ڕێوییەك لە نەرویجەوە گەیشتە كەنەدا

12/07/2019 - 13:56 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/هەمەڕەنگ

 

رێوییەكی جەمسەری باكوور بە بڕینی زیاتر لە (3500) كیلۆمەتر لە نەرویجەوە تا باكووری كەنەدا لە ماوەی تەنیا (76) رۆژدا زانایانی تووشی سەرسوڕمان كرد.

توێژەرانی ناوەندی جەمسەری نەرویج كە رێوییەكەیان لەڕێگەی ئامێرێكی چاودێری مانگی دەستكردەوە چاودێری دەكرد، دەڵێن، ئەو رێگەی كە ئەو لە شوێنی لە دایكبوونییەوە تاكو نیشتمانی نوێی بڕیویەتی، یەكێكە لە درێژترین رێگاكانی كۆچ كە تائێستا لە نێوان ئەمجۆرە ئاژەڵەدا هەبووە.

بەگوێرەی داتاكان ئەم رێوییە رۆژی (26) ی ئاداری 2018 دوورگەی سپیتس بێرگنی لە باكووری نەرویج بەجێهێشتووەو بە تێپەڕین بەسەر سەهۆڵبەندانی سەر زەریای بەستووی باكوور دوای دوو مانگ و نیو گەیشتۆتە كەنەدا.

(ئێڤا فۆگلی) توێژەری ئەم دامەزراوەیە دەڵێت، تیمی توێژەران ناتوانن باوەڕ بەوە بكەن كە بەچاوەكانی خۆیان دیویانە.

ئەنجامەكانی چاودێریكردنی ئەم رێوییە لە بڵاوكراوەی (توێژینەوەی جەمسەر) بڵاوكراوەتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەكان ئەم رێوییە بەشێوەی تێكڕا رۆژی (46.3) كیلۆمەتر رێگای بڕیوە، لەوەش سەیرتر ئەوەیە كە تەنیا لە یەك رۆژدا (155) كیلۆمەتری بڕیوە، ئەمەش ژمارەیەكی پێوانەییە، بەمەش ریكۆردی درێژترین رێگە لەلایەن ئەمجۆرە ئاژەڵەوە تۆماركراوە.