منداڵ بەكردەوە دەكات یان بەقسە ؟؟

پێنج شەممە, 08 تشرینی دووەم 2018 06:41

 

 

زۆرینەی دایك و باوكان دەڵێن، ئامۆژگاری زۆری كوڕەكەم كرد قسەی زۆرم بۆ كچەكەم كرد، بەڵام ئەوە دەرنەچوو كەمن ویستم، دەتەوێت منداڵەكەت لەخۆت باشتر بێت، كەواتە دەبێت خۆت باشتر بكەیت، دەتەوێت ڕاستگۆبێت نابێت بچووكترین و سادەترین درۆی لەگەڵ بكەیت، دەتەوێت مرۆڤ دۆست بێت، نابێ ڕقی دڵی خۆت بۆ هیچ كەسێك لەبەرچاوی دەربڕیت و كرداری پێ بكەیت، دەتەوێت ئیمانداربێت، دەبێت خۆت ڕەنگدانەوەی ئیمانت تێدابێت، دەتەوێت بخوێنێت، دەبێت خۆت خوێندەوار بیت مەرج نیە خاوەن شەهادەبێت، بەڵام دەبێت بڕوات بە خوێندن و شەهادە هەبێت، منداڵی كەسی بۆمەكە بەنموونە، خۆی بكە بەقدوەو خۆتی بۆ بكە بەنموونە، نیشتیمانی لا ناشرین مەكەو دواییش داوای لێمەكە ووڵات بەجێ نەهێڵێت، قسە بەدایكی مەڵێ و بەهای باوكی مەشكێنەو دواییش باسی وەفای منداڵی بۆ مەكە بۆ دایك و باوك، لەبەرچاوی دەستی دایكت ماچ بكەو باوكت لە باوەش بگرە ئیتر خۆی فێرئەبێت چۆن خزمەتی خۆتی پێ بكەیت، مەیشكێنە هەمیشەو هەموو كاتێ لە كەمترین و بچوكترین كرداری جوانیا بڵێ من بڕوام وایە تۆ زیاترت پێ دەكرێت، پێی بڵێ تۆ ئازایت توانات زۆرە ئەم ووشانە لەخواردن پێویستی ترە، منەتی بەخێوكردن مەكە بەسەریدا هەمووكاتی لەبەرچاوی سوپاسی خوا بكە كە ئەوی پێ بەخشیوی. هەموو ڕۆژێ خۆشحاڵی خۆت بۆ بوونی لەژیانتا دەرببڕە، لێرەوە مرۆڤ بنچینەیەكی بەهێزی بۆ دروست دەبێت و دەبێت بەخاوەنی كەسایەتیەكی بەهێزو لە گەورەبوونی بێ خەمبە نابێت بەداری دەستی كەس و نابێت بە پەیژە بۆ ئەوانی تر.

ئێمە هەموو لەنیشتیمانمان بەرووبوومی ئەو تۆوانە دەخۆین كە چاندوومانن، خۆمان خاك و جوگرافیاكەیمان دروست نەكردوە، بەڵام دروستكراوی كرداری سەرچاوە مرۆییەكانی دەستی خۆمانەو بەرهەمی خۆمانە.

بۆ داهاتوویەكی باشتر دەبێت لە ئێستای خۆتەوە دەست پێ بكەیت، دەبێت دەست بە گۆڕانكاری بكەیت لە خۆتاو خۆت لە بیركردنەوەكانتەوە دەست پێ بكە، ئیتر گللەیی و بەرگەی خەم و كینە فڕێدە ئەمڕۆ زووترین كاتەو باشترین ڕۆژە، داهاتووی نەوەكانمان بەرپرسیایەتی ئێرەو ئامەنەتی دوای مردنمانە، هەموو لێپێچینەوەمان لەگەڵ دەكرێت هەم لای پەروەردگارو هەم لای نەوەی داهاتوومان.

 

 

 

ئـ . كـ