مانگی تایتان ئامانجی داهاتووی ناسایە دوای هەسارەی مەریخ

10/07/2019 - 13:25 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/هەمەڕەنگ

 

 

مانگی تایتان كە مانگێكی هەسارەی زوحەلەو سەرنجڕاكێشترین تەنی نێو كۆمەڵەی خۆرە دوای گۆی زەوی و مەریخ دەبێتە ئامانجی داهاتووی ناسا بۆ گەڕان بەدوای ژیان لەنێو كۆمەڵەی خۆر.

لە ساڵی (2026) ئاژانسی ناسا كەشتی (دڕاگۆن فڵای) هەڵدەدات بەرەوە مانگی تایتان و ئەو كەشتیە لەساڵی (2034) دەگاتە سەر ڕووی تایتان، زوحەل و مانگی تایتان (3125) ئەوەندەی مانگی ئێمە دوورە بۆیە گەشتەكە ئەوەندە دەخایەنێت، (دڕاگۆن فڵای) بۆ ماوەی دوو ساڵ و هەشت مانگ كاردەكات لەسەر ڕووەكەیی و لەو ماوەیەدا لە پتر لە (10 – 12) شوێنی سەر ڕووی مانگی تایتان دەنیشێتەوەو پشكنین دەكات، كەشتی (دڕاگۆن فڵای) لەو ماوەیەدا وەكو فڕۆكەیەكی بچووك لە شوێنێكی تایتان بۆ شوێنێكی تری دەفڕێت بەسوود وەرگرتن لە بەرگە هەوایە چڕەكەی كە پتر لە چوار ئەوەندەی چڕی بەرگە هەوای گۆی زەویە.

مانگی تایتان تیرەكەی (5148) كیلۆمەترە واتە لە مانگی گۆی زەوی گەورەترە، بارستاییەكەشی (1.82) بارستایی مانگی گۆی زەویە، لەبەر گەورەیی بە بەراورد بە مانگەكانی تری نێو كۆمەڵەی خۆر هەندێك جار بە مانگە هەسارە ناودەبرێت planet-like.moon ، ڕووەكەی بەردینیە، هەروەها ئاوو هایدرۆكاربۆنەكان بەشێوەی بەستوو هەن لەسەر ڕووەكەی، تاكە مانگی نێو كۆمەڵەی خۆریشە كە بەرگە هەوای هەبێت، نزمترین پلەی گەرماش لەسەر تایتان دەگاتە (179) لەژێر سفر، لەبەر لەبەربوونی بەرگە هەوا كە گازی سەرەكی تێیدا نایترۆجینەو لەیەكچوونی ڕووەكەی لە هەسارەی مەریخ و تاڕادەیەك گۆی زەوی بۆیە بۆچوونەكان و بیركردنەوەكان بەو ئاڕاستەیە كە دەشێت لە داهاتووێكی دووردا بكرێت بە شوێنێكی گونجاو بۆ دروستكردنی كۆمەڵگەی نوێ بۆ مرۆڤایەتی، هەروەها لێكۆڵینەوەكان بۆ ئەوەشە بزانرێت ئایا تۆوی ژیان یان ژیانی سەرەتایی بوونی هەیە یان هەبووە پێشتر لەسەر ڕووی (تایتان یڵن) چینەكانی ژێرەوەی تایتان.

لوقمان حەوێز – تێكساس