باران بارین و گەشەی دەغڵوداندا ... هێشتا پەڵەی نەداوە

دوو شەممە, 13 تشرینی دووەم 2017 06:44

 

 

دانەوێڵەو دەغڵودان بە تاكە سەرچاوەیەكی هەرە گرنگ و بەرچاوی خۆراكی مرۆڤ ئەژمار دەكرێ، بۆیە جوتیارە خۆشەویستەكان بە بەردەوامی لە خەمی ئەوەدان هەموو ساڵێك زۆرترین و باشترین بەرهەمی دانەویڵەی گەنم و جۆ بۆ هەموو لایەك بەرهەم بێنن ئەویش بە پشت بەستن بەو بارانەی كە لەلایەن پەروەردگاری مەزنەوە لەسەرەتای وەرزی پایزدا وەك بەخششێك دەبارێ.

هەموو ساڵێكیش كە جوتیارەكان دەغڵودان دەچێنن ئەوا بۆ شین بوون و هاتنەبەری بەرهەمەكەی هەمیشە لە چاوەڕوانی بارانن، چونكە بەڕاستی باران هەوێنی ڕاستەقینەی دەغڵودانە، بۆیە دەبینین ساڵی بێ بارانی یان كەم بارانی جۆرە خەم و ناخۆشیەك لای هەموومان پەیدا دەكەن، جا لە پاڵ ئەوەشدا هەموو لایەمان وشەی (پەڵە) یان (پەرە) دووبارەو چەند بارە دەكەینەوەو دەڵێن هێشتا باران پەڵەی نەداوە بە واتای ئەوەی زەویەكە بەهۆی باران بارینەوە تێر ئاو نەبووە، بۆیە لێرەوە دەمانەوێ بزانین شارەزایانی ئەو بوارە چۆن باس لە بارانی پەڵە دەكەن و چ پەیامێكیان هەیە، لەبەراییدا مام (هەژاری موكریانی) لە كتێبی بەناوبانگەكەی (هەمبانە بۆرینە) دا بە تاكە دێرێكی كورت هێمای بۆ دەكات و دەڵێ: پەڵە واتە بارانی تێری دەغڵ، هەرچی (شێخ موحەمەدی خاڵ) یشە لە جزمی یەكەمی فەرهەنگی خاڵ كە لە ساڵی (1960) چاپ و بڵاوكراوەتەوە دەڵێ: پەڵە بارانێكی تێكراییە لە ناوەڕاستی پایزدا دەغڵودان و گیای پێ ئەڕوێ و جووتی پێ دەكرێ، پەڵە بارانێكە لەكاتی پێویستی پایزو بەهاراندا بۆ كشتوكاڵ و شیناوەردیان ببارێ و تێراویان بكات (موحەمەد ئەمین حوسێن) لە لاپەڕە (142) ی كتێبی (سەلیقەی كوردەواری) دەڵێ: جۆرەكانی پەڵە بریتیە لە پەڵەی یەعقوباغایی و پەڵەی گاسن و پەڵەی قەبری، پەڵە سەرەتای باران بارین دەبێ چەردەیەكی ئەوتۆ ببارێ گاسن قووڕاوی بێت، دیسانەوە هەر (موحەمەد ئەمین حوسێن) لە هەمان كتێبی (سەلیقەی كوردەواری) و لەلاپەڕە (56) دا سەبارەت بەو مەسەلەیە دەڵێ: پەڵەی پایزان زۆر تەواوو بەسوودە زەوی هەڵیدەمژێ بارانی زستانێ دەڕواو زەوی سوودی لێوەرناگرێ، لە نێوان مانگی خاكە لێوو گەڵاڕێزاندا پەڵە دەدات، (عەزیزی مەلای ڕەش) لە بەرگی یەكەمی كتێبی (خورجەیەك لە فۆلكلۆری دەشتی هەولێر) لە لاپەڕە (50) دا بەو شێوەیە باسی پەڵە دەكات و دەڵێ: پەڵە بە بارانێكی تێكڕا دەڵێن كە زەوی وەك ڕەباس لێ بكات پەسندترین كاتی پەڵە مانگێك پایز بمێنێت، باشترین پەڵەش پەڵەی یەعقوباغایە ئەوەش بەو جۆرەیە: وڵاغ لە دوای باران بارین لەناو كێڵگە بڕوات یەكسەر جێی سمەكانی پڕ ئاو بێت یا گۆزەیەك لەبەر باران بێت تا پڕ ئاو دەبێت، ئێمە كە ئەو چەند نموونە دەخەینە بەرچاو مانای ئەوە نیە كەسی دیكە لەو مەسەلە گرنگە نەدواوە، بەڵكو زۆر سەرچاوەی گرنگی دیكە بایەخ و گرنگی بارانی پەڵەیان بۆ پێگەیاندنی دانەوێڵەو دەغڵودان خستۆتەڕوو، ئەوەتا مام (مەحمود دیبەگەیی) كە ژیانی خۆیان و خانەوادەكەیان لە جوتیاریدا بەسەر بردووە دەڵێ: كوردەواری خۆمان زۆر جار دەڵێن (یەك لە ئادارێ دوو لە نیسانێ ... دەینی موڵكی خۆراسانێ) واتە ئەگەر لە ناو مانگی ئادار بارانێك ببارێ و لە مانگی نیسانیش دوو باران ببارێت ئەوا زۆر باشەو سوودێكی باش بە دەغڵودان دەگەیەنێت، بۆیە بە موڵكی خۆراسان پێوانەو بەراود كراوە.

موحەمەد سەعید كوردە – هەولێر

 

 

ئـ . كـ