هەسارۆكەیەك دەچێتە لێواری جیهان

سێ شەممە, 01 کانونی دووەم 2019 07:31

 

 

دوای گەشتێكی دوورودرێژی دۆزەرەوەی (نیوهۆرایزۆن) ی سەر بە ئاژانسی ناسا لە هەسارۆكەیەك نزیك دەبێتەوە كە بە لێواری جیهان ناسراوە.

(ئالن ستێرن) ی سەرپەرشتیاری زانستی تیمی (نیوهۆرایزۆن) ی ئەمریكی ئاشكرایكردووە، ئەو دۆزەرەوەیە بە سەركەوتوویی لە هەسارۆكەی (ئێم وای 69 – 2014) نزیك بۆتەوە‌و دەستی كردووە بە ئەركەكەی.

ئەو لێپرسراوە نووسیویەتی، سەنتەری بەڕێوەبردنی تیمی دۆزەرەوەی (نیوهۆرایزۆن) ئاماژەیەكی لە دۆزەرەوەكەوە پێگەیشتووە كە دەریدەخات نیوهۆرایزۆن كەوتۆتە كار بۆ ئەنجامدانی ڕووپێویی و گەڕان لە نزیك هەسارۆكەكە كە بە هەسارۆكەی لێواری جیهان ناسراوە.

بەپێی ژمێرەكردنی ئاژانسی ناسا لە ئەمڕۆوە دەگاتە نزیكترین خاڵ لەگەڵ هەسارۆكەكەدا، بەڵام تائێستا ڕوونكردنەوە نەدراوە سەبارەت بەو مەودایە كە داخۆ چەند بێت ؟

زانایان پێیانوایە مەودای نێوان دۆزەرەوەكەو هەسارۆكەكە كەمتر دەبێت لە مەودای نێوان دۆزەرەوەی نیوهۆرایزۆن و هەسارەی بلۆتۆ كە لە ساڵی (2015) دا ئەو دۆزەرەوەیەی ناسا سەردانی كرد، ئەو مەودایەش نزیكەی (12.5) هەزار كیلۆمەتر بوو.

پێویستە بوترێت، هەسارۆكەكە لە ساڵی (2014) دا بە هۆی تەلیسكۆبی هابلەوە دۆزرایەوەو لە مانگی مارتی (2018) دا لەلایەن ناساوە نازناوی (یۆڵتیما تۆول) یان (لێواری جیهان) ی پێبەخشرا.

ناسا دەڵێت، زانیاری بەردەست لەسەر ئەو هاسارۆكەیە زۆركەمە، بۆیە هیوادارین بە یارمەتی ئەو دۆزەرەوەیە زانیاری زیاترمان پێبگات، هەروەها زاناكان ئەو ئەركەی دۆزەرەوەكە بەكنە‌و پشكنینی شوێنەوار دادەنێن لە ناو سیستەمی خۆرداو بە هیوایەشن بگەنە زانیاری لەبارەی چۆنیەتی دروستبوونی ئەو تەنانەی بۆشایی ئاسمان و ئەگەری ئەوەی داخۆ مانگ یان ئەڵقەیەكیان هەیە بە دەورییاندا ؟

ناسا ئاماژە بەوە دەكات ئێستا دۆزەرەوەكە نزیكەی (129) ملیۆن كیلۆمەتر لە هەسارۆكەكەو (6.3) ملیار كیلۆمەتریش لەزەوییەوە دوورەو ئەو ئاماژانەی لە زەوییەوە بۆی دەچێت بە (6) سەعات دەگاتە دۆزەرەوەكە، كاتێكیش نزیك دەبێتەوە لە هەسارۆكەكە ئەو ئاماژەو پەیمانەی دەینرێت بە (7) سەعات دەگاتە زەوی، هەرچی ئەو وێنانەشە كە بڕیارە نیوهۆرایزۆن بیاننێرێت ئەوا كاتێكی زۆرتریان دەوێت تا دەگەنە زەوی.

 

 

ئـ . كـ