چەند ڕێنماییەك بۆ شۆفێریكردن لە كاتی خۆڵباریندا

12/07/2018 - 10:48 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/ئۆتۆمبێل

 

لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو دیاردەی خۆڵبارین بە شێوەیەكی بەرچاو لە ھەرێم و ناوچەكە زیادیكردووە، بەوەش زۆرجار كێشەی بۆ شۆفێران دروستكردووە و كێشەكانیش قوربانییان لێكەوتۆتەوە.

 

گرفتی سەرەكیی دیاردەكە لەوەدایە ئاستی بینین كەمدەكاتەوە بۆ دۆخی مەترسیدار و لە ھەندێك حاڵەتدا كەمتر لە ٥٠ مەتر، ئەوەش وا دەكات ئاستی مەترسییەكانی ھاتووچۆ چەند بارە ببنەوە.

 

بۆ پاراستنی سەلامەتی خۆت و خێزان و ئۆتۆمبێلەكەت، باشترە ڕەچاوی ئەم ڕێنماییانە بكەیت لە كاتی بوونی ئەو دیاردەیەدا:

یەكەم: پشكنین بۆ تایەكانت بكە، چونكە لە ڕۆژی خۆڵباریندا پێویستە تایەكانت لەبارێكی باشدا بن و ھیچ كێشەیەكیان نەبێت.

دووەم: پێویستە دوورییەكی زیاترت لەگەڵ ئۆتۆمبێلی پێشەوەتدا ھەبێت و ئەوەش دەگاتە ٣٠٠ مەتر، چونكە لەو ڕۆژانەدا ڕووناكی بەرز كاری پێدەكرێت.

سێیەم: پێویستە ڕووناكییەكانی پێشەوەت كار پێبكەیت و دڵنیابیتەوە لە كاركردنیان، ئەگەر ئاستی بینین زۆر كەمبووەوە، ئەوا ڕووناكی بەرز كار پێبكە.

چوارەم: پێویستە دڵنیا ببیتەوە لە ئیستۆپ گرتنی ئۆتۆمبێلەكەت و بۆ ئەوەش پێش ھاتنە دەرەوە تاقیبكەرەوە و خۆت لە ڕووداو بپارێزە.

پێنجەم: ھەندێك جار جامەكانی پێشەوەت پیس دەبن و دڵنیابە فڵچەكان كار دەكەن و ئاوی پێویست لە ئۆتۆمبێلەكەتدایە بۆ پاككردنەوە و سڕینی جامەكان.

 

 

 

 

سەرچاوە/ بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی
س ب