لانكەی مرۆڤی هۆمۆ دەدۆزرێتەوە

13/12/2018 - 09:00 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/هەمەڕەنگ

 

 

دۆزینەوەیەكی سەرسوڕهێنەر لەجەزائیر یارمەتی زانایانی شوێنەوارناسی داوە بۆ دەستنیشانكردنی لانكەی ڕاستەقینەی مرۆڤی (هۆمۆ).

(موحەمەد سەحنونی) لە سەنتەری نیشتمانی بۆ توێژینەوەی گەشەكردنی مرۆڤایەتی لە بۆرگۆسی ئیسپانیا لە وتارێكیدا لە گۆڤاری ساینسدا دەڵێت، پێدەچێت باوباپیرمان دوای دەركەوتنی ڕەگەزی هۆمۆ بە تەنها بەوەوە نەوەستابن كە لە خۆرهەڵاتی ئەفریقیا نیشتەجێ ببن، بەڵكو لەهەموو ناوچەكانیدا بەناوچەكانی باكوریشەوە نیشتەجێ بوون، لەبەر ئەوە دەتوانین بڵێین هیچ مانایەك نەماوە بۆ مشتومڕ سەبارەت بە شوێنی (لانكەی مرۆڤایەتی)، چونكە دەركەوت هەموو كیشوەرەكە نیشتمانی مرۆڤی هۆمۆ بووە.

تاكو ئێستاش هیچ كۆدەنگی نییە لە نێوان زانایانی بواری پاشماوە بەبەرد بووەكان و زانایانی زانستی شوێنەواردا سەبارەت بەو شوێنەی كە جۆری هاوشێوەی مرۆڤی ئێستای لێبووە یان دیمەنی ئەو مرۆڤە چۆن بووبێت، هێندە هەیە كە بڕوا وایە لانكەی ئەو مرۆڤە لەئەفریقیا بێت واتە لە ناوچەی (پارك ئاواش) لە ئەسیوپیا یان لە تەنگەی (ئۆلدۆڤای) بێت لە باشوری ئەفریقیا، ئەوەش دەزانرێت كە مرۆڤی (هۆمۆ) یان هاوشێوەكەی بەر لە (2.6) بۆ (2.4) ملیۆن ساڵ لە دوو شوێن دەركەوتوون، بەڵام ئەوەی نەزانراوە یەكەمین شوێنی نیشتەجێی ئەو مرۆڤانە كوێ بووەو كەی بەسەر ناوچەكانی دیكەی گۆی زەویدا بڵاو بۆتەوە ؟

(سەحنونی) و تیمە زانستییە یاوەرەكەی لە كاتی پرۆسەیەكی كنەو پشكنین لەناوچەی (عەین بوشریت) لەباكوری خۆرهەڵاتی جەزائیر، چینێك بەردیان دۆزیوەتەوە كە لە سەرەتای چاخی (بلیستۆسینی) واتە چاخی نوێدا دروست بووە واتە بەر لە (2.4 بۆ 1.9) ملیۆن ساڵ پێش ئێستا، هەمیشەش زانایان لەو چینانەدا پاشماوەی ئەو زیندەوەرو ئاژەڵە زەبەلاحانە دەدۆزنەوە كە لەو سەردەمەدا ژیاون، بەڵام بەر لە (10) ساڵ، زانایانی پاشماوە بەبەردبووەكانی ئیسپانیا چینێكی سەیری لم و بەردیان دۆزییەوە كە ژمارەیەكی زۆری ئێسكی ئاژەڵانی كۆنی تێدا بوو، دوای توێژینەوە لەسەر پاشماوە بەبەردبووەكان لە تاقیگەدا بۆیان دەركەوت ئێسكەكان شوێنەواری ڕووشان و برینداركردنی لەسەرە كە لەو ڕووشانانە دەچێت كە لەئەنجامی بەشبەشكردنی ئەندامەكانی لەشی ئاژەڵانەوە دروست دەبێت كاتێك سەردەبردرێن و گۆشتەكەیان لەت و پەت دەكرێت، ئەمەش وای لەو زانایانە كردووە دوای ئەو هەموو ساڵە بگەڕێنەوە بۆ ناوچەی (عەین ئەبو شریت) بۆ ئەوەی دووبارە كنەو پشكنینی دیكە بكەن، بەو هیوایەی هۆكارەكانی ئەو ڕوشاوی و برینداربوونانە بدۆزنەوە.

هەرچەندە تیمەكە تا ئێستا پاشماوەی مرۆییان لەو ناوچەیە نەدۆزیوەتەوە، بەڵام هەندێك كەلوپەل و ئامڕازی كۆنیان دۆزیوەتەوە كە هاوشێوەی ئەو ئامڕازانەیە كە لە تەنگەی (ئۆلدۆڤای) دۆزراونەتەوە.

ئەو تیمە پشكنینی پێویستیان كرد بۆ ئامرازە دێرینەكان و دەركەوت كە مێژووەكەیان دەگەڕێتەوە بۆ (2.4 بۆ 2.9) ملیۆن ساڵ پێش ئێستا، ئەمەش مانای وایە كە هەڵگرانی تەكنەلۆژیا دێرینەكانی تەنگەی (ئۆلدۆڤای) لەباكوری ئەفریقیاش بوون.

بەپێی ڕوونكردنەوەكانی (سەحنونی) ئەو دۆزینەوەیە ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە ڕەگەزی (هۆمۆ) لەشوێنێكی دیاریكراوی ئەفریقیادا نەبووە، بەلكو لە هەموو ئەفریقیادا بووە و ئەوەشی ئەوە پشتڕاست دەكاتەوە دۆزینەوەی ئێسكوپروسكی مرۆڤێك بووە لە ئەسیوپیا كە پێدەچێت بەر لە (2.8) ملیۆن ساڵ لەو ناوچەیە ژیابێت.

بەپێی ئەو تیمە شوێنەوارە ئیسپانییە قسەكانی (موحەمەد سەحنونی) پێویستە ئەو دۆزینەوانە سنورێك بۆ ئەو مشتومڕە بەردەوامە دابنێت كە سەبارەت بە مێژووی جۆری مرۆڤی هاوچەرخ هەیە.

كەشتی نووح

 

 

ئـ . كـ