وەرگێڕی قورئان بۆ زمانی فەرەنسی كۆچی دوایی كرد

27/08/2019 - 09:25 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/هەمەڕەنگ

 

 

پڕۆفسۆر (كریستیەن بونو) لێكۆڵەری فەرەنسی، وەرگێڕ، نووسەرو مامۆستای فەلسەفەو عیرفانی ئیسلامی كۆچی دوایی كرد.

(كریستیەن بونو) بیرمەندی فەرەنسی لەسەردانێكیدا بۆ (ساحیلی عاج) بەهۆی ڕووداوێكەوە كۆچی دوایی كرد.

بونو دوای موسڵمان بوونی ناوی خۆی بۆ (یەحیا بونو) گۆڕی، ئەو لە ساڵی (1957) لە شاری فرایبۆرگی ئەڵمانیا لە بنەماڵەیەكی مەسیحی و كاتۆلیك لە دایك بوو.

ناوبراو بە هۆی ئیشی باوكییەوە تاكو تەمەنی (10) ساڵان لە ئەڵمانیاو لە جەزائیر ژیانی بەسەربردووەو پاش ئەوە چۆتە ستراسبۆرگی فەرەنسا، بە وتەی خۆی حەزی لە ئاشنایی لەگەڵ ئایینە ڕۆژهەڵاتییەكان لە مێشك و دڵیدا هەبوو هەر بۆیە ڕووی كردۆتە خوێندنەوەی شوێنەوارەكان ئایینەكان لەو بوارەو گەشتی زۆریشی بۆ ئیسپانیا، مەراكیش، ئیتاڵیا، بەلجیكا، هۆڵەندا، ئەڵمانیاو ... ژمارەیەك وڵاتی تر ئەنجامدا.

ناوبراو لەگەڵ بەرهەمەكانی (ڕنە گنون) فەیلەسوفی موسڵمانی فەرەنسی ئاشنا بووەو لەژێر كاریگەری بەرهەمەكانی ناوبراو لە ساڵی (1979) ئایینی ئیسلامی قەبوڵ كردو بووە موسڵمان. 

بونو لە ساڵی (1987) بڕوانامەی پڕۆفسۆری ئۆرژەی وەرگرت و لە ساڵی (1995) نامەی دكتۆرای لە زانكۆی سوربۆن پێشكەش كرد.

پاشان ناوبراو رووی كردە شرۆڤە كردن و وەرگێڕانی قورئانی پیرۆز بۆ زمانی فەرەنسی، لە ساڵی (2000) وەرگێڕانی قورئانی بەزمانی فەرەنسی تەواو كردو بڵاویكردەوە.