جەنگ نامەی نادرشا كرایە هەورامی

چوار شەممە, 09 ئاب 2017 11:39

 

 

دیوانی جەنگ (نامەی نادرشا) كە لەلایەن (ئەڵماس خانی كەنووڵەیی) یەوە نووسراوە بە هەورامی بڵاوكرایەوە.

ئەم كتێبە لە سەردەمی (نادرشای ئەفشاری) و لەلایەن (ئەڵماس خان) ەوە كە خەڵكی كرماشان بووە بە شێوەزاری هەورامی – گۆران نووسراوە.

دیوانی جەنگ نامەی نادرشا لەلایەن دەزگای پەخش و چاپی ئێران (قەقنەس) و لە (564) لاپەڕەدا چاپ و ڕەوانەی بازاڕەكانی ئێران كراوە.

ئەم دیوانە شیعرییە لەلایەن (مەزهەر ئەدوایی) بە زمانی فارسی شرۆڤەو پەراوێز نووسی بۆ كراوە، ئەم نووسەرە لە ماوەی پێنج ساڵدا توانیویەتی (10) جۆر دەستنووس لە جەنگ نامەی نادرشا كۆ بكاتەوەو پاش بەراورد كردن و پەراوێز نووسین بە زمانی فارسی لەگەڵ دەقە هەورامییەكەیدا چاپی بكات.

(ئەڵماس‌ خان كەنووڵەیی) شاعیرو فەرماندەی سوپای (نادر شای ئەفشار) لەم بەرهەمە مەنزوومە حەماسییەدا كە بە شێوەزاری هەورامی هۆنراوەتەوە، بارودۆخی سەردەمی نادرشاو بە تایبەت شەڕەكانی نادر لەگەڵ عوسمانییەكان، هیندییەكان، ئوزبەكەكانی بە هۆنراوە نووسیوەتەوە، كە (ئەڵماس‌ خان) خۆی وەك فەرماندەیەك لە زۆربەیاندا بەشدار بووە، بە وردبینی و حەماسەتەوە دەیگێڕێتەوە، بە ڕوونیش زانیارییەكی زۆری ئەو سەردەمە دەخاتە بەر دەستی خوێنەران و لێكۆڵەران.

بەرهەمەكە بەگشتی لە (3513) بەیت پێكهاتووە كە لەڕووی (9) كۆپی خەتی، كە بریتین لە (5) كۆپی كتێبخانەكانی ئێران و (4) كۆپی كتێبخانەی بەرلین وەرگیراوەو كاری ڕاستكردنەوەو پێداچوونەوەی بۆ كراوە.

لە بەرهەمەكانی دیكەی (ئەڵماس‌ خان) كەنووڵەیی (1777 – 1706) بریتین لە (حەوت لەشكر)، (خۆرو خەرامان) و (شیرین و فەرهاد) كە هەموویان بە شێوەزارەكانی هەورامی – گۆران هۆنراونەتەوە، بەڵام گرنگترین بەرهەمی (ئەڵماس خان) (شانامەی كوردی) یە كە كۆمەڵێك لە حیكایەت و چیرۆكە حەماسییەكانی كۆمەڵگەی كوردەواری و كلتوری نەتەوەی كورد لە خۆ دەگرێت.

 

 

ئـ . كـ