ئەو هەژارەی بە 500 دۆلاری قەرز، بووە سەرمایەدارێكی جیهانی

سێ شەممە, 06 ئازار 2018 06:09

 

 

كۆمپانیای (NIKE) بە پێشەنگی كۆمپانیاكانی بواری دروستكردن و فرۆشتنی ئامێرو جلوبەرگ و پێڵاوی وەرزشی دەژمێردرێت، (فلیپ همپسۆن فیل نایتی) دامەزرێنەری لە ساڵی (1938) لە ویلایەتی ئەریگۆن لە ‌ئەمریكا لە خێزانێكی هەژار هاتۆتە دونیاوە.

لە زانكۆدا بەشی رۆژنامەنووسی خوێندو بەردەوام خەریكی وەرزشی گۆڕەپان ‌و مەیدان بوو، كە وەرزشكاری ناودار (بێل باوەرمان) راهێنەری بوو، هەروەها مامۆستای وانەی سەرمایەگوزاری بوو، زۆر لەو مامۆستایەی نزیك بوو، زۆرجار لە بارەی نەبوونی پێڵاوێكی باشی ڕاكردن و پشوو بەخش لە وڵاتەكەیاندا گفتوگۆیان دەكرد.

ئەو دەیوت، لە خوێندنی كارو كاسبیە بچووكەكاندا تێگەیشتم، جگە لە ‌وەرزش عاشقی شتێكی دیكەشم،‌ ئەویش ببمە خاوەن كارو سەرمایەی خۆم، وانەكانی (فرانك شلنبێرگەر) ژیانی منی گۆڕی، فێری كردین بە كێ دەڵێن داهێنەر، من هەستم كرد‌ ئەو شتانەی ئەو دەیڵێت باسی من دەكات، ئەو كات‌ بە ‌خۆمم وت: داهێنان هەمان ئەو شتەیە كە خوازیارم ئەنجامی بدەم، تۆژینەوەكەم بە ‌سەرپەرشتی شلنبێرگەر بوو سەبارەت بەوەی‌ چۆن كارو كاسبییەكی نوێ دابهێنین، ناوی توێژینەوەكەم ئەوە بوو: ئایا پێڵاوی وەرزشی ژاپۆنی دەتوانێت كارێكی وا بە پێڵاوە وەرزشییە ئەڵمانییەكان بكات، كە كامێراكانی ژاپۆن بە ‌كامێراكانی ئەڵمانیایان كرد ؟

لەسەر بنەمای ئەم نووسینە، نایت دەیویست بە ‌كۆمەكی نرخ هەرزانی ژاپۆن، پێڵاوی كوالێتی بەرز بەرهەم بهێنێت‌ و لە ‌ئەمریكا بیانفرۆشێت، لە ساڵی (1962) دا كە خوێندنی تەواو كرد،‌ بڕیاریدا بە ‌دنیادا بگەڕێ ‌و ژاپۆن ببینێت، لەوێ كەوتە ژێر كاریگەری بەرهەمەكانی كۆمپانیای ئۆنیت سوكا تایگەر، كە پێڵاوی وەرزشی ‌كوالێتی بەرز بە نرخێكی هەرزان بەرهەم دەهێنا.

نایت، لەم كاتەوە زۆر كەوتە ژێر كاریگەری كلتورو ئاینی ژاپۆنییەكان‌، هەوڵ ‌و كۆششی ئەوان لە‌كاروكاسبیدا ئەمیان سەرسام كرد، تا ئێستاش هەر كەسێك بیەوێ بچێتە نووسینگەكەی نایەتەوە،‌ دەبێت پێڵاوەكانی دابكەنێت، نایت كە ئەو كات تەمەنی (26) ساڵ بوو، دوای گەڕانەوەی بۆ وڵاتەكەی، چووە لای باوكی‌ و (500) دۆلاری لێ قەرز كرد تاوەكو پارەی هێنانی یەكەمین نموونەی پێڵاوی تایگەری پێ بدات، كاتێك نموونەكان گەیشتن، دوو جوت پێڵاوی بۆ ئەدرێسی راهێنەرەكەی پێشووی بیل باوەرمان پۆست كرد، بەو هیوایەی جێگەی رەزامەندی بێت، پشتیوانی ئەو دەبووە هۆی زیاتر فرۆشتنی پێڵاوەكان، بەڵام باوەرمان نەك تەنها قوتابییەكانی ڕاسپارد پێڵاوی تایگەر بكڕن، بەڵكو پێشنیاری كرد بە (500) دۆلار ببێتە هاوبەشی بازرگانی ‌و تەنانەت بیرۆكەی بەرهەمهێنانی پێڵاوی باشتریشی بۆ خستەڕوو.

نایت‌ و باوەرمان لە سەرەتای ساڵی (1964) دا بوونە هاوبەش و هەر ئەو ڕۆژە كۆمپانیای (بلو ریبۆن سپۆرتس) دامەزرێنراو بەشێكی ماڵەكەی نایت كرایە بارەگای كۆمپانیاكە.

