پێشانگای گەورەی كتێب لە شاری سنەی كوردستان كرایەوە

دوو شەممە, 05 ئازار 2018 05:35

 

 

بەڕێوەبەری ئیدارەی گشتی فەرهەنگ و ئیرشادی كوردستان لە میانەی ڕێوڕەسمی كردنەوەی حەوتەمین پێشانگای كتێبی پارێزگای كوردستان رایگەیاند، زیاتر لە سێ‌ ملیۆن بەرگ كتێب لە حەوتەمین پێشانگای كتێبی كوردستان نمایش دەكرێت.

بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی میهر، (جەلال قەلعەشاخانی) بەڕێوەبەری ئیدارەی گشتی فەرهەنگ و ئیرشادی كوردستان رایگەیاندووە، ئامانجی سەرەكی ئەم پێشانگایە پەرەدان بە فەرهەنگی كتێب خوێندنەوە لە كوردستانەو هیوادارین كە دەمەو نەورۆزە ببێتە باشترین خەڵات بۆ ماڵانی كورد.

ئەو ئاماژەی بەوەشداوە، لە حەوتەمین پێشانگای كتێبی كوردستان (628) خانەی چاپ و بڵاوكردنەوە ناویان تۆمار كردبوو كە (338) دەزگا بەشداریان كردووەو لە هەرێمی كوردستانیشەوە (14) دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوە بەشداریان كردووە.

قەلعەشاخانی وتیشی: زیاتر لە (230) ژوور ئامادەكراوەو زیاتر لە سێ‌ ملیۆن و (125) هەزار نوسخە كتێب نمایش دەكرێت، واتا لە هەر كتێبێك (50) نوسخە ئامادە كراوە بۆ فرۆشتن.

هەروەها ناوبراو ئاماژەی بەوەداوە: یەكێك لە مەرجەكانی بەشداری لەم پێشانگایە ئەوە بوو كە دەبێت لانی كەم لە ساڵدا (150) كتێبی جیاوازیان لە چاپ دابێت كە بۆ دەزگاكانی چاپ و بڵاوكردنەوەی كوردستان ئەم مەرجەمان كرد بە (50) كتێب، چونكە ئەوان هێزی كەمتریان هەیەو دەبێت ئەمە لەبەرچاو بگیردرێت.

بەڕێوەبەری ئیدارەی گشتی فەرهەنگ و ئیرشادی كوردستان ڕاشیگەیاند، داشكان لەم پێشانگایە (%30) كە (%10) ی ئیدارەی فەرهەنگی كوردستان و (%10) ی دەزگاكان و (%10) ی دیكەشی وەزارەتی فەرهەنگ لە ئەستۆی گرتووە.

 

ئـ . كـ