زانیوتانە ئەگەر ئەمانە بكەن، بەنزین كەمتر سەرف دەكەن

31/08/2018 - 16:24 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/ئۆتۆمبێل

 

 

پەیجی فەرمی هاتووچۆی سلێمانی لەهەژماری خۆیان لە فەیس بووك، ئاماژە بەو خاڵانە دەدات كە لەرێگەدا چۆن ئۆتۆمبێل كەمترین بەنزینی دەوێت بەم شێوەیە ڕایگەیاندووە: 

لەنێو رێگەكانی كەمتركردنەوەی سەرفكردنی بەنزیندا (10) رێنمایی خراوەتەروو، وەك ئەمانەی خوارەوە.

1. شوفێری بەخێرایی لێخوڕین دەبێتە هۆی زیاتر سەرفكردنی سوتەمەنی بۆیە باشترە لەنێوانی (80 – 100) لێ بخوڕیت.

2. نابێ لەكاتی شوفێریدا پەنجەرە بكەیتەوە، چونكە ئەمە دەبێتە هۆی زیادبوونی رێژەی روبەرووبونەوەی هەوا بۆ ناو ئۆتۆمبێلەكەو تواناو ماندوێتی مەكینەكە زیاتر دەبێ و بەمەش سوتەمەنی زیاتر سەرف دەبێت.

3. دەبێ فشاری تایەكان بەجۆرێك دابنێیت كەكۆمپانیای بەرهەمهێن دیاری كردووە، چونكە زیادبوون و كەمی هەوا لەتایەكان دەبێتە هۆی زیاتر سەرفبوونی سووتەمەنی.

4. هەوڵ بدە پەنجەرەكان دابخەیت لەكاتی بەكارهێنانی فێنككەرەوەدا تا زیاتر بەنزین سەرف نەكات.

5. بەپێی رێنماییەكانی هاتوچۆ هەوڵ بدە ئۆتۆمبیلەكەت تاریك بكەیت و لەكاتی پارك كردندا لەبەر سێبەر دایبنێ.

6. باری زۆر لەئۆتۆمبیلەكەدا دەبێتە هۆی زیاتر توانا سەرف كردنی مەكینەكەو بەرزبوونەوەی سەرفكردنی سووتەمەنی.

7. لەكاتی قەرەباڵغیدا ئۆتۆمبیل لێ مەخوڕەو زوو زوو بوەستیت ئەمەش كاتی شوفێری زیاتر دەكات و بەنزین زیاتر سەرف دەبێ.

8. هەوڵ بدە مانگانە چاكسازی و چێكی ئۆتۆمبێلەكە بكەیت و فلتەرو پلاك بگۆڕیت و هەر پشتگوێ خستنێك لەچاككردنی مەكینەكەدا دەبێتە هۆی زیاتر سەرفكردنی بەنزین.

9. كاتێ ئۆتۆمبێل دەكڕیت هەوڵ بدە مەكینەی بچووك بێت تا كەمتر سەرف بكات.

10. هەوڵ بدە بەیانیان كەمتر ئۆتۆمبێل گەرم بكەیت تا سووتەمەنی زۆر نەخوات، تەنیا نیو دەقیقە بەسە بۆ گەرم كردن و دواتر بەهێواشی دەرچۆ.

 

 

ئـ . كـ