پێش دەستپێكردنەوەی خوێندن دایكان و باوكان ئەمانە بكەن

27/08/2019 - 09:47 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/هەمەڕەنگ

 

 

لە ماوەی چەند هەفتەیەكی كەمدا وەرزی هاوین كۆتایی دێت و دەرگای قوتابخانەكان دەكرێتەوە، بۆیە زۆر گرنگە پێش دەستپێكی ساڵی خوێندن و سەرەتای وەرزی پایز؛ دایكان و باوكان هەوڵ بدەن كاتی نووستن و ژەمی خواردنی منداڵەكانیان ڕێك بكەنەوە لە ئێستاوە. 

ئەگەر ئێستا منداڵ دوای سەعات نۆی بەیانی یان درەنگتر خەبەر بكەیتەوە؛ ئەوا كاتی خوێندن زۆر زەحمەتە پێش چوونی بۆ قوتابخانە بتوانێت ژەمی بەیانی بخوات؛ بە برسیەتی و خەواڵویەتی دەڕوات بۆ قوتابخانە.

ئەم ڕێنمیایە بۆ هەموو منداڵێك و مرۆڤێكی پێگەیشتوو ڕاستە، لای هەمووان زانراوە لە پایزدا ڕۆژ كورت دەبێتەوەو پێویستە كاتی ژەمەكان پێش بخرێت. 

منداڵ پێویستە بەیانی پێش سەعات هەشت و نیو نان بخوات؛ ڕۆژانە وەرزش بكات بۆ نیو سەعات یان زیاتر؛ هەموو شەوێك پێش سەعات (9:00) نووستبێت، ڕۆژی سێ جار میوە بخوات لە نێوان ژەمەكان؛ ڕۆژانە نیو سەعات بچیتە بەر هەتاو لە نێوان سەعات نۆ بۆ دەی بۆ سێی عەسر.

(د. كامەران رەسوڵ ژاژڵەیی – پسپۆڕی زانستی خۆراك و نەشتەرگەری گشتی)