چەند زانیارییەکی گرنگ لەبارەی فویل پەمپی ئۆتۆمبێل

05/07/2018 - 15:56 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/ئۆتۆمبێل

 

ئەفسەرێکی بەرگریی شارستانی، چەند زانیارییەکی لەبارەی (فویل پەمپ - Fuel Pump)ی ئۆتۆمبێل بڵاو کردەوە، ھەروەھا چەند ڕێکارێکی بۆ چۆنیەتیی پاراستنی فویل پەمپ خستە ڕوو.

نەقیب سەرکەوت کاڕەش، ئەفسەری بەرگریی شارستانی، چەند زانیارییەکی لەبارەی فویل پەمپی ئۆتۆمبڵ بڵاوكرده‌وه‌و، تێیدا باس لەوە کراوە، کە فویل پەمپ (Electric Fuel Pump) ئامێرێک، یاخود ماتۆرێکی کارەباییە لە ئۆتۆمبێلدا کاری گەیاندنی بەنزینە لە تانکییەوە بۆ ناو بزوێنەر (مەکینە)، بەشێوەی کارەبایی کار دەکات، ڕێژە و قەبارەی ھێزی کارەبایی دیاریکراوی خۆی ھەیە, کە لەلایەن کۆمپانیای بەرھەمھێن و ئەندازیارانی تایبەتمەند دیاری کراوە، بۆیە دەستکاریکردن و گۆڕینی بە ھەڵە ڕووداوی مەترسیداری لێ دەکەوێتەوە.


ئەو ئەفسەرە چەند ھۆکارێکی لەکارکەوتنی فویل پەمپی خستووەتە ڕوو، کە ئەوانیش بریتین لە:

1 - کاتێک ئۆتۆمبێلەکەت بە بەردەوامی ڕێژەی بەنزینی ناو تانکی زۆر کەمە، دەبێتە ھۆی گەرمبوونی فویل پەمپ و لەکارکەوتنی.

2 - بەنزینی خراپ و بەرزیی ڕێژەی مادەی (رەساس) دەبێتە ھۆی لەکارکەوتن و گیرانی.

3 - پیس بوون و گیرانی فلتەر (مەسفا)ی بەنزین ھۆکارێکی سەرەکیی لەکارکەوتنی فویل پەمپە، چونکە پاڵەپەستۆی زۆر لەسەر فویل پەمپەکە دروست دەبێت.

4 - دەستکاریکردنی وایەر و فیوزی سەلامەتی و ھێزی کارەبایی.

چۆن بزانین فویل پەمپ لەکار کەوتووە؟

1 - لەنزیک تانکیی بەنزین فویل پەمپەکە دەنگێکی لێوە دێت، وەک (ززززززز - zzzzzzzzz).

2 - بە چەندین سلفلێدان ئۆتۆمۆبیلەکەت کار دەکات.

3 - لەکاتی لێخوڕین ھەست بە (نەتر)لێدان دەکەیت.

4 - لەکاتی لێخوڕین ھەست بە ھێواشبوونەوەی ئۆتۆمۆبیلەکەت دەکەیت، ئەگەر لەکاتی لێخوڕینی خێراشدا بیت.

چۆن فویل پەمپەکەت دەپارێزیت؟

1 - ھەوڵ بدە لەو بەنزینخانانە بەنزین لە ئۆتۆمۆبیلەکەت بکەیت، کە ناوبانگی باشیان ھەیە و کوالێتیی بەنزینەکەیان بەرزە (ئۆکتان).

2 - ھەوڵ بدە ڕێژەی بەنزینی تانکییەکەت لە نیوە کەمتر نەبێت، بۆ ئەوەی ڕێگا لە گەرمبوون و ڕاکێشانی پیسی بگرێت بۆ ناو فویل پەمپەکەت.

3 - ھەوڵ بدە زوو زوو مەسفا فلتەری بەنزین بگۆڕیت، چونکە گیرانی دەبێتە ھۆی پاڵەپەستۆ خستنە سەر فویل پەمپ.

4 - دوور بکەوە لە جۆر و کوالێتیی خراپی فویل پەمپ, ھەوڵ مەدە کامە ھەرزانترین جۆریەتی، تۆ بیکڕیت، چونکە ئەمە ژیانت دەخاتە مەترسییەوە.

5 - ئەگەر ئۆتۆمۆبیلەکەت گڕی گرت، بەتایبەتی تانکیی بەنزین کەمتر لە خولەکێکت لەبەردەستە بۆ خۆڕزگارکردنت، خۆت ھەوڵی کوژاندنەوەی مەدە، چونکە مەترسیدارە و باشترە یەکسەر پەیوەندی بە بەرگریی شارستانی بکەیت بە ژمارە 115)  یان 125).

6 - ئامێرێکی ئاگرکوژێنەوەی دەستی لەنێو ئۆتۆمبێلەکەت دابنێ، چونکە سەر و ماڵت دەپارێزێت.