تاوانی (فێڵکردن) بە پێی ماددەی ٤٥٩ لە یاسای سزادانی عێراقی و سزای تاوانەکە

سێ شەممە, 13 شوبات 2018 13:06

 

ماددەی ٤٥٩ ـ بڕگەی یەکەم :

هەر کەسێک بە نیازی خراپ چەکێکی دراوی بە یەکێک دابێت و بزانێت ئەو کەسە لەبەرامبەر چەکەکە ڕەسیدی تەواوی نیە کە گونجاوبێت بۆ دەستکاریکردن یان دوای پێدانی چەکەکە گشت یان بەشێک لە ڕەسیدی بەرامبەری گەڕاندبێتەوە و ئەوەی ماوەتەوە بەشی نرخی چەکەکە نەکات یان فەرمانی بە خاوەن بانک کردبێت کە پارەکە خەرج بکات یان بەئەنقەست بە شێوەیەک نوسیبێتەوە یان واژۆی کردبێت کە خەرج نەکرێت, ئەوا بە (حەبسکردن) سزا دەدرێت کە لە ماوەی سێ ساڵ کەمتر نەبێت و بە پێبژاردن ( غرامة ) بەقەد پێنج ئەوەندەی بڕی چەکەکەی.

بڕگەی دووەم :

هەر کەسێک چەکێکی وای بۆ یەکێک دەرخستبێت یان دابێتە دەستی کە شیاوی خەرج کردن بێت بۆ هەڵگری چەکەکە و بزانێت ئەو کەسە بەقەد بڕی چەکەکە ڕەسیدی نیە، بە هەمان سزا سزا دەدرێت.

بڕگەی سێیەم :

هەر کەسێک چەکێکی ساختە کردبێت یان چەکێکی دزرایی بەکارهێنابێت و زانیبێتی کە دزراییە بە بەندکردنی کاتی و بژاردن سزا دەدرێت بەقەد ئەوەندەی نرخی چەکی ساختە یان دزرایی.

لە ئێستادا کەسانی وا هەن هەستاون بە تاوانی فێڵ و ساختە لە چەکی بانکی بۆ بەدەست کەوتنی پارە و ماڵ, ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەنجامدانی ئەو کارە پێچەوانەی یاسایە و پێشێلکردنی مافی کەسانی ترە، لەگەڵ ئاشکرابونیان بەو کارە فێڵاوی و قۆڵبڕینە دەست بەجێ دەستگیرکراون و دۆسیەی لێکۆڵینەوەیان بۆ ڕێک خراوە و بەو ماددەیەی سەرەوە سزا دراون. بۆیە هاوڵاتیانی خۆشەویست دەستکەوتنی ماڵ و سامان و پارە بە شێوەی نایاسایی و ناشەرعی سەرەنجامەکەی سزادانە, بەڵام هەوڵی پەیداکردنی لە چوارچێوەی یاساو شەرعی دور لە فێڵ و قۆڵبڕین و ساختە کردن مافی هەمووانە و حوکمی سزای ئەو ماددەیە ناتگرێتەوە.

لە بوونی هەر مامەڵەیەکی ساختە و فێڵاوی سەردانی دادگاکان یان بنکەکانی پۆلیس بکەن بۆ تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی لە دژی کەسانی قۆڵبڕ و ساختەکار.

 

م-ع-كانی

س: ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین