لەبارەی مێژووی رادیۆ، ئەمانە بزانن

دوو شەممە, 05 ئازار 2018 05:47

 

 

ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان (13) ی شوباتی هەموو ساڵێكی بەڕۆژی جیهانی ڕادیۆ ناساندووە، تەمەنی ڕادیۆش لە (120) ساڵ نزیك دەبێتەوە.

ڕادیۆ یەكێكە لەهۆكانی ڕاگەیاندن و بەربڵاوترینیانەو بەشێوەیەكی گشتی خەڵك لەمەودایەكی فراوانی جیهاندا پێی ئاشنان و مێژووی داهێنان و سەرهەڵدانی ئەم ئامێرە گرنگە كۆنە، هەرچەندە ئێستا هۆكانی ڕاگەیاندن زۆر بوون ‌و پێشكەوتنی بەرچاویشیان بەخۆیانەوە دیوە، كەچی هێشتا ڕادیۆ توانیویەتی پێگەی خۆی ون نەكات و گرنگییەكەی بمێنێت و بە پایەداری بمێنێتەوە.

ناتوانرێت بەدیارییكراوی كەسێك بكرێتە داهێنەری تەواوی ڕادیۆ، هەر بۆیە لە مێژوودا ناوی هەموو ئەوانە بەرز دەنرخێنرێت كە هەوڵیان داوە بۆ گەشەپێدانی ئەم داهێنراوەی مرۆڤ، لە ڕاستیشدا یەكەمین كەس كە هەوڵی بەكارهێنانی شەپۆلەكانی دەنگی داوە بۆ گواستنەوەی دەنگ (گۆلیلمۆ ماركۆنی) یە كە (1896/7/25) دا جفرەی مۆرسی بەكارهێنا بۆ پەیوەندی بێ تەل، پێش ئەو و دوای ئەویش چەندین زانا‌و كەسانی داهێنەر هەوڵی گواستنەوەی دەنگیان داوە هەركەسەیان و بەجۆرێك لەو بوارەدا خۆیان تاقیكردووەتەوە، لەوانەش (جیناڵد فسندن) ە كە بەیەكەمین داهێنەری پەخشی دەنگ دادەنرێت و دوای ئەویش ناوی چەند كەسێكی تر لە مێژوودا تۆمار كراوە، لەوانەش (هانز ئورستد) ی فیزیازانی دانیماركییە كە لەساڵی (1880) دا سەرەتای بیركردنەوەی لە ڕادیۆ داهێناوەو پاش ئەویش (ئەندرییە ماری ئەمپیر) ە كە لە ساڵی (1819) دا هەوڵێكی دیكەی لەو بوارەدا تاقیكردۆتەوە.

لەساڵی (1831) دا زانای بەریتانی (مایكل فارادی) دوای ئەویش (جۆزیف هێنری) مامۆستاو زانا لەزانكۆی برستۆن لە ئەمریكا هەوڵێكی دیكەیان لە بواری گەیاندنی دەنگ تاقیكردۆتەوە.

لەساڵی (1886) (هاینریش هیرتز) فیزیازان و میكانیكی ئەڵمانی شەپۆڵی كارۆموگناتیسی لەوزەدا دۆزییەوەو هەر ئەو بوو سیستەمی شەپۆڵی ڕادیۆیی (UHF) ی دۆزییەوەو بەیەكەمین كەسیش دادەنرێت كە دیزاینی بۆ ئامێری ناردن و پێشوازی یەكەمین شەپۆڵە ڕادیۆییەكان داناوە پاشان لە (1874/7/25) دا (گۆلیملۆ ماركۆنی) یەكەمین شەپۆڵەكانی كارۆ مۆگناتیسی بۆ داهێنانی ڕادیۆ دۆزییەوەو خودی ئەویش داهێنەری تروسكەكانی بێ تەلە.

پەخشی ڕادیۆیی مێژووییەكی كۆنی هەیەو هەر وڵاتێك لەوڵاتانی جیهان ڕۆژێكی خۆی دیاری كردووە بۆ یادكردنەوەی یەكەمین پەخشی ڕادیۆیی لە وڵاتەكەدا.

بەپێی سەرچاوە جیهانییەكان لە ساڵی (1907) دا زانایانی ئەمریكاو ئەڵمانیا گەیشتنە ئەو ڕاستییەی كە دەتوانرێت بە بەكارهێنانی شەپۆڵی ڕادیۆیی قسەو دەنگ بگوازرێتەوەو ئەمەش ڕێگەی خۆشكرد بۆ پەیوەندی تەلەفۆنی و توانای پەخشی ڕادیۆیی.

