هەسارەیەكی نامۆ دۆزرایەوە

دوو شەممە, 11 حوزەیران 2018 06:23

 

 

زانایانی گەردونناسی هەسارۆكەیەكی نامۆیان ئاشكرا كردووە لە سیستەمی خۆرەكەمان كە مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاكانی دروستبوونی ئەم سیستەمە.

ئەو هەسارۆكەیە كە ناوی (EW95) ی لێنراوە ئێستا لە ناوچەی پشتێنەی كویپەرو لە دەرەوەی خولگەی نیپتۆندایەو نزیكەی چوار ملیار كیلۆمەتر لە زەوییەوە دوورە.

زاناكان لەو بڕوایەدان ئەو تەنە كە درێژییەكەی (300) كیلۆمەترە دەوڵەمەندە بە كاربۆن، ڕەنگە لە پشتێنەی هەسارۆكەكان لە نێوان مەریخ و مشتەرییدا دروست بوبێت و دواتر پاڵپێوەنراوەو دوورخراوەتەوە بۆ لێوارەكانی سیستەمی خۆر.

ئەم هەسارۆكەیە لەلایەن زانایانی زانكۆی كوینزی (بێل فاست) ەوە دۆزرایەوە كە بە بەكارهێنانی تەلیسكۆبی هابڵ سەرگەرمی چاودێری ڕۆتینی سیستەمی خۆر بوون و لە ناكاو شتێكی ناسروشتیان بینی لە دەوری یەكێك لەو هەسارۆكانەی چاودێری دەكران.

لەمبارەیەوە (تۆم سیكۆل) یەكێكی دیكە لەزاناكانی ئەو زانكۆیەو ئامادەكاری سەرەكی توێژینەوەكە وتی، ئاوێزەی تیشكدانەوەی هەسارۆكەكە زۆر جیاواز بوو لە چاو ئەو تەنانەی كە لە دەرەوەی سیستەمی خۆر چاودێری دەكرێن، ئەمەش بەس بوو بۆ ئێمە بۆ ئەوەی زیاتر قووڵبینەوە لە لێكۆڵینەوەكانمان.

ئەو پێوانانەشی بەهۆی تەلیسكۆبی چاودێرگەی گەورەی سەر بە ڕێكخراوی نێودەوڵەتی باشوری (ESO) كراوە، یارمەتی زاناكانی داوە بۆ ئەوەی سروشتی پێكهاتنی هەسارۆكەكە لە كاربۆن دەستنیشان بكەن، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە هەسارۆكەكە لە سیستەمی ناوەوەی خۆرەوە پێكهاتووە، ئەم بیرۆكەیەش بە هۆی بوونی كاربۆنەوە زیاتر پستڕاست كرایەوە كە پێی دەوترێت (ئەكاسیدی ئاسن و فیلۆسیلیكات) كە ئەمەش ئاماژەیەكی دیكەیە بۆ ئەوەی بۆ یەكەمین جار لە نزیك خۆرەوە دەركەوتووە.

سەرەڕای پێگە دوورەكەی ئەم هەسارۆكەیە، زانایان لەو بڕوایەدان كە شتی زیاتر لە بارەیەوە تێبگەن، چونكە ئەوە یارمەتیان دەدات بۆ ئەوەی نهێنییەكانی ڕۆژە پشێوەكانی سەرەتای دروستبونی سیستەمی خۆر بزانن.

لە كاتێكدا زۆر قورسە زاناكان ئەوە دەستنیشان بكەن كە لە كاتی پێكهاتنی ئەو هەسارانەی ئێمە ئەمرۆ دەیانناسین چی ڕویداوە ؟ بەڵام ئەو زانایانەی زانكۆی كوینز چەند نمونەیەكیان دروستكردووە بۆ تێگەیشتن لەو ڕووداوانەی لەو ماوەیەدا ڕوویانداوە.

كەشتی نووح

 

 

ئـ . كـ