لەبارەی ئەشكەوتی شانەدەر ئەمانە بزانن ؟؟

سێ شەممە, 13 شوبات 2018 06:27

 

 

ئەشكەوتی شانەدەر یەكێكە لە بەناوبانگترین ئەشكەوتەكانی كوردستان و ساڵانە گەشتیارێكی زۆر ڕووی تێ دەكەن، خەڵك بە دەگمەن ئەم زانیارییانە لەبارەیەوە دەزانن.

ئەمانەش چەند زانیارییەكی وردن لەسەر ئەو ئەشكەوتە:

مانای وشەی شانەدەر:

شانەدەر بریتییە لە دوو وشەی لێكدراوی (شانە) كە بە مانای خانە دێت، (دەر) كە بە مانای كرانەوە یان دەرگە دێت كە دەكاتە (دەرگەی خانە)، لە هەندێك سەرچاوەشدا باس دەكرێت كە بۆیە ئەو ناوەی لێ نراوە، چونكە لە شانەی هەنگ دەچێت.

بۆچونێكی تر هەیە كە ناوی شانەدەر بۆ ئەو دێیە دەگەڕێنێتەوە كە لێیەوە نزیكە. بۆچونێكی لاوازیش هەیە كە دەڵێ‌، وشەی شانەدەر بە مانای شوێنی خۆ حەشاردانی پاشاكان دێت (شاهان – دەر).

شوێنی جیۆگرافی ئەشكەوتەكە:

ئەشكەوتی شانەدەر دەكەوێتە چیای (برادۆست) ی سەر بە شارۆچكەی مێرگەسۆر كە بە دووری (145) كیلۆمەتر دەكەوێتە ئەوپەڕی باكوری ڕۆژهەڵاتی شاری هەولێر، لە ڕۆژئاوای ئەم ئەشكەوتە زێی گەورە هەیە كە بە (3) كیلۆمەتر لێی دوورە، لە ڕۆژهەڵاتیشی مێرگەسۆر هەیە، لە باشوری رۆژهەڵاتی دێی شانەدەرە كە (4) كیلۆمەتر لێی دوورە، (42) كیلۆمەتر لە خەلیفانەوە دوورە، (822) مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە.

سروشت و بەرزی و نزمی ئەشكەوتەكە:

شانەدەر دەكەوێتە بەشی سەرەوەی ناوچەیەكی نیمچە دۆڵی، پێشەوەی ئەشكەوتەكە كە شێوەی سێگۆشەیە بەرزییەكەی (18) مەترو پانییەكەی (25) مەتر، تیشكی خۆر زۆر بە ئاسانی دێتە ژوورەوە، هەر چەندە بەرەو باكور بڕۆین تەسك دەبێتەوە، لە دەرگەی ناوەوەی ئەشكەوتەكە دەبێ لە سەر سك پاڵكەویتە سەر زەوی و ئینجا بچیتە ژوورەوە، لە دەرگەی دەرەوەی ئەشكەوتەكە دارو درەخت و گژوگیای لێیە، چیای پێرس و گوندی نەزاری دەكەونە بەرانبەر ئەشكەوتەكە.

بۆچی بە لانكەی ژیان دادەنرێت ؟؟

ئەشكەوتی شانەدەر بە لانەی شارستانی مرۆڤی نیاندەرتاڵ دادەنرێت، بە كۆنترین لانەی مرۆڤایەتی دادەنرێت، چەند بیروڕایەك هەیە ئەوە دووپات دەكاتەوە كە ژیان سەرەتا لە شانەدەر دەستی پێ كردووەو بڵاوبووەتەوە بۆ شوێنەكانی تری دنیا.

(10) پەیكەری ئێسكی دۆزراونەتەوە كە گوازرانەوە بۆ (متحف العراقی) لە بەغداو مۆزەخانەی ئەمریكا، یەكێك لەو پەیكەرە ئێسكییانە مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ (45) هەزار ساڵ پێشی میلاد، ئەمەش ئەوە پشتڕاست دەكاتەوە كە ئەشكەوتی شانەدەر پێش (60) هەزار ساڵ مرۆڤی نیاندەرتاڵی تێدا ژیاوە، بۆیە بەلانكەی ژیانی مرۆڤ دادەنرێت.

سەرچاوە / وشە

 

ئـ . كـ