بزانن مەكینەی ئۆتۆمبێل بۆچی بوخار دەكات ؟؟

سێ شەممە, 04 کانونی یەکەم 2018 05:51

 

 

دیارە ئۆتۆمبێل لەگەڵ زیادبوونی تەمەنی یان زۆر بەكارهێنان یان توند بەكارهێنان، كێشەی جیاوازی تێدا دەردەكەوێت و یەكێك لە كێشە باوەكانیش دروستبوونی هەڵمی رۆنە كە لێرە پێی دەوترێت (بوخار).

هۆكاری دروستبوونی بوخار چییە ؟؟

لەبابەتێكی ماڵپەری خەڵكدا هاتووە، دیار كە رۆنی مەكینە كاری ئەوەیە هێزی لێكخشاندن لە نێوان پارچە جوڵاوەكانی مەكینە كەم بكاتەوە، كاتێكیش مەكینە بەهۆی زۆری تەمەنی یان زۆر بەكارهێنان یان توند بەكارهێنان، پستۆنەكانی لاواز دەبێت و توانای نامێنێت بەسەر تەواو داخستن و كردنەوە، یاخود زوو وەرگرتنی تێكەڵەی بەنزین و هەواو دەركردنی دووكەڵ نامێنێت، بەوەش كەمێك لە دووكەڵەكە لە پستۆنەكانەوە دزە دەكات و تێكەڵ بە كێسی رۆن دەبێت. شكان و درزی پستۆن یان رینگیش هەمان كێشە دروستدەكات.

چۆن بوخار دەناسینەوە:

1. ئەگەر مەكینە گەرم بێت و سەری رۆنی مەكینە بكەیتەوە، هەڵمێكی توندی لێ دێتە دەرەوە كە چاو دەكزێنێتەوەو بە ئاسانی لە رۆژدا دەبینرێت.
2. دوكەڵی ئەكزۆزیش زیاد دەكات و بە ئاسانی لەگەڵ بەنزین پێدانێكی كەم ئەبینرێت.
3. ئەگەر ئاوی رادیتەرەكە تەماشا بكەیت، هەست دەكەیت كەمێك چەورە.
4. لە خێراییە ئاساییەكاندا هەست دەكەیت توانای جارانی نییە، دەنگی مەكینە بەرزە، بەڵام رۆشتنەكەی باش نییە.

چۆن خۆمانی لێ بپارێزین ؟؟
1. باشترین چارەسەر ئەوەیە كە ئۆتۆمبێلەكانمان لە بەكارهێنانی توند بپارێزین، چ خێرایی زۆر یان كێشی زۆر، كەواتە فشارێكی نەخەینە سەر كە لەو مەبەستەی بۆی دروستكراوە زیاتر بێت.
2. رۆنی خراپی تێ نەكەین، یان نەهێڵین رۆنەكەی كۆن ببێت.
3. ئەگەر چاككردنەوەی بەردەوامیش بكەین بۆ ئەو پارچانەی كە كۆن بوون، بەڵام كاری خۆیان دەكەن، ئەوا باشترەو تەمەنی بزوێنەرەكە درێژ دەكاتەوە.

 

 

 

ئـ . ك