لەبارەی ئەشكەوتی بەستوون ئەمانە بزانن

سێ شەممە, 01 کانونی دووەم 2019 07:07

 

باكوری شارۆچكەی سۆرانی سەر بە پارێزگای هەولێر، شوێنی یەكێك لە ئەشكەوتە هەرە دێرینەكانی ئەم ناوچەیەیە، ئەویش ئەشكەوتی (بەستوون) ە، كە ناوەوەی ئەشكەوتەكە جۆرێكی دەگمەنی كریستاڵی تێدایە.

ئەشكەوتی بەستوون بە دووری (37) كیلۆمەتر دەكەوێتە باكوری شارۆچكەی سۆران، ئەشكەوتەكە بە شێوەیەكی سەرەنج ڕاكێش لە ناوەڕاستی چیای برادۆست هەڵكەوتووەو یەكێكە لەو شوێنەوارە دێرینانەی مێژووەكەی بۆ سەردەمی چاخی بەردینی ناوەڕاست دەگەڕێتەوە.

سەرنج ڕاكێشی ئەشكەوتەكە جگە لە هەڵكەوتەی جوگرافییەكەی، بەهۆی بوونی كریستاڵێكی زۆرەوەیە بە دەوری ستوونەكانیدا، دەروازەی ئەشكەوتەكەش سێ ستوونی هەیەو ستوونەكانیش بە شێوەیەك هەڵكەوتوون، كە لە دەستكردنی مرۆڤ دەچن، ئەمەش وایكردووە، ئەشكەوتەكە ناوی بنرێت بەستوون.

بەپێی سەرچاوە مێژووییەكان، ئەشكەوتی بەستوون، جێگەیەكی دیاری لە مێژووی شوێنەوارەكانی كوردستان و ناوچەكەدا هەیە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی لە كۆندا مرۆڤی تێدا ژیاوەو مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ چاخی بەردینی ناوەڕاست، واتا دەوروبەری (15) هەزار ساڵ پێشی میلاد.

لە دەوروبەری ئەشكەوتەكەدا، چەندین ئەشكەوتی دیكە بەرچاو دەكەون، وەك ئەشكەوتی (دیان و سیس)، بەڵام ئەوانە لە ڕابردوودا زیاتر بۆ بەخێوكردنی مەڕو ماڵات بەكارهێندراون.

(فازڵ هاودیانی) شوێنەوارناس، لە بارەی ئەشكەوتی بەستوونە بۆ ڕۆژنیوز باسی لەوە كرد، كە چەندین لێكۆڵینەوەی گرنگ لەسەر ئەو ئەشكەوتە كراوەو دەركەوتووە، بەستوونە یەكێكە لە كۆنترین ئەشكەوتەكانی عێراق و لە جیهاندا بایەختی تایبەتی هەیە.

ئەو شوێنەوارناسە، ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات تا ئێستا بایەختی پێویست بەو ئەشكەوتە نەدراوە، چ بۆ مەبەستی گەشتیاری یاخود بۆ لێكۆڵینەوەی زانستی، ئەمەش كەمتەرخەمی حكومەتی هەرێم و بەرێوەبەرایەتی شوێنەوارەكانی هەرێمی كوردستان دەردەخات.

بەپێی لێكۆڵینەوەی شوێنەوارناسانی بیانی، كە لە مانگی نیسانی ساڵی (1950) ئەنجامیانداوە، سەدان پارچە گۆزەو ئێسكی ئاژەڵ و ئێسكێكی ڕانی مرۆڤ و چەند بەردە ئەستێیەك لەناو ئەشكەوتەكاندا دۆزراونەتەوە، كە مێژووی پارچە گۆزەكان بۆ دەوروبەری سێ هەزارو نیو تا پێنج هەزار ساڵ پێش میلاد دەگەڕێنەوە، پاشماوەكانی دیكەش بۆ سەرەتای قۆناغی كشتوكاڵی گەڕاندۆتەوە، كە دەكاتە نزیكەی حەوت هەزار ساڵ پێش میلاد.

لەمیانەی لێكۆڵینەوەكاندا، شوێنەوارناسان لەناو ئەشكەوتەكەدا هیچ كەلوپەلێكیان نەدۆزیوەتەوە، كە لە بەرد دروستكرابێت و بگەڕێتەوە بۆ چاخی بەردینی كۆن، بەڵام لە ئەشكەوتەكەدا پاشماوەی چاخی بەردینی كۆنی سەروو دۆزراوەتەوە، كە مێژووەكەی دەكاتە نزیكە (15 – 40) هەزار ساڵ پێش میلاد، بۆیە شوێنەوارناسان بڕوایان وایە، ئەم ئەشكەوتە لەلایەن ڕاوچی و كۆچەرو شوانەكانەوە بەكارهاتوون، كاتێكیش گۆزەكانیان هێنابێت بۆ ئەشكەوتەكە، دواتر شكاون و پاشماوەكانیان لەوێدا فڕێدرابێت، بەوپێیەی هیچ گۆزەیەكی ساغ لە ئەشكەوتەكەدا نەدۆزراوەتەوە.

 

 

ئـ . كـ