ئەگەر ئۆتۆمبێل ژێر ئاو بكەوێت چ بكرێت باشە ؟؟

25/12/2018 - 08:48 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/ئۆتۆمبێل

 

 

ماوەیەكە شەپۆڵێكی چڕی بارانبارین هەرێمی كوردستانی گرتۆتەوە، بەدەر لەسودەكانی هەندێك جار بەهۆی ڕۆنەچوونی ئاوی باراناو بۆسەر زەوی لافاو دروستببێت ‌و ئەوەش چەند گرفتێك دروستدەكات، پشكی شێری كێشەكانیش زیاتر بەر هاتوچۆ دەكەوێت، چونكە بوونی لافاوو ژێر ئاو كەوتنی ئۆتۆمبێل ئەگەرێكی كراوەیە لەو ڕۆژانەدا، چۆنێتی مامەڵە كردنیش لەگەڵ ئۆتۆمبێلێك كە ئاو دایپۆشیبێت یان ئاو چووبێتە نێو بزوێنەرەكەی، پێویستی بەلێزانین هەیە، سەرەتا پێویستە شوفێر تادەتوانێت خۆی لەو شەقامانە بەدوور بگرێت كە ئاو دایپۆشیون یان لافاویان تێدایە، ئەوەش نەك بۆ دوورخستنەوەی زیان لەئۆتۆمبێلەكەی بەتەنها، بەڵكو دوورخستنەوەی مەترسی لەسەر خۆی كەسانی دیكەش بەهۆی خلیسكان و لەكۆنترۆڵ دەرچوونی ئۆتۆمبێلەكەی. 

كاتێكیش ئۆتۆمبێلەكە بەهەر هۆكارێك بوو ئاو چووە ناوی، یان بزوێنەرەكەی گەیشت بەئاوو كوژایەوە، هەوڵی ئیشپێكردنەوەی بزوێنەرەكەت مەدە، چونكە ئاوی لافاوەكە لەدەكشنی هەواوە دزەی كردۆتە ناو ژووری سووتانی بزوێنەرەكەو بەمەش هەر هەوڵدانێكت بۆ هەڵكردنەوەی ئۆتۆمبێلەكەت، پێدەچێت زیانی گەورە بەبزوێنەرەكەت بگەیەنیت، لەبەر ئەوەی بزوێنەر بەتێكەڵەی هەواو بەنزین كاردەكات، یان لەئۆتۆمبێلی بارهەڵگر بەهەواو گاز كار دەكات، سروشتی پێكهاتەی هەوا وایە كە پەستانی كەوتە سەر ڕاستەوخۆ قەبارەی كەم دەكات، بەڵام پێكهاتەی ئاو قەبارەی كەم ناكات یاخود ناپەستێنرێت.

لێرەدا كاتێك سلف لێدەدەیت لۆدێكی زۆر دەكەوێتە سەر بزوێنەرو بۆی هەیە پستن خوار بكات و هیچ سوودێكی نابێت، چونكە لەجێی هەواو بەنزین، لێرەدا ئاوو بەنزین چۆتە ناو بزوێنەر، بەڵام بزوێنەر ناتوانێت بەتێكەڵەی ئاوو بەنزین كاربكات.

چارەسەر چییە ؟؟

چارەسەری ئەم حاڵەتەش ئەوەیە كە بەبێ هەڵكردنی بزوێنەر بگەیەنرێتە نزیكترین سەنتەری خزمەتگوزاری ئۆتۆمبێل و لەكۆمپیتەر بدرێت، یاخود دەتوانی خۆت وەك ڕێگایەكی سەرەتایی چێكی ئۆتۆمبێلەكەت بكەیت، لەوانە چێكی ڕۆنی بزوێنەرو گێڕ بكە، ئەگەر دڵۆپە ئاوت بەدی كرد لەڕۆنەكەدا دەبێت بەخێرای ڕۆنەكەو فلتەرەكەی بگۆڕیت.
هەروەها فلتەری هەواكەش پێویستە بگۆڕدرێت، دەبێت هەر چوار پلاكەكە بكەیتەوەو دەریبێنی، دواتر چەند چركەیەك سلف لێبدەیت تاكو ئاوەكە بەتەواوی لەشوێنی پلاكەكانەوە دێتە دەرەوە، دواتر پلاكەكان دەخەیتەوە شوێنی خۆی و دەتوانی بزوێنەر هەڵبكەیت، بەڵام هەر پێویستە لەكۆمپیوتەر بدرێت بۆ ئەوەی كێشەی گەورەترت بۆ دروست نەكات.

پۆلیسی هاتوچۆی سلێمانی

 

 

ئـ . كـ