ئەنیمەیشنێكی كوردی بەشداری ڤیستیڤاڵێكی نێودەوڵەتی دەكات

سێ شەممە, 04 ئەیلول 2018 06:07

 

 

ئەنیمەیشنی نەخشە لە حەوت خولەك و ساڵی (2018) لە شاری سنە بەرهەم هاتووەو بە ستایلێكی نوێ سازكراوە، ئەم بەرهەمە سینەماییە لە یەكەم بەشداری نێودەوڵەتی لە چوار ڤیستیڤاڵی گرنگی سینمایی بۆ پێشبڕكێ وەرگیراوە كە بریتین لە؛ (16) یەمین خولی ڤیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی (سانتا كروزی ئەمریكا)، (12) یەمین خولی ڤیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سایەكسی ئەمریكا، سێیەمین خولی ڤیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی لە هەرێمی كوردستان و خەڵاتی فیلمی مالبۆرنی لە ئوسترالیا.

ئەنیمەیشنی نەخشە چیرۆكی ژنە كوردێكی تەونكەرە كە قاڵی دروست دەكات و لەسەرو بەندی تەونكردنی قاڵی شارەكەیان كیمیاباران دەكرێت، بەرهەمێكی سینمایی دژە جەنگ كە شوێنەواری زیانباری هێرشی كیمیایی لە دەریچەی هونەری ئەنیمیشنەوە بە شێوازێكی دڵتەزێن وێنا كردووە.

مۆسیقای ئەم ئەنیمەیشنە لەلایەن (كەژوان زیائەدینی) دانراوە، كاری دەنگی لەلایەن (ئارش سادقی) كراوە، هەروەها نیگاركێشی ناسراوی كورد، (مەهدی زیائەدینی) وێنە دیجیتاڵییەكانی كێشاوە، ئەنیماتۆری بەرهەمەكە (ئازاد جەنەتییە) و مودێلینگەكەی (ئازین جەنەتی) ئەنجامی داوە.

(ئازاد جەنەتی) نووسەرو دەرهێنەری ئەم بەرهەمە هونەرییە لە ساڵی (1980) لە سنە لە دایك بووەو دەرچووی بەشی دەرهێنەری سینمایی لە زانكۆ هونەری تارانە.

شایانی ئاماژەیە، (16) یەمین خولی ڤیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سانتا كروز سێی ئۆكتوبەر لە كالیفۆرنیای ئەمریكا بەڕێوە دەچێت.

دەسپێكی (12) یەمین خولی ڤیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سایەكسیش (12) سێپتەمبەر لە ئەمریكایە، هەروەها سێیەمین خولی ڤیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی لە هەرێمی كوردستان یەكی ئۆكتۆبەر بەڕێوەدەچێت و خەڵاتی فیلمی ملبۆرن (14) ی ئۆكتۆبەر لە ئوستراڵیا دەست بەكار دەكات.

 

 

 

ئـ . كـ