ئاستی فرۆشراوی كتێب لە 6 رۆژدا راگەیەندرا

دوو شەممە, 12 ئازار 2018 08:17

 

 

بەڕێوەبەری ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی كوردستان ڕایگەیاند، لە حەوتەمین پێشانگای كتێبی كوردستان بایی زیاتر لە یەك ملیارو دوو سەد ملیۆن تومەن كتێب لە ماوەی شەش ڕۆژدا فرۆشراوە.

(جەلال قەلعەشاخانی) بەڕێوەبەری ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی كوردستان بۆ رۆژنامەنووسان وتی: لە میانەی ڕۆژانی پێشانگای كتێبی كوردستان كە تێیدا زیاتر لە (65) هەزار ناونیشانی كتێب نمایش كرابوو، دەیان دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوە تێیدا بەشداربوون.

قەلعەشاخانی وتی: (338) دەزگای پەخش و چاپی ناوخۆیی و (14) خانەی هەرێمی كوردستان بەشداریان كرد، لە میانەی حەوتەمین پێشانگای كتێبی كوردستان زیاتر لە یەك ملیارو (200) ملیۆن تومەن كتێب لە ماوەی (6) ڕۆژدا فرۆشراوە.

وتیشی: دەزگاكانی چاپ و پەخشی ژیار زیاترین فرۆشی كتێبی هەبووەو نزیك بە (60) ملیۆن تومەن كتێبی فرۆشتووە، ئەمساڵ خەڵكی كوردستان بەڕاستی كتێبی باشیان كڕیوەو بەپێی ئامارەكانی ئێمە زیاتر لە (73) هەزار كەس لەم پێشانگایە ئامادەیان هەبووە، ئەمەش ئاستی باڵای فەرهەنگی بوونی خەڵكی كوردستان نیشان دەدات كە هیوادارین ساڵانی داهاتوو باشتریش بەڕێوەی ببەین.

ئەو لە كۆتاییدا ئاماژەی بەوەداوە، كە لە میانەی شەش ڕۆژ پێشانگای كتێب (20) كتێبی نوێی كوردی بە بەشداری نووسەرانی كتێبەكان نمایش كراون.

 

ئـ . كـ