ڕێنمای نوێ، بەم ڕێگایانە مەكینەی ئۆتۆمبێلەكەت لەسەرما بپارێزە

یەک شەممە, 09 کانونی یەکەم 2018 08:31

 


زۆربەی خاوەنی ئۆتۆمبێلەكان توشی گرفت دەبنەوە لەدەرئەنجامی كاریگەری بزوێنەری ئۆتۆمبێلەكانیان بەسەرمای كەش وهەوا، هەندێكجار بەشێوەیەكی كاتی بزوێنەرەكانیان تێكدەچێت، ئەوەش كاریگەری دەبێت لەسەر گەیشتن بەشوێنی كارەكانیان.


چەند ڕێگایەك هەیە ئەگەر بیگریتەبەر دەتوانیت خۆت بپارێزیت لەتێكچونی مەكینەی ئۆتۆمبێلەكەت‌و كاریگەربونی بەهۆی سەرماوە:


١/ گەرمبونی مەكینە: لەكاتی سەرماو دابەزینی پلەكانی گەرمادا، بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ مەكینە كاریگەر دەبێت بەوپێیەی لەمادەی كانزایی گوێزەرەوەی گەرمی، ئەمەش دەبێتە هۆی كاریگەری زەیتی مەكینەو چرییەكەی، بەڵام لێرەدا بۆ پاراستنی مەكینەكە لەساردبونی باشترە جۆرە كەڤەرێك بەكاربهێنیت كە دەبەسترێت لەكارەبا بۆ بەگەرمی هێشتنەوەی مەكینەی ئۆتۆمبێل بۆ پاراستنی لەشێداریی‌و سەهۆڵبەندان بەم جۆرە زەیتەكە دەپارێزێت.


2/ گەرمكردنەوەی باتریی: سەرمای زۆر باترییەكە لەكاردەخات، بۆیە باشترە دایپۆشیت ‌و دواتر بیپارێزیت ‌و بەر لەكارپێكردنی ئۆتۆمبێلەكە ڕووپۆشەكە لابدەیت.


3/گەراجی ئۆتۆمبێل: ئەوەش لەجیاتی ئەوەی لەدەرەوە دایبنێیت بیخەیتە گەراجەوە زۆر باشترە بۆ پاراستنی مەكینەو باترییەكەی.


4/ڕۆنی مەكینە: كاریگەری دەبێت بەپلەی گەرما لەدەرئەنجامی كەشوهەوا، ئەوەش چری زیاتر دەبێت‌و بەدیواری مەكینەكەوە دەنوسێت‌و ئەركی خۆی ناكات كە بۆ پاراستنیەتی لەداخورانی پارچەی مەكینەكە، بۆیە باشترە Thinner Oil بەكاربهێنرێت.


5/ تەنكی بەنزین پڕ بكە تا بەهۆی ساردیی‌و دابەزینی پلەی گەرماوە دیواری تانكی سوتەمەنییەكە نەیبەستێت‌و بۆری بەنزین نەیبەستێت.


6/سوتەمەنی: وەك زەیت سوتەمەنییش لەو شلانەیە كە توشی بەستن دەبێت لەپلەی گەرمای نزمدا، بۆیە دەتوانیت هەندێ مادەی تێبكەیت بۆ ڕێگری لەبەستنی.

 

 

سەرچاوە/ هاتوچۆی سلێمانی

س ب