهەڵگرەكان بەمەكینەی گاز كاردەكەن‌و ئۆتۆمبێلە بچوكەكانیش بەمەكینەی بەنزین، بەڵام ئایا هەرگیز لەخۆمان پرسیوە بۆچی مەكینەی گاز بۆ ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر‌و مەكینەی بەنزین بۆ ئۆتۆمبێلی بچوك بەكاردەهێندرێت، لەم ڕاپۆرتەدا وردەكاری دەخەینەڕوو.


- ئۆتۆمبێلە گەورەكان بەهۆی زۆری ئەو كیشەی كە دەیگوازنەوە پێویستیان بەزەبرێكی زۆرە بۆئەوەی بتوانن ئەو كێشە زۆرەی هەڵیان گرتووە بیگوازنەوە بەباشی.


- هۆكاری زەبرە زۆرەكەی ئۆتۆمبێلی گاز دەگەڕێتەوە بۆ دوو هۆكار كە یەكێكیان پەیوەندی بە پەستاوتنی هەوایەكی زۆر هەیە لەمەكینەی گاز دا، پاشان پرژاندنی گاز بەسەریدا لەپەستانێكی یەكجار زۆردا دەبێتە هۆی ئەوەی زەبرێكی یەكجار زۆر دروست ببێت، دووەمیشیان هۆكاری بەرزی بەرهەمهێنانی ووزەیە لە گازدا كە ١ لیتر گاز دەتوانێت بڕی 36.1 مێگا جووڵ ووزە بەرهەم بهێنێت كە زیاترە لە مەكینەی بەنزین كە دەتوانێت33.7 مێگا جووڵ ووزە بەرهەم بهێنێت.

 

- یەكێكی دیكە لەهۆكارەكان لەبەر ئەوەیە كە بارهەڵگرەكان پەستانێكی زۆر بەكاردەهێنن و هێزێكی زۆر لەسەر لاشەكەیان دروست دەبێت و لەهەمان كاتدا مەكینەی گاز بەهۆی پەستانی بەرزی ناو مەكینەكەوە زۆر بە پتەوی دروست دەكرێت، ئەمە خاڵێكی هاوبەشە كە مەكینەی دیزڵ و ئۆتۆمبێلی گەورە پێكەوە دەبەستێتەوەو وادەكات لە مەكینەی بەنزین گونجاوتر بێت بۆ ئۆتۆمبێلی گەورە.


- بەهۆی خێرا سووتانەوە لەبەنزیندا وادەكات خێراییەكی زۆر بەرهەم بێت و ئەمەش وادەكات رێژەی زەبر تاڕادەیەك كەمتر بێت بەراورد بەمەكینەی دیزڵ بەهۆی ئەوەی پلاك نییە بۆ خێراكردنی كرداری سووتان و تەنها بە پەستاوتنی هەواو گاز بەرهەم دێت كردارەكە خاوترە و ئەمەش وادەكات ئەو زەبرەی دروست دەبێت زیاترو كاریگەرتر دەربكەوێت، بۆیە زۆربەی ئۆتۆمبێلەكانی كە خێرایی تیایاندا مەبەست بێت مەكینەی بەنزین دەخرێتە سەریان.


- لە هەندێك ووڵاتدا لەوانەیە بەهۆی گرانی نرخی بەنزینەوە زیاتر مەكینەی گاز بەكاربهێندرێت، چونكە نرخی هەرزانترە.


ئەم هۆكارانەو كۆمەڵێك هۆكاری تریش كاریگەریان لەسەر دروستكردنی ئۆتۆمبێل دەبێت‌و پێویستە ئەم تێبینیانەش بزانین:


1. مەكینەی دیزڵ چووستی ٢٠% لە مەكینەی بەنزین زیاترە، واتە ئەگەر ئۆتۆمبێلیكی بەنزین ١٠ لیتر بەنزینی پێویست بێت بۆ بڕینی ١٠٠ كم دووری ئەوا ئۆتۆمبێلی گاز بەنزیكی ٨ لیتری دەوێت.


2. ئاستی دەنگی ئۆتۆمبێلی گاز بەرزترە لە ئۆتۆمبێلی بەنزین، چوونكە پەستانی ناو مەكینەی گاز زۆر زیاترە لەمەكینەی بەنزین و هەروەها لەرەلەرەكەشی (هەزە)شی زیاترە.


3. پلەی گەرمی پاشەڕۆ(Exhaust) گاز نزمترە لە ئۆتۆمبێلی بەنزین چوونكە ئەم كردارە وەكو ئەوە وایە كەسێك بیەوێت چەند كەلوپەلێك بەخێرایی بگوازێتەوە بەدڵینایەوە پلەی گەرمی لەشی بەرزتر دەبێتەوە، بەڵام ئەگەر بە هیواشی بیگوازێتەوە پلەی گەرمییەكەی هێندە بەرز نابێتەوە، ئۆتۆمبێلی بەنزینیش لەبەرئەوەی بەرهەمەكەی واتە خێراییەكەی زۆرترە وادەكات پلەی گەرمیی پاشەڕۆ(Exhaust) كەشی بەرزتر بێت لەگاز.

 

 

سەرچاوە/ بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی

س ب