هەنگاوەكانی سەركەوتوویی ژیانی هاوسەری

03/07/2016 - 09:02 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/هەمەڕەنگ

 

 

پێكهێنانی پڕۆسەی هاوسەرگیری بەسەرەتایەك بۆ نێو ژیانی هاوبەشەكی ئەژمار دەكرێت، لەبەرچەند هۆكارێك هەموو جارێك سەركەوتوو نابێت، بۆیە دەبێت زۆر بەووردی بەدوای ئەو خاڵانەدا بگەڕێین كە پڕۆسەكە سەركەتوو دەكات.

بەپێی بابەتێكی رۆژنامەی هەولێر، كۆمەڵناسان لەبارەی ژیانێكی سەركەوتوانەی هاوبەش كۆمەڵێك تایبەتمەندی و نیشانەو پێوەریان خستۆتە ڕوو و دەڵێن، ژن و مێردی تەبا و سەركەوتوو دەبێت ئەم چەند خاڵەی تێدا بێت:

1. رۆژ بە رۆژ رێزو خۆشەویستییەكەی نێوانیان خەستتر دەبێتەوە.
2. گەشبینانە دەڕواننە ئایندەی ژیانیان و هەڵەكانی رابردوویان دەكەنە وانەی لێفێربوون.
3. چاڵاكی هاوبەشیان هەیەو رێز لە روانگەی یەكتر دەگرن.
4. چێژ لە پێكەوەبوون وەردەگرن و حەز دەكەن قەت لێك دانەبڕێن.
5. رێز لە كاتەكانی ژیان دەگرن.
6. زۆر هۆگری یەكدین.
7. لە ناخەوە شانازی بە سەركەوتنی یەكترەوە دەكەن و پیرۆزبایی لە یەكتر دەكەن و لە نێو خەڵكیشدا بە بایەخەوە باسی سەركەوتنەكانی یەكتر دەكەن.
8. تەگبیرو ڕایان بە یەكترەو پێكەوەش بڕیار دەدەن.
9. هیوادارن بە گەیشتن بە ئامانجەكانیان و بەرنامەی بۆ دادەڕێژن و پشتی یەكتر دەگرن بۆ سەركەوتن.
10. بەرپرسیارەتی بڕیارو هەڵسوكەوتەكانی خۆیان دەگرنە ئەستۆ.
11. ئەگەر پێیان وایە بە خوێندن دەگەنە ئامانجەكانیان، دانبەخۆیاندا دەگرن و دەبنە پاڵپشتی یەكتر.
12. قەناعەتیان بەوەندەیە هەیە كە هەیانەو، دەزانن قەناعەت گەورەترین سامانە.
13. خاڵە لاوازەكانی خۆیان باش دەناسن و هەوڵ دەدەن بەهێزیان بكەن و پاساو بۆ هەڵەی خۆیان ناهێننەوە.
14. بە دڵێكی فرەوانەوە رەخنەی یەكتر قەبووڵ دەكەن، بەڵام هەمیشە دەسنیشانكردنی خاڵە بەهێزەكانی یەكتر دەخەنە پێشەوە.
15. هەوڵ دەدەن هەرگیز تانەو تەشەر لە یەكتر نەدەن و لە نێو خەڵكدا یەكتر نەشكێننەوە.
16. زۆر بەسەر یەكتردا نابۆڵێنن.
17. كە پێكەوە قسە دەكەن و گوێ لە یەكتر دەگرن، چێژ وەردەگرن، تەنانەت ئەگەر هاوڕاش نەبن.
18. خۆشەویستییەكەیان بەپەلەو شێتانە نییە، ئاخر (60%) ی تەڵاق و جیابوونەوە خێراكان هی ئەوەیە كچ و كوڕەكە بەر لە زەماوەند شێتانە یەكتریان خۆش ویستووەو قەت نەیانتوانیوە راستییەكانی ژیان بەیەكتر بڵێن.
19. لە كاتی كێشەو گرفتەكاندا لەسەرخۆن و دان بەخۆیاندا دەگرن.
20. لەسەر بنەمای خاڵە هاوبەشەكان ژیانیان پێكهێناوە نەك لە داخ و رقی یەكێكی دیكە، یان لەبەر بەزەییپێداهاتنەوە.
21. رێز لە بنەماڵەی یەكتر دەگرن، ئەگەر لە زۆر شتیشدا لێك جیاواز بن.
22. ئەگەر یەكێكیان لە هەڵسوكەوتی ئەویتریان قایل و رازی نەبوو، بەرامبەرەكە بەخۆیدا دەچێتەوەو لە خۆشەویستی هاوسەرەكەی هەڵسوكەوتی خۆی دەگۆڕێ.
23. هەڵەكانی رابردوویان زۆر بەچاوی یەكتردا نادەنەوە.
24. ئەگەر هەڵەیەكیان كرد، زۆر بە ئاسانی داوای لێبوردن لە یەكتر دەكەن.

 

ئـ . كـ