پانۆرامای رووداوە گرنگەكانی ساڵی 2017

سێ شەممە, 02 کانونی دووەم 2018 06:59

 

 

لە ساڵی پێشوودا، لە جیهاندا كۆمەڵێك رووداوی گرنگ روویدا كەمایەی هەڵوەستە لەسەركردنە، لەسەر‌ووی هەموشیانەوە بوونی ترامپ بەسەرۆكی ئەمریكاو كودەتاكەی كۆشكی پاشایەتی سعودیەو بەرنامە مووشەكیەكەی كۆریای باكوورو لابردنی رۆبێرت موگابی سەرۆكی زیمبابۆی، مایەی گرنگی پێدانی تەواوی جیهان بوون، لێرەدا كورتەیەك لەو رووداوانە دەخەینەروو.

1. هەڵبژاردنی دۆناڵد ترامپ :
یەكێك لەرووداوە گرنگەكانی ساڵی پێشوو، هەڵبژاردنی دۆناڵد ترامپ بەسەرۆكی ئەمریكابوو، لەكاتێكدا تەواوی میدیاكان و ناوەند سیاسیەكانی جیهان، لەو باوەڕەدابوون كە هیلاری كلینتۆن دەبێتە سەرۆكی ئەمریكا، بەڵام بەپێچەوانەی بۆچوونی هەموویانەوە، دۆناڵد ترامپ هەڵبژاردنەكەی بردەوەو‌ بووە سەرۆكی نوێی ئەمریكا، ترامپ چ لەرووی و سیاسی و لەڕووی كۆمەڵایەتی و سیستەمی ئیدارییەوە‌، شتێكی نوێ و جیاوابوو، چونكە ترەمپ بەپێچەوانەی سەرۆكەكانی پێشووی ئەمریكاوە، هیچ مێژوویەكی حوكمڕانی نەبوو، لەرووی سیاسی و ئابووریشەوە كۆمەڵێك بۆچوونی تایبەتی هەبوو، كە زۆر جیاوازە لە سەرۆكەكانی پێشووی ئەمریكا، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی‌ بە سیاسەتی كۆچبەران و بازرگانی جیهانییەوە ‌هەیە.

2. تراژیدیای كۆچبەران و بازاڕی كۆیلەكان لەلیبیا :
لەپاش رووخانی رژێمی قەزافی لە لیبیا، پێشویی و نائارامی ئەم وڵاتەی گرتۆتەوەو بۆتە مەڵبەندی بەشێكی زۆری گروپە چەكدارییەكانی هاوشێوەی داعش و قاعیدە، لەلایەكی تریشەوە ئەمساڵ رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان، باسیان لەو پێشێلكارییە گەورەیە كرد، كە ‌لە لبییا بەرامبەر بە كۆچبەرە ئەفریقییەكان دەكرێت، كە ‌لە ‌زۆر شوێندا، وەكو كۆیلە كڕین و فرۆشتنیان پێوە دەكرێت، لەلایەكی تریشەوە لێشاوەی كۆچبەران لەئەفریقیاوە بۆ ‌ئەوروپا بەردەوامەو ئەمساڵ هەزاران كۆچبەر لە دەریای سپی ناوەراست خنكان.

3. گەمارۆی سەر قەتەر :
لەمانگی شەشی ئەمساڵدا، دەوڵەتا‌نی سعودیەو ئیمارات و بەحرێن و میسر،‌ گەمارۆیەكی گەورەی ئابووری و سیاسی و دەریایی و وشكانییان بەسەر قەتەردا سەپاند، ئەم وڵاتانە قەتەر بەپشتگیریكردنی تیرۆر تۆمەتباركرد، قەتەریش هۆكاری ئەم كێشەیە بۆ سیاسەتی سەربەخۆیی دەگەڕێنێتەوە، ئەم كێشەیەش‌ ئەنجوومەنی وڵاتانی كەنداوی، رووبەرووی لێكترازان و گرژی زۆركردەوە، هەتاوەكو ئێستاش ئەم تەنگژەیە بەردەوامەو قەتەریش لەسەر سیاسەتی خۆی لەدژی سعودیەو هاوپەیمانانی بەردەوامە.

4. شێنزۆ ئابی بووەوە بە سەرۆك وەزیرانی ژاپۆن :
لەپاش سەركەوتنی لەهەڵبژاردنەكانی پەرلەمان، شێنزۆ ئابی سەرۆكی پارتی دیموكراتی لیبڕاڵی، بۆ چوارەم جار وەكو سەرۆكی وەزیرانی ژاپۆن هەڵبژێردرایەوە، یەكێك لەگەورەترین كێشە كەرووبەرووی شێنزۆ ئابی بوویەوە، كێشەی بەرنامەی ئەتۆمی و مووشەكی بالیستی كۆریای باكوورە. بۆ ئەم‌ كێشەیەش سیاسەتێكی دوو ئاڕاستەی پێڕەوكرد، لەلایەكەوە باوەڕی بەدانووستانە بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە، لەلایەكی تریشەوە لەگەڵ ئەمریكا، داوای سزای زیاتر دەكەن بەسەر كۆریای باكوور.

