بزانن كێ‌ قەیسەری كەركوكی دروست كردووە ؟؟

پێنج شەممە, 06 کانونی یەکەم 2018 05:33

 

 

بازاڕی قەیسەری شاری كەركوك كە هەفتەی ڕابردوو سووتا، مێژوویەكی دێرینی هەیەو بە وتەی مێژوونووسێك، جوولەكەكان پێش (133) ساڵ ئەو بازاڕەیان دروستكردووە.

كەركوك وێڕای دەوڵەمەندی بە سامانی نەوت، بە یەكێك لە كۆنترین شارەكانی ناوچەكە هەژمار دەكرێت، بازاڕی قەیسەریش لە شوێنەوارە دێرینەكانی شارەكەیە، بە پێی ڕاپۆرتێكی ڕێكخراوی یونیسكۆ كە لە ساڵی (2016) بڵاوكراوەتەوە، ئەو بازاڕە یەكێكە لە چواردە شوێنەوارە هەرە دێرینەكانی جیهان.
بەپێی سەرچاوە مێژووییەكان، بازاڕی قەیسەری كەركوك لە ساڵی (1885) دروستكراوە، نەخشەسازی بازاڕەكە بەپێی هەفتەو مانگ و وەرزو ساڵ و كاتژمێرەكانی ڕۆژ دروستكراوە، پێكهاتەكەشی بریتییە لە قایەو بەردی بەهێزو گەچ.
(عەبدولستار جەباری) شارەزای بواری مێژووی كەركوك، لە بارەی ئەو بازاڕەوە بۆ ڕۆژنیوز باسی لەوە كردووە، بازاڕەكە لەلایەن جوولەكەكانی شاری كەركوك بە هاوبەشی لەگەڵ كوردەكاندا دروستكراوە، وتیشی: لە ڕابردوودا پێنج هەزار جولەكە لە شاری كەركوك هەبوون، هەموویان كاری بازرگانییان دەكرد لەگەڵ بەشێك لە دەوڵەمەندەكانی ئەم شارە، بازاڕەكە ئەو كات نووسینگەی كڕین و فرۆشتنی بازرگانی بووە، كەلوپەل لە قەیسەری نەفرۆشراوە، بەڵكو جولەكەكان لە كۆگاكان و خانەكان كەلوپەلیان فرۆشتووە.
ئەو مێژوونووسە باس لەوەش دەكات دوای دروستكردنی قەیسەری، جولەكەكان بە چواردەوری بازاڕەكەدا بەشێوەی بازنەیی خانویان دروستكردووە، هەروەها كۆڵانێكیان هێشتۆتەوە كە پێی دەڵێن تاق، تا ئێستاش ئەو تاقانە ماون، كە وەك بازگەیەكی پشكنین بۆ ئەوەی كەسی خراپ نەتوانێت دزە بكاتە ئەو ناوچەیە، بەكارهاتووە.
لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەكات كە بازاڕی قەیسەری لەلایەن عوسمانییەكانەوە دروستكرابێت، عەبدولستار جەباری، جەختدەكاتەوە بازاڕەكە لەلایەن جولەكەكانەوە دروستكراوە، دەشڵێت: بەهیچ شێوەیەك عوسمانییەكان دروستیان نەكردووە، بەڵام توركمان هەبووە لە شارەكەدا، عوسمانیەكان هەر كات شوێنێكیان داگیردووە، ناوێكی توركیان بەسەر ناوچەكەدا سەپاندووە، ئەمە گوزارشت لە عوسمانی بوون ناكات، ئەم ڕاستییە بەبەڵگەوە سەلـمێندراوە، چونكە كۆنترین گۆڕستانی شاری كەركوك، كە ناوی (شێخ محێدین)ە، تەنانەت گۆڕی یەك تورك یاخود عوسمانی تێدا نییە.
بازاڕەكە، كە (365) دووكان لە خۆدەگرێت، لە چاڵیدا دروست كراوە، بەشێوەیەك پێنج مەتر لە ئاستی زەوی چاڵترە، لە ڕابردوودا بۆ كاری زەڕەنگەری بەكارهاتووە.
ئەو بازاڕە مێژووییە، لە درەنگانێكی شەوی (28) ی مانگی ڕابردوودا، گڕی گرت و بەو هۆیەوە زیاد لە (300) دووكان سوتا، تا ئێستا ڕوون نییە هۆكاری كەوتنەوەی ئاگرەكە چی بووە، هەرچەندە سەرەتا باس لەوەكرا بە هۆی شۆرتی كارەباوە بووبێت، بەڵام دواتر ئەوە ڕەتكرایەوە، بۆ بە دواداچوونی ڕاستی ڕووداوەكەش، لێژنەیەكی لێكۆڵینەوە لەلایەن وەزارەتی ڕۆشنبیری عێراقەوە پێكهێندراوە.

 

 

ئـ . كـ