ئەرمادێلۆ ئەو گیاندارەی هەڕەشەی لەناوچوونی لەسەرە

24/08/2019 - 09:34 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/هەمەڕەنگ

 

 

ئەرمادێلۆ، ئەو گیاندارە سەرنج ڕاكێشەی لە تێكساس هەیەو ئێستا ئەویش هەڕەشەی لەناوچوونی لەسەرە.

ئەرمادێلۆ گیاندارێكە لە جۆری شیردەرە زرێپۆشدارەكان، تێكڕای درێژیەكەی بە كلكەكەیەوە نزیكەی (75) سەنتیمەترە، ژینگەو شوێنی بنەڕەتی و سەرهەڵدانی كیشوەری باشووری ئەمریكایە، بەڵام لە ئێستادا لە ویلایەتەكانی باشووری ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەتایبەتی تێكساس، هەروەها لە هەندێك لە ناوچەكانی ووڵاتی مەكسیك ماوەو دەبینرێت، بەپێی مێژووی بەبەردبووە دۆزراوەكان (9) جۆر لەم گیاندارە لەناوچووەو لە ئێستادا (21) جۆری لێ ماوە، ئەو جۆرانەی ماون زۆربەیان هەڕەشەی لەناوچوونیان لەسەرە لەبەر بەرتەسك بوونەوەی شوێنی ژیانی ئەوان بەهۆی چاڵاكیەكانی مرۆڤ و زۆربوونی دانیشتوان.

لە تێكساس ژمارەیان بەرەو كەمبوونەوەیەكی خێرا دەڕوات، لەبەر ئەوەی زۆربەی پانتاییەكان و شوێنی ژیان و زۆربوونیان كراوەتە كێڵگەی كشتوكاڵی یان بەخێوكردنی ئاژەڵە خۆماڵیەكان، ئەو ژمارە كەمەی كە لە نزیك یان دەوروبەری شارەكانیش ماوە گەلێك جار دەكەونە بەر تایەی ئۆتۆمبێلەكان و بەو هۆیەوە لەناودەچن.

ئەرمادێلۆ بەزۆری بەهۆی نینۆكە درێژو تیژەكانی زەوی هەڵدەكەنێ و بەدوای مێرووەكاندا دەگەڕێت كە خواردنی سەرەكی ئەوە، لەكاتی تەنگانەو مەترسیشدا توانای ئەوەی هەیە خۆی وەكو تۆپێك خڕ بكات و لەڕێگەی زرێپۆشە ڕەقەكەی خۆی بپارێزێت.

(لوقمان حەوێز – تێكساس)