بەم 4 خاڵە بزانن بزوێنەری ئۆتۆمبێلەكەتان لاواز بووە

10/10/2018 - 11:42 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/ئۆتۆمبێل

 

 

دوای دامەزراندنی چەندین كۆمپانیای دروستكردنی ئۆتۆمبێل، لەزۆربەی وڵاتانی جیهاندا، شارەزایان ‌و ئەندازیارانی بواری ئۆتۆمبێل، لەگەڵ ئەوەی بەردەوام لەهەوڵدان بۆ پێشخستنی ئەو پیشەسازییە‌و داهێنانی نوێ، هاوكات لەهەوڵدان بۆ دۆزینەوەی كەم ‌و كورتی ‌و كێشەكانی ئۆتۆمبێل.

زۆرجار كە شوفێر هەست بەناتەواوی ئۆتۆمبێلەكەی دەكات گرنگی پێنادات تاكو بەتەواوی ئۆتۆمبێلەكەی لەكار دەكەوێت، كاتێكیش دەیباتە لای فیتەر یان وەرشەكانی چاككردنەوەی ئۆتۆمبێل، دەردەكەوێت بزوێنەری ئۆتۆمبێلەكەی بەرەبەرە لاواز بووە تا بەتەواوی لەكار كەوتووە. لێرەدا باسی نیشانەكانی لاوازبوونی بزوێنەری ئۆتۆمبێل دەكەین، كە بەشێك لەشوفێران پێوەی گیرۆدە دەبن، هەر بۆیە ئەندازیاران ‌و شارەزایانی بواری ئۆتۆمبێل چەند خاڵێكیان دەست نیشان كردووە كە نیشانەن بۆ ئەوەی بزوێنەری ئۆتۆمبێل بەرەو لاواز بوون دەچێت.

هەندێك لەو نیشانە سەرەكیانەی كە دەری دەخەن، بزوێنەر بەرەو لاواز بوون دەچێت بریتین لەمانەی خوارەوە.

1. ڕۆنی ناو بزوێنەر زوو زوو ڕون دەبێتەوە‌و چەوری نامێنێت ‌و توانای چەوركردنی پارچەكانی ناو بزوێنەرەكەی نامێنێت، لەو كاتەشدا سەرجەم پارچەكانی ناو بزوێنەر تووشی داخوران دەبن‌ و لەكار دەكەون.

2. دەرچوونی دووكەڵی زۆر لەئاگزۆزی ئۆتۆمبێلەكەوە، ئەوەش دەرەنجامی ئەوەیە بزوێنەر ئەو بەنزینەی بۆی دێت بەشێوەیەكی دروست نایسوتێنێت، ئەوەش وادەكات كێشی ئۆتۆمبێلەكە كەم ببێتەوە‌و فشاری زۆری بكەوێتە سەر.

3. زۆرجار لەكاتی ئیش پێكردن یان ڕۆیشتنی ئۆتۆمبێلدا هەست بەلەرزینی بزوێنەر دەكرێت، ئەوەش هۆكاری خراپبوونی بەشێكی ناو بزوێنەرە، كە ئەگەر زوو چارەسەر نەكرێت، بێگومان زیان بەپارچەكانی دیكە دەگەیەنێت لەبەر ئەوەی هەر پارچەیەكی ناو ئۆتۆمبێل بەستراوە بەپارچەیەكی دیكەوە‌و كاریگەریان بۆ سەر یەكتری هەیە.

4. هەندێ جار شوفێر هەست بەوە دەكات هەرچۆنێك پێ بەپایدەری بەنزیندا بنێت ئۆتۆمبێلەكەی ناگاتە خێرایی پێویست ئەوەش مانای ئەوەیە بزوێنەر لاواز بووە‌و توانای ئەوەی نیە هێزی تەواو بۆ خولانەوەی تایەكان بنێرێت، بۆیە ناتوانێت بگاتە ئەو توانایە ئۆتۆمبێلەكە بگەیەنێتە خێرایی پێویست.

ئەوانەی باسكران دیارترین نیشانەكانی لاواز بوونی بزوێنەری ئۆتۆمبێلە، هەركاتێك شوفێر هەستی بە هەریەكێك لەو نیشانانە كرد پێوستە بەزووترین كات ئۆتۆمبێلەكەی بگەیەنێتە لای فیتەر یان وەرشەكانی چاككردنەوەی ئۆتۆمبێل، لەبەرئەوەی پێكهاتەی ئۆتۆمبێل وایە سەرجەم پارچەكانی پەیوەندیان بەیەكەوە هەیە‌و لاواز بوونی هەر پارچەیەك كاریگەری خراپ دەكاتە سەر پارچەیەكی دیكە، بەپێچەوانەوە‌و فەرامۆش كردنی، پاش ماوەیەك تێچوونی چاككردنەوەكەی زۆر زیاتر دەبێت ‌و كاتێكی زۆرتریشی پێویستە.


هاتوچۆی سلێمانی

 

 

ئـ . كـ