سێڵفی مەترسیدارترە لە ماسی قڕش !!

29/08/2019 - 10:56 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/هەمەڕەنگ

 

 

بەپێی توێژینەوەیەك مردن بە هۆی سێڵفی گرتنەوە زۆر زیاترە لە مردن بە هۆی پەلاماری قرشەوە.

گەشتكردن بێ وێنەیەكی سێڵفی بۆ ئەنیستاگرام و فەیسبووك بۆتە شتێكی ئەستەم بەتایبەت بەلای گەنجانەوە، ئەمەش وایكردووە زۆر لەو گەنجانە سەركێشی بكەن بۆ گرتنی وێنەیەكی سێڵفی، ئەمەش تا ئێستا بۆتە هۆی گیانلەدەستدانی زۆر لەو گەنجانە لە سەرتاسەری جیهاندا. 

هەروەها گەڕانی گەشتیاران بۆ كەسێك تا وێنەیان بگرێت لەگەڵ شوێنەوار یان پەیكەرێك یان شوێنێكی بەناوبانگ بۆتە شتێك لە ڕابردوو، چونكە چەندین ساڵە باوی سێڵفییەو هەموو شتێكی باویش لایەنێكی شاردراوەو تاریكی هەیە، چونكە ئامارەكان ئاشكرایانكردووە، ژمارەی قوربانیانی (سێڵفی) لەم چەند ساڵەی دواییدا چەندین هێندەی ژمارەی ئەو كەسانەیە كە بەهۆی هێرشی قرشەكانەوە گیانلەدەستدەدەن.

بەپێی زانیاری و ئامارەكانی گۆڤاری (Journal of Family Medicine and Primary Care) هیندی لەنێوان یەكی تشرینی یەكەمی (2011) و تشرینی دووەمی (2017) دا نزیكەی (259) كەس بەهۆی سێلفی گرتنەوە لەسەرتاسەری جیهان گیانیان لەدەستداوە، لە كاتێكدا قوربانیانی هێرشەكانی قرش لەو ماوەیەدا تەنها (50) كەس بوون.

هەر ئەو گۆڤارە لەئامارەكەیدا ئاماژەی بەوە داوە، لەگەڵ ئەوەی ژنان زۆرتر حەز بە سێڵفی گرتن دەكەن، كەچی سێ لەسەر چواری قوربانییەكان پیاون و هیندیش بۆخۆی لەو چوارچێوەیدا پلەی یەكەمی هەیەو زۆربەی قوربانییەكان لەو وڵاتەن، بە شێوەیەك بە تەنها لە هیند لەو ماوەیەدا (159) پیاو گیانیان لەدەستداوە، ئەویش یان لە كاتی سێڵفی گرتندا كەوتوونەتە ئاوەوەو خنكاون یان لەتەلارە بەرزەكانەوە كەوتوونەتە خوارەوە‌و مردوون، ئەمەش بۆخۆی دەكاتە نیوەی ژمارەی قوربانیانی سێڵفی لە جیهاندا.

هەروەها ئامارەكە ئەوەی خستۆتەڕوو كە زۆربەی قوربانیان لە هیندستان گەنجن، چونكە ئەوان زۆر حەز بە سەركێشی و كێبڕكێ دەكەن بۆ گرتنی دیمەن و گرتەی سەرنجڕاكێش لەكاتی سێڵفی گرتندا، ئەمەش وای لە دەسەڵاتدارانی هیند كردووە كە سێڵفی گرتن لە هەندێك شوێن قەدەغە بكەن.

دوای هیند، ڕووسیا بە پلەی دووەم دێت لە ڕووی ژمارەی قوربانیانی سێڵفییەوەو لە ماوەی (2011 بۆ 2017) لەو وڵاتە (16) كەس لەكاتی سێڵفی گرتندا گیانیان لەدەستداوە.

گۆڤارەكە دەڵێت: سێڵفی گرتن وای لێهاتووە كەسێك لە كاتی سێڵفی گرتن لەگەڵ مینێكدا گیانی لەدەستداوەو ئەمەش وای لە دەسەڵاتدارانی هەندێك ناوچەی ڕووسیا كردووە كە بەر لە چوار ساڵ ڕاپۆرتێك بە ناونیشانی (سێڵفییەكی بێ مەترسی) بڵاوبكەنەوە بۆ عاشقانی سێڵفی و تێیدا چەند ڕێنماییەكی تایبەت بۆ چۆنیەتی سێڵفی گرتن بخەنەڕوو.

لەویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاش لەو ماوەیدا نزیكەی (14) كەس گیانیان لەدەستداوە كە زۆربەی قوربانیەكان بەهۆی سێڵفی گرتن لەگەڵ چەك و تەقەمەنی گیانیان لەدەستداوە.

ئەم مەترسییانە بە جۆرێك زۆر بوون كە وای لە دەسەڵاتدارانی ئۆكرانیا كردووە لەڕێگەی (تویتەر) ەوە گەشتیاران لە مەترسی سەركێشیكردن و گەمەژەیی نواندن ئاگادار بكاتەوە لە كاتی سێڵفی گرتندا.

لە ئەوروپاش چەندین ڕووداو تۆماركراون كە زۆربەی قوربانیەكانی گەنجانی سەركێش بوون كە وەك دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتانە ئاماژەیان پێداوە تووشی پەتای سێڵفی بوون و كێبەركێیان كردووە بۆ گرتنی دیمەنی تایبەت و بڵاوكردنەوەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان.