بوخاری مەكینە چیەو چۆن ئۆتۆمبێلەكانمانی لێ بپارێزین

28/06/2018 - 10:39 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/ئۆتۆمبێل

 

دیارە ئۆتۆمبێل لەگەڵ زیادبونی تەمەنی یان زۆر بەكارهێنانی كێشەی جیاوازی تیادا دەردەكەوێت‌و یەكێك لەكێشە باوەكانیش دروستبونی هەڵمی مەكینە كە لێرە پێی دەوترێت (بوخار) و دروست بونی ئەو حاڵەتە لە ئۆتۆمبێلەكاندا دەبێتەهۆی كەمبونەوەی كێشی ئۆتۆمبێل و گەیاندنی زیان بە ئۆتۆمبێل.

 

هۆكاری دروستبونی بوخار چییە؟


ڕۆنی مەكینە كاری ئەوەیە هێزی لێكخشاندن لەنێوان پارچە جوڵاوەكانی مەكینە كەمبكاتەوە، كاتێكیش مەكینە بەهۆی زۆریی تەمەنی یان زۆر بەكارهێنان یان توند بەكارهێنان، پستۆنەكانی لاواز دەبێت‌و توانای نامێنێت بەسەر تەواو داخستن‌و كردنەوەدا، یاخود زوو وەرگرتنی تێكەڵەی بەنزین‌و هەواو دەركردنی دوكەڵ نامێنێت، بەوەش كەمێك لەدووكەڵەكە لەپستۆنەكانەوە دزە دەكات‌و تێكەڵ بەكێسی ڕۆن دەبێت، شكان‌و درزی پستۆن یان ڕینگ-ش هەمان كێشە دروستدەكات.

 

چۆن بوخار دەناسینەوە:


1- ئەگەر مەكینە گەرم بێت‌و سەری ڕۆنی مەكینە بكەیتەوە، هەڵمێكی توندی لێ دێتە دەرەوە كە چاو دەكزێنێتەوەو بەئاسانی لەڕۆژدا دەبینرێت.
2- دوكەڵی ئەكزۆزیش زیاد دەكات‌و بەئاسانی لەگەڵ بەنزین پێدانێكی كەم دەبینرێت.
3- ئەگەر ئاوی ڕادیتەرەكە تەماشا بكەیت، هەست دەكەیت كەمێك چەورە.
4- لەخێراییە ئاساییەكاندا هەست دەكەیت توانای جارانی نییە، دەنگی مەكینە بەرزە، بەڵام ڕۆشتنەكەی باش نییە.

 


چۆن خۆمانی لێ بپارێزین:
1- باشترین چارەسەر ئەوەیە كە ئۆتۆمبێلەكانمان لەبەكارهێنانی توند بپارێزین، چ خێرایی زۆر یان كێشی زۆر، كەواتە فشارێكی نەخەینە سەری كە لەو مەبەستەی بۆی دروستكراوە زیاتر بێت.
2- ڕۆنی خراپی تێ نەكەین، یان نەهێڵین ڕۆنەكەی كۆن ببێت.

 

 

 


سەرچاوە/ بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی

س ب