5. كودەتاكەی بنەماڵەی ئال سعود :
لە (6/21) لە نیوەشەودا مەلیك (سەلـمان بن عەبدولعەزیز) ی مەلیكی سعودییە، بڕیاریدا كە میر (موحەمەد بن نایف) ی جێنشێنی یەكەمی لابەرێت و لەجیاتی ئەو، (موحەمەد بن سەلـمان) ی كوڕی بكاتە جێنشینی خۆی، ئەمەش لەمیدیاكانی جیهاندا بە كودەتای ناو كۆشك وەسفكرا، جێگەی ئاماژەیە هەتاوەكو ئێستاش چارەنووسی میر (موحەمەد بن نایف) دیار نییەو باس لەوەش دەكرێت كە ‌دەستبەسەر‌كرابێت، لەلایەكی ترەوە میر (موحەمەد بن سەلـمان) یش، بەتەواوەتی دەسەڵاتی مەمەلەكەتی گرتە دەست، ‌لەئێستاشدا لەناو میدیای جیهاندا، بە میرە گەنجەكە ناوی دەبەن.

6. جیهان و مووشەكەكا‌نی كۆریای باكوور :
كێشەیەكی تر كە تەواوی جیهانی لەساڵی پێشوودا بەخۆیەوە سەرقاڵكرد، كێشەی بەرنامە ئەتۆمی و مووشەكە بالیستییەكانی كۆریای باكوورە، لەمساڵدا زیاتر لەساڵانی پێشوو، كۆریای باكوور تاقیكردنەوەی مووشەكی بالیستی و بەرنامە ئەتۆمییەكانی زیاتركرد، هەر‌ ئەمەش بووە مایەی نیگەرانی وڵاتانی ناوچەكەو جیهان، لەبەرامبەر ئەمەشدا، كۆریای باكوور رووبەرووی سزای ئابووری و سیاسی نێودەوڵەتی بوویەوە، هەتاوەكو ئێستاش هیچ هیوایەك بۆ چارەسەر‌كردنی ئەم كێشەیە دیار نییە.

7. لابردنی موگابی :
(رۆبێرت موگابی) یەكێك بوو لەسەرۆكە دیكتاتۆرەكانی ئەفریقیا، موگابی بۆ ماوەی (37) ساڵ حوكمی زیمبابۆی دەكرد، تەمەنی گەیشتە (93) ساڵ، هێشتا ئامادە‌نەبوو واز لەكورسی دەسەڵات بهێنێت، بەڵام ئەمساڵ لەپاش هاتنە ناوەی سووپاو خۆپیشاندانی جەماوەری، رۆبێرت موگابی وازی لەكورسی دەسەڵات هێنا، میدیاكانی جیهانیش باس لە سەفقەیەكی نهێنی لەنێوان ئیمرسۆن منانگاگوای جێگری كەدواتر بوو بەسەرۆكی وڵات، لەگەڵ رۆبێرت موگابی دەكەن، تێیدا پارێزبەندی درایە موگابی و هەرچی كۆشك و پارەو سامانیشی هەبوو، دەستی بۆ نەبراو مانگانەش پارەیەكی زۆری بۆ خۆیی و خێزانەكەی بڕاوەتەوە.

8. كۆمەڵكوژی رۆهینگەكانی میانمار :
كێشەیەكی تر كەتەواوی جیهانی بەخۆیەوە سەرقاڵكرد، كێشەی رۆهینگا موسڵمانەكانی میانمار، بۆرما بوو، ئەمساڵ رۆهینگەكان بەتایبەتی لە هەرێمی راكین، رووبەڕووی جەنگێكی خوێناوی لەگەڵ سوپای میانمار بوونەوە، لەئەنجامدا ملیۆنەها هاوڵاتی، بەناچاری ماڵ و زێدی خۆیان بەجێهێشت و بەرەو بەنگلادیش هەڵهاتن، هەتاكو ئێستاش هیچ ئاسۆیەكی روون دیار نییە، بۆ چارەسەركردنی كێشەی رۆهینگەكان.

