بۆ ئەوەی منداڵەكەتان زیرەك بێت ئەمانە بكەن

سێ شەممە, 09 کانونی دووەم 2018 06:34

 

 

لەكاتی كردنەوەی دەرگای خوێندنگەكاندا زۆربەی منداڵان كاتێكی زۆر لە خوێندنگە بەسەر دەبەن و ئەوەی تریشی لە ماڵەوەن، بەپێی نوێترین توێژینەوە باشترە هەندێك جار دایك و باوك بەشداری لە ژیانی منداڵەكانیان بكەن لە ماڵەوە، چونكە ئەوە یارمەتی دەدات بۆ سەركەوتن لە خوێندنەكەی.

پێگەی (بزنیس ئینسایدەر) یش لەمبارەیەوە ئەنجامی توێژینەوەیەكی كۆمەڵێك لە زانكۆكانی ئەمریكای بڵاوكردۆتەوە لەوانەش زانكۆی (نۆرس كارۆلاینا) كە تێیدا هاتووە» ڕۆڵی دایك و باوك لە ماڵەوە كاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لە سەركەوتنی منداڵ لە خوێندنگە، بۆ ئەمەش داوا لە (40) مامۆستای بە ئەزموون كراوە كە ڕێنمایی بدەنە كەسوكاری منداڵ بۆ ئەوەی بەشداری لە ژیانی منداڵەكانیاندا بكەن لە ماڵەوە لەوانەش :

1. پێكەوە خوێندنەوە :

بۆ منداڵ بخوێنەرەوەو لەگەڵ منداڵدا بخوێنەرەوە، خوێندنەوە یەكێك بوو لەو ڕێنماییانەی كە زۆربەی مامۆستاكان جەختیان لەسەر كردەوە.

2. پێكەوە نانخواردن :

پێكەوە نانخواردن شتێكی زۆر گرنگە بە تایبەت كۆبوونەوەی خێزان لە سەر سفرەی نانی ئێواران، ئەمە جگە لەوەی پەیوەندییە خێزانییەكان بە هێز دەكات، بیرۆكەیەكی باشیش دەدات بە دایك و باوك دەربارەی ژیانی مناڵەكەی.

3. وازهێنان لە تەكنەلۆژیاو دونیای ئەلیكترۆنی :

پێویستە دایك و باوك ڕێنمایی منداڵەكانیان بكەن كە هەموو ڕۆژێك ماوەیەك تەرخان بكەن بۆ ئەوەی لە كەشێكی ئازادو پاكدا پیاسە بكەن و لەو ماوەیەدا هەموو جۆرە تەكنەلۆژیایەك دوور بكەونەوە.

4. كاركردن لەگەڵ مامۆستادا :

دەبێت دایكان و باوكان منداڵەكانیان لە خوێندنگەو مامۆستا نەترسێنن و كارێكی وا بكەن كە خوێندنگەو مامۆستا لای منداڵەكانیان خۆشەویست بكەن و هەمیشە ئەوەیان بۆ دووپات بكەنەوە كە ئەوان و مامۆستاكان پێكەوە هاوڕێن و بۆ یەك ئامانج كاردەكەن و یەكتری تەواو دەكەن، نەك منداڵەكە وا لێبكرێت كە ماڵەوەی لە قوتابخانە پێ خۆشتر بێت.

5. كارلێك لەگەڵ كەسانی دیكە :

دەبێت منداڵ هان بدرێت كە لەگەڵ منداڵانی دیكە پەیوەندی هەبێت و پێشینەی خێزانی هیچ منداڵێك نەكاتە بیانوو بۆ دووركەوتنەوەو هاوڕێیەتی نەكردنی.

6. ببنە نموونەی باڵای منداڵەكانتان :

ئەگەر ویستتان منداڵەكەتان شتێكی دیاریكراو بكات پێویستە خۆتان بیكەن، بۆ نموونە ئەگەر ویستتان زیرەك بێت لە بیركاری پێی مەڵێن ڕقمان لە بیركارییە.

7. منداڵەكەتان لە تەمەڵی دووری بخەنەوە :

ئاگاداربن منداڵەكانتان لە كاتی خۆیدا ئەركەكانی ماڵەوەیان ئەنجام بدەن و هانیان بدەن كە دوور بكەنەوە لە خەو و تەمبەڵی.

8. گوێ لە منداڵەكانتان بگرن :

پێویستە ڕۆژانە كاتێكی تایبەتی خۆتان بۆ منداڵەكانتان تەرخان بكەن و دانیشن لەگەڵ منداڵەكانتان و گوێ لە منداڵەكانتان بگرن و چیرۆكیان بۆ بگێڕنەوە.

كوردستانی نوێ‌

 

ئـ . كـ