دوای تێپەڕاندنی قۆناغێكی دژوار، لە ساڵی (1969) دا هاوڕێیەكی نایت پێشنیاری كرد‌ ناوی كۆمپانیاكەی بۆ (نایك) بگۆڕێت كە لە ‌یۆنانی كۆندا ناوی (خواوەندی سەركەوتن) بوو، نایت بارودۆخی ئابووری زۆر خراپ بوو، تەنانەت نەیدەتوانی كارمەندێك لای خۆی دابمەزرێنێت بۆ ئەوەی لۆگۆكەی بۆ دروست بكات، بۆیە كچە قوتابی لە بواری گرافیك (كارۆلین داڤیدسۆن) ی‌ راسپارد‌ لۆگۆیەكی بۆ دیزاین بكات، هەستكردن بە خێرایی بگەیەنێت، بەو مەرجەی لە بەرامبەر هەر كاتژمێرێك كاركردن دوو دۆلاری پێبدات، ئەویش لە ماوەی (17) كاتژمێردا ئەم لۆگۆیەی ئێستای دیزاین كرد، كە بە ‌یەكێك لە بەهێزترین‌ و بەنرخترین لۆگۆكان دا‌دەنرێت، نایت كە لۆگۆكەی بینی وتی : حەزم لێ نییە، بەڵام خەریكە سەرنجم رادەكێشێت، دەبوایە (34) دۆلار بە كارۆلین بدات، بەڵام ئەوەشی پێ زۆر بوو، سەرەڕای توڕەبوونی چەكێكی بەنكی دایە كارۆلین، بەڵام داوای لێكرد جارێ ئەم چەكە بۆ بەنك نەبات، چونكە ئەو بڕە پارەیەی لە بەنك نییە، تاكو دواتر كرێیەكە دەدات، دوای (10) ساڵ (كارۆلین) بە‌ ئەنگوستیلەیەكی ئەڵماس و (500) پشكی كۆمپانیاكە خەڵات كرا.
لە ساڵی (1971) دا فرۆشی نایك سێ ملیۆن دۆلاری تێپەڕاند، بە هۆی ئەوەی لە (1972) یارییەكانی ئۆلۆمپیاد لە ئۆجینی ئۆریگۆن بەڕێوەچوو، چەند وەرزشوانێكیان ڕازی كرد تاكو لە ماراسۆندا پێڵاوەكەیان لە پێ بكەن، دەرەنجام لە حەوت براوەی یەكەم چواریان پێڵاوی نایكیان لە پێدا بوو، ئەوەش خاڵی وەرچەرخان بوو و ناوبانگی بڵاوبوویەوە، لە ساڵی (1975) دا داهێنان لە پێڵاوەكەدا كرا، لەو ساڵانەشدا وەرزشی راكردن گرنگی زۆری پێ دەدرا، قازانجی دوو هێندە زیادی كردو ساڵی (1980) پێش كۆمپانیای ئەدیداسی ركابەری كەوت.

لە ساڵی (1984) نایت لەگەڵ مایكل جۆردنی یاریزانی باسكەی ناوداری (21) ساڵەی ئەمریكی گرێبەستی واژۆ كرد‌و، یەكەمین رێكلامی تەلەفزیۆنی پەخش كرد، لە كەمتر لە ‌ساڵێكدا گەنجانی ئەمریكا جۆردن‌ و نایكیان وەك هاوتای یەكتر ناودەبرد، بۆ كڕینی پێڵاوی جۆردنیش رۆژیان دەژمارد، دواتر نایك گرێبەستی بۆ رێكلامكردن لەگەڵ چەندین ئەستێرەی ناوداری بواری وەرزش كرد‌، بۆیە لە ‌ساڵانی (2003 – 1994) دا دوو خەڵاتی لە ‌ڤیستیڤاڵە جیهانییەكانی تایبەت بە ‌رێكلام بردەوە.

لە ساڵی (1988) دا كۆمپانیاكە دروشمی نوێی راگەیاند، بریتی بوو لە (Just do it) ئەم دروشمە دواتر بووە بەشێكی گرنگی وەرزش لە جیهاندا، لە ئێستاشدا بە هەموو وەرزشوانێك دەوترێتەوە بۆ هاندان و سووركردنی لەسەر بردنەوە.

لە ئێستادا (نایك) گەورەترین بەرهەمهێنەری كەلوپەلی وەرزشییە لە جیهانداو لە جیهانی وەرزشیدا بەنرخترینە، زیاتر لە بیست هەزار فرۆشگای لە زیاتر لە (110) وڵاتدا هەیەو خاوەنی (63) هەزار كارمەندە، بەهای براندی نایك نزیكەی (11) ملیار دۆلارە‌و‌ داهاتی ساڵانەی زیاتر لە (32) ملیار دۆلارە.

سەرچاوە: یەڵڵا

 

ئـ . كـ