بۆردومانی جەنگەكان كاریكەری لەسەر بەرگە هەوا دروست كردووە

دوو شەممە, 08 تشرینی یەکەم 2018 06:47

 

 

بەپێی چەند توێژینەوەیەك، بۆردومانی هێزەكانی هاوپەیمانان لە سەروەختی جەنگی دووەمی جیهانیدا كاریگەری شۆكهێنەری كردۆتە سەر بۆشایی ئاسمان.

زانایانی زانكۆی (ریدینگ) ئاماژەیان بەوەداوە، كە بۆردومانی هێزەكانی هاوپەیمانان لە كاتی جەنگی جیهانی دووەمدا كاریگەری مەترسیداری بەسەر بۆشایی ئاسمانەوە جێهێشتووە بەو پێیەی بە هۆی بە هێزی بۆردومانەكانەوە شەپۆڵی شۆكهێنەر بە بەرگەهەوای زەویدا بەرەو لێواری فەزا ڕۆیشتووە.

ئەو بۆمبە گەورانەی كە فڕۆكەكانی هاوپەیمانان فڕێیانداوەتە خوارەوە بۆ شارە ئەوروپییەكان، تایبەتمەندییەكەی ئەوە بووە كە هێندە بەهێز بووە تا بتوانێت، بەرگەهەوای سەرەوەی كارەبادار ناسراو بە (ئایۆنۆسفێر) ببڕێت.

ئەو زانایانە لە توێژینەوەكانیاندا بۆیان دەركەوتووە كە هەموو بۆردومانێك وزەیەكی لێوە دەرپەڕیووە كە كەمتر نەبووە لەو وزەیەی (300) هەورە بروسكەی كتوپر دروستی دەكەن.

(كریس سكۆت) مامۆستای بۆشایی ئاسمان و بەرگە هەوا لە هەمان زانكۆ ئاماژەی بەوە داوە كە كاریگەری ئەو بۆمبانە لەسەر بەرگەهەوای زەوی هێشتا دەرنەكەوتووەو لەم بارەیەوە دەڵێت، زۆر سەرسوڕهێنەرە كە ببینین ئەو شەپۆڵدانەوانەی كە لەتەقینەوەكانی دەستكردی مرۆڤەوە دروست بوون چۆن كاریگەری لە لێواری بۆشایی كردووە.

ئەو زانایانە كاتێك گەیشتنە ئەو ڕاستییە، دوای ئەوەی شیكردنەوەیان بۆ ئەو تۆمارە ڕادیۆیییانە كرد كە لە وێستگەیەكی توێژینەوەی ڕادیۆییەوە وەریانگرتبوو كە دەكەوێتە ناوچەی (دیتۆن پارك) لە نزیك (سلۆگ)، لەوێ پێوانەی ئاسایی (ئایۆنسفێر) یان وەرگرت لە ماوەی نێوان ساڵانی (1933 – 1966)، ئەمەش بەپێی ئەو توێژینەوەیەی لە گۆڤاری (ئەنەلس جیۆ فیزیكس) دا بڵاوكراوەتەوە، درێژترین كۆمەڵەی بەدوایەكدا هاتووی پێوانەكانی (ئایۆنۆسفێر) ە لە جیهاندا.

هەر بۆیە توێژەرەوەكان بڕیاریانداوە كە سەرنج بخەنە سەر بۆردومانی گەورە شارەكانی ئەڵمانیا لەلایەن هێزەكانی هاوپەیمانان و هێزە ئاسمانییەكانی شاهەنشایی بەریتانیاوە لە نێوان ساڵانی (1943 – 1945) لەبری سەرنج خستنە سەر بۆردومانەكانی (لەندەن).

ئەمەش بە هۆی ئەوەی كە ئەو بۆردومانانەی (لەندەن) لە ئەیلولی (1940) ەوە بۆ مانگی ئایاری (1941) بەردەوام بووە، ئەمەش مانای ئەوەیە كە قورسییەك هەیە لە جیاكردنەوەی زانیارییەكان بە تایبەت ئەوەی پەیوەندی بە گۆڕانكاری وەرزییەوە هەیە، ئەویش بە هۆی كاریگەری خۆرەوە لەسەر ئایۆنۆسفێر.

توێژەرەوەكان توێژینەوەیان بۆ تۆماری وەڵامدانەوەی ئایۆنۆسفێر كردووە لەكاتی بۆردومانەكانی چڕەكانی هێزە هاوپەیمانان بۆ سەر ئەوروپا، كە كۆی گشتیان (152) هێرش بووەو بۆیان دەركەوتووە كە چڕی ئەلیكترۆن بە شێوەیەكی بەرچاو دابەزیوە، ئەویش بە هۆی شەپۆڵە شۆكەكانی بە هۆی ئەو بۆمبانەی لە نزیك زەوییەوە تەقیوونەتەوە.

بەپێی تۆمارە وردەكانی ئەو بۆردومانانەی هاوپەیمانان، فرۆكە چوار بزوێنەرەكانیان، بۆمبایەكیان هەڵدەگرت كە قەبارەكەی گەورەتر بوو لەوەی كە فڕۆكە دوو بزوێنەرەكانی جۆری (لۆفتواف) ی ئەڵمانی هەڵیاندەگرت.

بەپێی بابەتێكی كوردستانی نوێ‌، ئەو توێژەرەوانە ئەم ئەنجامانە بە كاردەهێنن بۆ زیاتر تێگەیشتنیان لەچۆنیەتی كاریگەری هێزە سروشتییەكانی وەك هەورە بروسكە‌و تەقینەوە ئەلیكترۆنیەكان و بوومەلەرزەكان لەسەر بەرگە هەوای سەرەوەی گۆی زەوی.

 

 

ئـ . كـ