گڵۆپی ئی پی سی داگیرساوەو نازانی مانای چیەو نازانی چیبكەی ؟؟

28/12/2018 - 14:10 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/ئۆتۆمبێل

 

 

مەترسی و دڵەڕاوكێت هەیە لەكاتی داگیرسانی گڵۆپەكانی نێو داشبۆل ؟!

ئایا داگیرسانی گڵۆپی (ئی پی سی) مەترسیە بۆ تۆی شوفێر ؟؟؟
هەموو ئەمانەو زیاتر دەكرێ لە خەیاڵی تۆی شوفێردا بسووڕێتەوە.
واباشە زانیاری تەواوت هەبێت لە سەرتەواوی هێماو گڵۆپ و نوسینەكانی سەر داشبۆردی ئۆتۆمبێلەكەت بۆ ئەوەی لەكاتی داگیرسانی یەكێكیان تووشی دڵەڕاوكێ و سەرسوڕمان نەبیت.
لە خوارەوە باسی مانای (ئی پی سی) و هۆكاری داگیرسان و چارەسەرو چی بكەین لەكاتی داگیرسان و خۆپاراستن لە داگیرسانی دەكەین.
گڵۆپی ئی پی سی مانای چیە ؟؟
دەستەواژەی (ئی پی سی) كورتكراوەی (ئیلیكترۆنیك پاوەر كۆنترۆڵ) ە واتە پێوانەی وورد لەكاتی گڕگرتن و سوتان لەناو بزوێنەردا.
ئەم گڵۆپە دوای ئیشپێكردنی بزوێنەر ڕاستەوخۆ دەكوژێتەوە، هەندێك كات ناكوژێتەوە یاخود لەكاتی سەركەوتن بۆسەر بەرزاییەكان دادەگیرسێت كەئەمەش ئاماژەیە بۆ بوونی كێشە لە بزوێنەری ئۆتۆمبلێلدا.

بۆ چی (ئی پی سی) دادەگیرسێت ؟؟
كاتێك دادەگیرسێت لە داشبۆردی ئۆتۆمبێلەكەتدا پشتگوێی مەخە، چونكە بزوێنەری ئۆتۆمبێلەكەت بە شێوەیەكی تەندروست كارناكات و هێزی تەواوی نابێت، چونكە كێشە لەگەیشتنی بەنزینی پێویستدا هەیە بۆ ناوی ژووری سوتاندن (سەر پستۆنەكان) بەهۆی لێچوونی بەنزین یاخود كێشەیەك لە هێڵی گەیاندنی بەنزین بۆ بزوێنەر.
لە ئۆتۆمبێلە نوێیەكاندا ئامێرێك هەیە بەرپرسە لە پرژاندنی بەنزین بۆ ناو ژووری سوتاندن و ناودەبرێت بە ئامێری پڕژێنەری بەنزین (نۆزڵ) كەئەم ئامێرەش لە دوو بەش پێكدێت كارەبایی و میكانیكی قفڵێكی بچووكە لە ڕێگەی كارەباوە كاردەكات و فلتەرێكی بچووكی تێدایە لەكاتی پیس بوونی فلتەرەكە یاخوود دروست بوونی كێشە لە نۆزڵەكە لە هەركام لەبەشەكانی دە بێتە هۆی داگیرسانی ئەم گڵۆپەو خراپی فیول پەمپ و پیس بوونی فلتەری بەنزین بەهەمان شێوە گڵۆپەكە دادەگیرسێنێت.

ئایا پێویستە ئۆتۆمبێل ڕاستەوخۆ ڕابگیرێت كاتێك (ئی پی سی) دادەگیرسێت ؟؟
وەكو لەسەرەوە باسمان كرد لەوانەیە هۆكارەكەی كێشەیەكی ترسناك بێت وەكو لێچوونی بەنزین لە ژێر ئۆتۆمبێلەكە یاخود لە بزوێنەرەكە كەئەمەش پێویستە یەكسەر ڕابگیرێت و كەسێك ئاگاداربكرێت كەكاری چاككردنەوەی ئۆتۆمبێل دەكات بەمەبەستی ڕاوێژو بەهاناوەچوون.
یاخود لەوانەیە كێشەكە ئاسایی بێت وەكو سوتانی فیوزێك یاخود خراپ بوونی نۆزڵ و فیول پەمپ یان پیس بوونی فلتەری بەنزین لەم كاتەشدا پێویست بە دوودڵ بوون ناكات و ڕاستەوخۆ سەردانی یەكێك لەوەرشەكانی چاكردنەوەی ئۆتۆمبێل بكە بەمەبەستی پشكنین و دیاری كردنی گرفت و چارەسەركردنی گرفتی ئۆتۆمبێلەكەت.

چی بكەین بۆ ئەوەی ئۆتۆمبێلەكەمان لە داگیرسانی (ئی پی سی) بپارێزین ؟؟
لێرەدا ڕیگەی زۆر هەیە بۆ پاراستنی ئۆتۆمبێلەكەمان لە داگیرسانی (ئی پی سی) و تەواوی هێماو گڵۆپەكانی سەر داشبۆردی ئۆتۆمبێلەكەت یەكێك لەوانە تەنها بەكارهێنانی بەنزینی كوالێتی بەرزو دوركەوتنەوە لە بەكارهێنانی بەنزینی دەبەو ئەو بەنزینخانانەی جێگەی متمانەنین.
بیرت نەچێت پشكنینی مانگانە بۆ ئۆتۆمبێلەكەت بكە، چونكە لەكاتانەدا بەزوویی درك بەكەم و كوڕی ئۆتۆمبێلەكەت دەكەیت و چارەسەركردنی ئاسان دەبێت، بەڵام پشتگوێ خستنی دەبێتە هۆی مەترسی لەسەر ژیانی خۆت و ئۆتۆمبێلەكەت.

پۆلیسی هاتوچۆی سلێمانی