چەند رێنماییەکی گرنگ بۆ ئەوانەی لەوەرزی گەرمادا بەنزین دەکەنە ئۆتۆمبێلەوە

14/07/2018 - 10:11 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/ئۆتۆمبێل

 


لەكاتی تێكردنی بەنزیندا چەن خاڵێك هەن ئەگەر بتوانرێت رەچاو بكرێن، ئەوا بە سوودی ئابووری و سەلامەتی ئۆتۆمبێلەكە دەشكێتەوە بۆ خاوەنەکەی. بۆیە پێویستە لەكاتی كڕینی بەنزیندا رەچاوی ئەم خاڵانەی لای خوارەوە بكەین:

1- باشترە بەیانیان زوو یان شەو درەنگ بەنزین بكڕین: لەو دوو كاتەدا پلەی گەرمای زەوی نزمترینە و بەوەش كە زۆرینەی بەنزینخانەكان تەنكییەكانیان لە ژێر زەویدا دادەنێن، دەكرێت پلەی گەرما كار لە چڕی بەنزینەكە بكات و كەمی بكاتەوە، بە واتایەكی تر، ئەو لیترە بەنزینەی بەیانیان دەیكڕیت هەمان ئەو لیترە نییە كە نێوەڕوانی هاوین دەیكرێت، ئەمە جگە لەوەی گۆڕان لە ئاستی چڕی بەنزیندا بۆ مادەكانی دیكەی ناوی دەگۆڕێت و زیان بە ئۆتۆمبێلەكەت لە ماوەی درێژدا دەگەیەنێت.

چونکە بەرزبوونەوەی تەنها یەك پەلی گەرمی دەتوانێت هاوسەنگیی چڕی بەنزین و مادەكانی ناوی بگۆڕێت.

 

2- لەكاتی تێكردنی بەنزیندا، پەمپەكە لەسەر پلەی هێواش دابنێ‌: وەك دەزانین هەر پەمپێكی بەنزین سێ‌ پلەی هەیە، خێراو ناوەندو هێواش، هەروەها لە دوو بۆری پێك دێت، یەكەمیان بەنزین دەكاتە تەنكیی ئۆتۆمبێلەكەو دووەمیان هەڵمی ناو تەنكییەكە رادەكێشێتەوە، ئەگەر لە كەشی گەرمدا بە پلەی خێرا بەنزین تێبكەین، شڵەقانی بەنزینەكە زیاتر دەبێت و بەوەش بڕێكی زۆرتری دەبێتە هەڵم و لە رێگەی تەنفیسەكەوە دەكێشرێتەوەو بەوەش سوود لەو بڕە نابینیت كە خۆت پێت وایە كڕیوتە.

 

3- مەهێڵە تانكییەكەت لە نیوە زیاتر خاڵی بێت: بە هەڵم بوونی بەنزین جیاوازیی هەیە لە كاتێكدا تەنكییەكەت پڕ بێت یان بەتاڵ، لەوەی یەكەمیان بەهەڵم بوونەكە بەهۆی نەبوونی هەوا هێواشترەو لەوەی دووەمیان بەهۆی بوونی هەواو و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی و گۆڕینی پەستانی هەوای ناو تەنكییەكە، بە هەڵم بوونەكە خێراترە، بۆیە تانكییە گەورەكانی بەنزین سەقفی جووڵاوی بۆ دادەنرێت كە لەگەڵ ئاستی بەنزینەكە بەرزو نزم دەكات و بەوەش ناهێڵێت بەنزینەكە بەر هەوا بكەوێت.

 

4- لە كاتی بینینی تانكەرێك لە بەنزینخانەیەك، بەنزینی لێ‌ مەكڕە: كاتێك تانكەرەكان بەنزین دەكەنە نێو خەزانی بەنزینخانەكانەوە، بەنزینەكە دەشێوێت و ئەو خڵتە و مادانەی لە بنی خەزانەكەدا نیشتوون، تێكەڵ بە بەنزینەكە دەبنەوەو خەزانی وا هەیە ماوەی چەند ساڵە پاك نەكراوەتەوە، بەوەش زیانی گەورە بەر بزوێنەری ئۆتۆمبێلەكەت دەكەوێت، چار ئەوەیە بڕۆیت بۆ بەنزینخانەیەكی دیکە، یان ئەگەر كاتت هەبوو ویستت هەر لەوێ‌ بیكڕیت، لانیكەم نیو سەعات چاوەڕێ‌ بكە.