رووناكی كەمتر واتە بینینی باشتر شەو

سێ شەممە, 05 کانونی یەکەم 2017 05:41

 

 

لەگەڵ خۆرئاوابووندا رووناكییە دەستكردەكان لە ناوچە جیاجیاكان ‌و بە تایبەتی لە شوێنە ئاوەدان ‌و پێشكەوتووەكاندا دەبینرێت ‌و تا دێت درەوشانەوەی زەوی لە شەودا زیاتر‌و رووبەرەكەی فراوانتر دەبێت.

بەپێی توێژینەوەیەكی وێنەیی گۆی زەوی لە شەودا، درەوشانەوەی رووناكی دەستكرد لە چەند شارێك ‌و بە شێوەیەكی زیاد لە پێویست لە سەرانسەری جیهاندا دەبینرێت. ئەمەش كاریگەری دەكاتە سەر ژینگە بە رێژەی (2%) لە توێژینەوەكەدا هاتووە: بە هۆی زۆر بەكارهێنانی رووناكی دەستكردەوە، لە نێوان ساڵانی (2016 – 2012) دا بە رێژەی (2%) ئەو رووناكییە لەسەر گۆی زەوی زیادی كردووە‌و هەر چەندە شتەكە لە شوێنێكەوە بۆ شوێنێكی تر دەگۆڕدرێت، بەڵام بە گشتی تاریكە شەو لە كشانەوەدایە.

تیمێكیش لە زانایان كە ئەنجامی توێژینەوەكەیان لە گۆڤاری (پێشكەوتنی زانست) دا بڵاوكردۆتەوە، هۆشداری دەدەن لە دیارنەمانی شەو لە ژمارەیەك وڵاتدا، كە كاریگەری نێگەتیڤی لەسەر رووەك ‌و ئاژەڵ ‌و سەلامەتی مرۆڤ دەبێت.

تیمەكەی زانایان لە توێژینەوەكەدا پشتیان بە وێنەكانی مانگە دەستكردەكان بەستووە بۆ پێوانەی تیشكدانەوە، كە ئاژانسی ناسا پشتی پێدەبەستێت ‌و تایبەت بۆ پێوانەی درەوشانەوەی رووناكی شەو دیزاین كراوە.

ویلایەتە یەكگرتووەكان بەبێ گۆڕانكاری ماوەتەوە، توێژینەوەكە دەریخستووە، گۆڕانكارییەكانی درەوشانەوەی رووناكی بە شێوەیەكی بەرچاو لەگەڵ تێپەڕبوونی كاتدا بە پێی وڵاتەكان دەبینرێت.

بۆ نموونە ویلایەتە یەكگرتووەكان ‌و ئیسپانیا لە هەموو وڵاتانی دیكە زیاتر بە رووناكی دەستكرد رووناك دەكرێنەوە، بەڵام هەندێك لە وڵاتانی ئەمریكای باشوور‌و ئەفریقیا درەوشانەوەی زیاتریان لێ دەبینرێت، وڵاتانی وەكو سوریا‌و یەمەنیش بە هۆی جەنگەوە، رووناكییان كەمترە.

(د. كریسۆفەر كیبا) توێژەری سەرەكی لە سەنتەری توێژینەوەكانی ئەڵمانیا بۆ زانستی جیۆلۆجی لە بوتسدام، دەڵێت: رووناكی دەستكرد یەكێكە لەو گۆڕانكارییە فیزیاییانەی مرۆڤ هێنایە ژینگەكەمانەوە.

(د. كریسۆفەر) ‌و هاوڕێكانی پێیانوایە كە كەمبوونەوەی تیشكدانەوەی رووناكی لە شارە دەوڵەمەند‌و ناوچە پیشەسازییەكاندا، بۆ گۆڕانكاری لە بەكارهێنانی رووناكی سۆدیۆمی پرتەقاڵی بۆ گڵۆپی لید دەگەڕێتەوە‌و ئامێری بینینی رووناكی مانگ لە مانگە دەستكردەكان ناتوانن بەشی شین لە خەرمانەی رووناكی پەیدابوو لە گڵۆپە لیدەكاندا بپێون.

(كریسۆفەر كیبا) بە (BBC) نیوزی راگەیاند: پێشبینیم دەكرد لە وڵاتە دەوڵەمەندەكانی وەكو ویلایەتە یەكگرتووەكان‌ و بەریتانیا‌و ئەڵمانیا، كەمبوونەوەی گشتی لە بەكارهێنانی رووناكیدا ببینرێت، بە تایبەتی لە ناوچە رووناكەكاندا، بەڵام وڵاتێكی وەكو ویلایەتە یەكگرتووەكان بەبێ گۆڕانكاری ماوەتەوە‌و بەریتانیا‌و ئەڵمانیاش رووناكتر دەبینرێن.

سەپاندنی سیستەمێكی رووناكی نائاسایی، لەگەڵ ئەوەی ئامێری بینینی مانگە دەستكردەكان ئەو رووناكییە شینە نابینن كە مرۆڤ دەیبینێت، لەبەرئەوەی كۆی زیادە لە بریقەدانەوە زیاترە لەوەی توێژەرەكان پێوانەیان كردووە.

پرۆفیسۆر (كیڤین گاستۆن) لە زانكۆی ئەكستیر بە بی بی سی راگەیاند: مرۆڤ سیستەمێكی رووناكی نائاساییمان بەسەردا دەسەپێنێت، رووناكی كەمتر واتە بینینی باشتر.
وتیشی: ئێستا تۆ لە شەودا بۆ دۆزینەوەی رووناكی سروشتی لە ئاسمانی ئەوروپا تێدەكۆشیت، بەڵام من زیادبوونی بەردەوامم لە پیسبوونی رووناكی نامۆدا بینیوە.

لەسەر ئاستی نیشتمانی ‌و جیهانی، روونیشیكردەوە: كاتێك بیر لە چۆنێتی گەمەكردنی مرۆڤ بە ژینگە دەكەینەوە، بۆمان دەردەكەوێت كە چاككردنی یان گۆڕینی زۆری تێدەچێت. سەبارەت بە رووناكیش، پێویستە ئاراستەی ئەو شوێنانەی بكەین كە پێویستمان پێیەتی، نەك لەو شوێنانەدا بە فیڕۆی بدەین كە پێویستمان پێی نییە.

هەروەها (د. كریسۆفەر) دەڵێت: دەتوانین ناوچە شارستانییەكانمان كەمتر رووناك بكەینەوە‌و تووشی هیچ كێشەیەكی بینینیشمان نەكات، چونكە بینایی مرۆڤ پشتی بە دەركەوتن بەستووە نەك بە بڕی رووناكی، لەبەرئەوە لە رێگەی كەمكردنەوەی دەركەوتنەوە لە هەوای پاكدا، دەتوانرێت رووناكی گڵۆپە شەوقدارەكان نەهێڵرێت، لەوێشەوە دەتوانرێت لەگەڵ رووناكی كەمتردا ئاستی بینین باشتر بكرێت.

وتیشی: دەتوانین سامانێكی زۆر لە وزە كۆبكەینەوە، بەڵام تۆمارەكانمان دەریدەخەن كە لەسەر ئاستی نیشتمانی ‌و جیهانی، ئەو ئاڕاستەیە نییە كە پەیڕەو دەكرێت.

كوردستانی نوێ‌

 

ئـ . كـ