ئەم خاڵانە پەیڕەو بكەو خۆت لەكارەسات و ڕوداوەكانی هاتوچۆ بپارێزە

25/08/2018 - 10:10 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/ئۆتۆمبێل

 

لێخوڕینی ئۆتۆمبێل كارێكی ئاسان نییە وەك هەندێك لێی تێگەیشتوون، بەڵكو كارێكە پەیوەندی بەژیانی ئەوانی دیكەوە هەیەو ئەگەر بێت ‌و بەشێوازی ڕێك‌و پێك شۆفێریی نەكرێت ئەوا ژیانی چەندین كەس دەخرێتە مەترسییەوە، هەر بۆیە سەركێشیكردن لە شۆفێرییدا هاوكارە بۆ كەوتنەوەی كارەساتی گەورە.

 

لێردا چەند ڕێگایەك دەخەینەڕوو كە شۆفێر دەتوانێت بەم ڕێگایانە سەلامەتی خۆی‌و دەوروبەری بپارێزێت‌و تەمەنێكی درێژی شۆفێری بەبێ كارەسات‌و ڕوداو بەسەر ببرێت، ئەوانەش ئەم رێگایانەن:-


یەكەم: زوو بەڕێكەووتن، بەشێكی زۆری شۆفێران كاتێك تووشی ڕوداوی هاتوچۆ دەبن هۆكارەكەی ئەوەیە درەنگ لەشوێنی خۆیان بەڕێدەكەون‌و كات درەنگ دەبێت بۆگەیشتن، ئەوەش وا دەكات پەلە بكەن لەكاتی شۆفێریداو خێرا لێ بخوڕن.


دووەم: پابەندبوون بەكاتی دوو چركەیی، بنەمایەكی شۆفێریی هەیە كە دەبێت ماوەیەكی زەمەنی لەنێوان خۆت و ئۆتۆمبێلی پێش خۆتدا هەبێت، ئەمەش هاوشێوەی ئەو ماوە دڵنیاییە كە بە مەتر دەپێورێت، واتە ئەگەر لەكاتێكدا تۆ لەكاتژمێرێكدا 80كم خێراییت بوو ئەوا دەبێت نێوانت لەگەڵ ئۆتۆمبێلی پێش خۆت لە 80 مەتر كەمتر نەبێت.


سێ یەم: بەكارهێنانی دیاریكردنی خێرایی، بەشێكی زۆر لەئۆتۆمبێلەكان لەكاتی ئێستادا مواسەفاتی ئەوەیان تێدا هەیە كە بتوانرێت خێرایی دیاری بكرێت‌و ئۆتۆمبێل بەیەك خێرایی دیاریكراو لەشەقامە خێراكانی دەرەوە بڕوات، ئەمەش چەندین سودی هەیە لەوانە گرنتی سەلامەتی، كەم بەكارهێنانی سوتەمەنی.


چوارەم: ئامادەبوون بۆ وەستانی پێشوەخت، پێویستە شۆفێر خۆی ئامادەبكات بۆ وەستانی پێشوەخت بەر لەگەیشتنی بە ڕیزی ئۆتۆمبێلەكان لەناو شار‌و لە ترافیك لایتەكان.
پێنجەم: زیادكردنی خێرای بەشێوەی پلەبەندی، هەوڵبدە لە دەرپەڕاندنی ئۆتۆمبێلەكەت‌و بەزۆر خێرایی هەڵسان پێی دوور بكەوێتەوە.


شەشەم: پشتگوێخستنی مۆبایلەكەت، لەرۆژگاری ئێستادا بەشی هەرە زۆری روداوەكان هۆكارەكانیان بۆ بەكارهێنانی مۆبایل دەگەڕێتەوە لەلایەن شۆفێرانەوە، هەربۆیە لەپێناو شۆفێرییەكی سەلامەت‌و مۆبایلەكەت پشتگوێ بخە.


حەوتەم: ئاگاداربوونی منداڵ، ئەگەرهات‌و شۆفێر منداڵی لە ئۆتۆمبێلەكەی سەرخست، ئەوا پێویستە لەسەر كورسی تایبەت بە منداڵان جێگیری بكات‌و پشتێنی سەلامەتی بۆ ببەستێت.


هەشتەم: ئاگاداربوون لەئاژەڵ، بەشی هەر زۆری رێگاكانی دەرەوەی شار ئەگەری بوونی ئاژەڵیان لێدەكرێت، بەشێكی زۆر لە روداوەكانی هاتوچۆ هۆكارەكەی بۆ خۆپێدا كێشانی ئۆتۆمبێل بە ئاژەڵدا دەگەڕێتەوە، بۆیە دەبێت شۆفێر هەمیشە لەرێگاكانی دەرەوە، ئاگاداری بوونی ئاژەڵ بێت.

 

 

 


سەرچاوە/ بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی

س ب