یەكەمین پەخشی ڕادیۆیی لەلایەن ئەندازیارانی كۆمپانیای (بیستبێرگ) بووە لەئەمریكا، ئەوەش بە شێوەیەكی ڕێكەوت بووە، لەكاتێكدا كارمەندەكان سەرقاڵ بوون بە تاقیكردنەوەی گواستنەوەی دەنگ و بیریان لەوە كردۆتەوە كە مۆزیكی سەر ئەو قەوانانەی لەبەردەستیاندایە بەكاربهێنن بۆ گواستنەوەی دەنگ، ئەو كەسانەی لە ماڵەوە ئامێری سەرەتایی وەرگرتنی شەپۆلەكانی دەنگیان هەبووە توانیویانە شەپۆڵی دەنگی ئەو مۆزیكانە وەربگرن و بۆیە داوایان لەو كۆمپانیایە كردووە كە مۆزیكی زیاتر پەخش بكات و بەردەوام بێت، پاشان كۆمپانیاكە كارەكانی بەشێوەیەكی ڕێكخراوتر كردووەو لە ژێر ناوی ڕادیۆی (KDKA) بەردەوام بووە، ئەم پیتانەش هیچ مانایەكیان نەبووەو هێما نەبوون بۆ هیچ شتێك، بەڵكو بەشێوەیەكی هەرەمەكی هەڵبژێردراون ‌و لەساڵی (1920) دا وەك یەكەم وێستگەی ڕادیۆیی ناسراوە.

لەئوستورالیاش یەكەمین وێستگەی ڕادیۆیی لەشاری میلبۆرن و لە ساڵی (1921) دا دەست بەكار بوو.

لەساڵی (1922) دا كۆمپانیای پەخشی بەریتانی بە ناوی (BBC) لە بەریتانیا وەك یەكەمین ئیستگەی ڕادیۆیی پەخشی خۆی دەستپێكردو لەهەمان ساڵیشدا لە فەرەنساو لەتاوەری ئیڤڵەوە یەكەمین پەخشی ڕێكخراوی ڕادیۆیی ڕاگەیەندرا، دواتریش لەهەمان ساڵدا ئێستگەیەكی ڕادیۆیی لەیەكێتی سۆڤییەتی ئەو كاتەدا دەست بەكار بوو.

لەساڵی (1923) دا ئێستگەی پەخشی ڕادیۆیی لە هەریەك لە بەلجیكاو چیكسلۆڤاكیای پێشوو، ئەڵمانیاو ئیسپانیا دامەزران، پاشانیش لە فینلەنداو ئیتاڵیا.

لە ساڵی (1924) یشدا نەرویج ‌و پۆڵۆنیاو مەكسیك بوونە خاوەنی پەخشی ڕادیۆیی خۆیان و لەساڵی (1925) یش ژاپۆن یەكەم ئێستگەی ڕادیۆیی دامەزراند.

لەساڵی (1927) دا لە هیند یەكەمین پەخشی ڕادیۆیی دەستی پێكردو دواتریش وڵاتانی دیكەی جیهان.

چەند ساڵێك لەمەوبەر‌و لە ساڵی (2011) دا ئەكادیمیای ڕادیۆیی ئیسپانیا بیرۆكەی دانانی ڕۆژێكی جیهانی بۆ یادكردنەوەی یەكەمین پەخشی ڕادیۆیی لەجیهاندا خستە بەردەم ڕێكخراوی یۆنسكۆی سەر بەنەتەوە یەكگرتووەكان و چەند مێژوویەك بۆ ئەو ڕۆژە پێشنیار كرا، لەوانە (6) ی ئۆكتۆبەر كە ڕۆژی لەدایكبوونی (جینالد فسندن) ە كە بەیەكەمین داهێنەری پەخشی دەنگ دادەنرێت، هەروەها (7/25) دەستنیشانكرا كە ئەو ڕۆژە بوو (گولیلمۆ ماركۆنی) یەكەمین پەیوەندی بێتەلی بەبەكارهێنانی جفرەی مۆرس بەكارهێنا لەساڵی (1896) دا، پاشان ڕۆژی (10/30) یش یەكێكی تر بوو لە پێشنیارەكان، چونكە مێژووی یەكەمین پەخشكردنی ڕۆمانی (حرب العوالم) بوو كە بە دەنگی هونەرمەندی بە ناوبانگی جیهانی (ئەرسۆن ویڵز) لە ساڵی (1938) دا خوێندرایەوە.

دواتر لەناو ئەنجوومەنی جێبەجێكاری یۆنسكۆدا ڕۆژی (2/13) دیاریكرا بۆ ڕۆژی جیهانیی ڕادیۆ، چونكە لەو ڕۆژەداو لەساڵی (1946) دا یەكەمین پەخشی ئێستگەی نەتەوە یەكگرتووەكان دەستی پێكرد.

دواتر لە خولی (36) ی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان مشتومڕی لەسەركرا‌و لەمانگی كانوونی یەكەمی (2012) دا كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بڕیاریدا (2/13) ی شوباتی هەموو ساڵێك بكرێتە ڕۆژی جیهانیی ڕادیۆ.

بەپێی داتاكان تاكو ساڵی (2015) پانزە هەزار ئێستگەی ڕادیۆیی هەبووەو (%75) ی ماڵان لەوڵاتانی تازە پێگەیشتوودا ڕادیۆیان هەیە.

(%70) ی دانیشتوانی جیهان لەڕێگەی تەلەفۆنی مۆبایلەوە گوێ لە ڕادیۆ دەگرن.

هەر بەپێی ئامارەكان (608) ملیار كەس لە سەرانسەری جیهاندا گوێ لە ڕادیۆ دەگرن.

كوردستانی نوێ‌

 

ئـ . كـ