ئاوو ژیان لەسەر هەسارەی مەریخ دەدۆزرێتەوە !!

19/07/2019 - 15:43 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/هەمەڕەنگ

 

 

ئەمە وێنەی سەر ڕووی شوێنێكی گۆی زەوی نیە، بەڵكو چاڵێك یان چەمێكی گەورەیە لەسەر ڕووی هەسارەی مەریخ كە بە Gale.Crater ناسراوە، وێنەكە بەم دواییە لەلایەن گالیسكەی گەڕۆكی Curiosity چركێنراوە كە لەوەتەی مانگی ئابی ساڵی 2012 تاوەكو ئێستا گەڕان و پشكنین دەكات لەسەر ڕووی هەسارەكە.

لە ئێستادا بەڵگەی تەواومان هەیە كە تاوەكو پێش پتر لە دوو ملیار ساڵ ئاوی شل و ڕۆیشتوو هەبووە لەسەر ڕووی هەسارەی مەریخ، ئەم شوێنەی لە وێنەكە دەیبینن ژێرەوەی دەریایەك بووە، ئەو تاشە بەردانەی كە دەیبینن لەو جۆرە بەردەیە كە تەنیا لەناو ئاودا دروست دەبێت بە تێپەڕبوونی كات لە لـمی نیشتوو.

هەروەها بوونی ئاوی شل و ڕۆیشتوو پێشتر لەسەر هەسارەكە ئەوەشمان پێدەڵێت، كە پلەكانی گەرما لەو كاتەدا زۆر بەرزتر بووە وەك ئەوەی هەیە لە ئێستادا، لەڕێگەی ئەو زانیاریانەی كۆمانكردۆتەوە لەسەر ڕووی زەوی دەزانین كە بوونی ئاو هەروەها پلەی گەرمی مامناوەند ئەگەری دروستبوونی ژیان زۆر زیاتر دەكات، لە ساڵی 2020 ئاژانسی ناسا گالیسكەیەك بەتایبەتی بۆ ئەوە دەنێرێت كە پشكنین بكات لە ئەگەری هەبوونی ژیانی یەكخانەیی یان سەرەتایی لە ئێستادا لە چینەكانی ژێرەوەی ڕووی مەریخ، یاخود ئەگەر پێشتر ژیان سەری هەڵدابێت و دوایی لەناوچووبێت.

بۆچی زۆر زۆر گرنگە بزانین ؟؟

زۆر زۆر گرنگ دەبێت بۆ ئێمە ئەگەر بۆمان دەربكەوێت ژیان بەشێوەی سەرەتایی هەیە یان پێشتر دروستبووەو دوایی لەناوچووە لەسەر ڕووی هەسارەی مەریخ، ئەویش لەبەر دوو هۆكار: یەكەم دڵنیا دەبین كە ژیان و دروستبوونی ژیان تەنیا تایبەت نیە بە گۆی زەوی و دەشێت لەهەر كونجێكی ئەم گەردوونە سەرهەڵبدات ئەگەر پێداویستیەكان و بارودۆخەكان بەرجەستە بن، دووەم ئەم دۆزینەوەیە ئەگەر ئەنجامبدرێت پێگەو گرنگی هەسارەی مەریخ زیاتر دەكات بۆ ئەوەی لە داهاتوو هەوڵی زیاتر بدرێت بكرێت بە ماڵی دووەم بۆ مرۆڤایەتی.

لوقمان حەوێز – تێكساس