9. سەرۆكە گەنجەكەی فەرەنسا :
لە (7) مانگی ئایاردا لەدووەمین خولی هەڵبژاردنەكاندا، (ئیمانوێل ماكرۆن) تەمەن (40) ساڵ، لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا، لەبەرامبەر (ماری لۆپێنی) سەرۆكی بەرەی نیشتمانی راستڕەو سەركەوتن بەدەستبهێنێت و توانی بەرێژەی (%65) ی دەنگەكان بەرێت و بووە گەنجترین سەرۆكی فەرەنسا، (ئیمانوێل ماكرۆن) ساڵی (2016) پارتێكی نوێی بەناوی بۆ پێشەوە فەرەنسا دروستكرد، ئەم پارتە هەموو لایەنە چەپ و راستەكانی فەرەنسای گرتەوەو توانی لەماوەیەكی كورتدا، تەواوی پارتە تەقلییدیەكانی فەرەنسا، تووشی شكستی گەورە ‌بكات.

10. سەعد حەریری و لوبنان :
لە (3) ی مانگی نۆڤێمبەردا بەشێوەیەكی چاوەڕاننەكرا‌و (سەعد حەریری) سەرۆك وەزیرانی لوبنان، لە ریازی پایتەختی سعودییە لە وتەیەكی تەلەڤزیۆنیدا كە كەناڵی عەرەبییەی سعودییە پەخشیكرد، دەستی لە پۆستی سەرۆك وەزیران كێشایەوە، هۆكاری ئەمەشی بۆ رۆڵی نێگەتیڤی ئێران و حزبولڵای لوبنانی گێڕایەوە لەناو لوبنان، هەرچەندە پاشتر بەهەوڵی فەرەنسا، جارێكی تر گەڕایەوە لوبنان و پۆستەكەی وەرگرتەوە.

11. مێركڵ ژنە بەهێزەكەی ئەڵمانیا و جیهان :
بەپێی زۆربەی میدیاو سەنتەرە جیهانییەكان بێت، (ئەنجێلا مێركڵ) راوێژكاری ئەڵمانیا، بە بەهێزترین ژنی جیهان دانرا، بەڵام لەمانگی ئەیلولی ئەمساڵدا، پارتی ئەلتەرناتیڤی راسترەوەی ئەڵمانیا، خەریكە ئەستێرەی پرشنگداری بەرەو ئاوابوون بەرێت، كاتێك لە هەڵبژاردنەكاندا ئەم پارتە (%13) دەنگەكانی بەدەستهێناو پارتەكەی مێركل تەنها (%32) بەدەستهێنا، راستە پارتەكەی یەكەم بوو، بەڵام هەتاوەكو ئەمڕۆش مێركل نەیتوانی بۆ جاری چوارەم ببێتەوە بە راوێژكاری ئەڵمانیاو حكومەتی بنكە فراوان دابمەزرێنێت.

12. راونانی میرو بازرگانەكانی سعودیە :
لە (11/5) تەواوی سعودیەو جیهان گوێبیستی هەواڵێكی سەیربوون، كاتێك حكومەتی سعودیە هەڵمەتێكی دەستگیركردنی بۆ دەیان میری بنەماڵەی ئال سعودو وەزیرو بازرگانی گەورەی ئەو وڵاتە دەركرد، لەناو ئەو كەسانەشدا (میر متعب بن عەبدولڵا) ی كوڕی مەلیكی پێشووی سعودیەو سەرۆكی سوپای نیشتمانی بوو، كەبە میرە بەهێزەكەی سعودیە ناودەبرا، هەروەها میر (وەلید بن تەڵال) كە ‌یەكێكە لە میرە دەوڵەمدەندەكانی بنەماڵەی ئال سعودو سامانەكەی دەگاتە نزیكەی (20) ملیارو بەیەكێك لە پیاوە دەوڵەمەندەكانی جیهان دادەنرێت، ئەم هەڵمەتەش لەژێرناوی دژایەتیكردنی گەندەڵی كرا، هەرچەندە میدیاكان باس لەوە دەكەن، ئامانج لەم هەڵمەتە بەهێزكردنی هەژموونی میر (موحەمەد بن سەلـمان) ە.

13. ترامپ و قودس :
لە (12/6) دا (دۆناڵد ترامپ) سەرۆكی ئەمریكا لەكۆشكی سپی بریارێكی سەیرو سەرنجڕاكێشیدا، كاتێك بەفەرمی دانی بە قودس وەكو پایتەختی ئیسرائیلدا نا، لەهەمانكاتیشدا فەرمانی بۆ وەزارەت دەرەوەی ئەمریكا دەر‌كرد، كە باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە تەلئەبیبەوە بۆ شاری قودس بگوێزنەوە، ئەم بڕیارەی ترامپیش ناڕەزایی گەورەی لە سەر ئاستی شەقام و حكومەتە عەرەبی و ئیسلامییەكان لێكەوتەوە، لەگەڵ هەموو ئەم ناڕەزاییەشەدا، ترامپ لە بڕیارەكەی خۆی پەشیمان نەبوویەوە.

كوردستانی نوێ‌

 

ئـ . كـ