بزوێنەری ئۆتۆمبێل چۆن بكوژێندرێتەوە ؟؟

23/09/2018 - 08:50 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/ئۆتۆمبێل

 

 

لەكاتێكدا ئۆتۆمبێل ماوەی چەند كاتژمێرێك بەبەردەوامی بڕوات، هەموو پارچەكانی بزوێنەر گەرم دەبن‌ و خێرایی خولانەوەی پارچەكانی ناو بزوێنەرەكە بەتایبەتی پستۆنەكان زۆر زیاد دەكات، ئەوەش وادەكات بزوێنەر پێویستی زیاتری بە ڕۆن هەبێت، هاوكات پێویستی زیاتری بە ساردكردنەوە هەبێت، ئەوەش لەكاتی ڕۆیشتنی زۆر‌و گەرمبوونی زیاتردا وەك پێویست نابێت، بەڵكو پێویستە لەكاتی وەستانی ئۆتۆمبێلدا ماوەی چەند خولەكێك بزوێنەر ئیش بكات، بۆ ئەوەی وەك باسكرا ڕ‌وونی بزوێنەر بتوانێت بەباشی هەموو پارچەكان چەور بكات، هاوكات ئەو بەشانەی ئەركیان ساردكردنەوەی بزوێنەرە، بتوانن بزوێنەرەكە سارد بكەنەوە، ئەگەر وانەبێت بەهۆی ئەو گەرمیە زۆرەی لەناو بزوێنەردا دەمێنێتەوە، دەبێتە هۆی داخورانی زووتری پارچەكانی ناو بزوێنەر.

لەبەر ئەو هۆیانە ئەندازیاران ‌و شارەزایانی بواری دروستكردنی ئۆتۆمبێل ڕێنمایی دەكەن كەلەكاتی وەستانی ئۆتۆمبێل لەدوای ڕۆیشتنی ماوەی چەند كاتژمێرێك ڕاستەوخۆ بزوێنەر نەكوژێننەوە، بەڵكو لانی كەم دوو خولەك دوای وەستان بزوێنەر بكوژێننەوە.

لەئێستاشدا چەند كۆمپانیایەك هەوڵیانداوە چارەسەر بۆ ئەو كێشەیە بدۆزنەوە، ئەوەش بەوەی پانكەی بەردەم ڕادێتەری ئۆتۆمبێل بەشێوەیەكی ئۆتۆماتیكی، چەند خولەكێك دوای كوژانەوەی بزوێنەر كار بكەن ‌و دواتر بوەستن، بۆ ئەوەی ئەو زیانانەی باسكران بەر ئۆتۆمبێل نەكەوێت.

 

 

ئـ . كـ