كێ ئەندازیاری مزگەوتی مەككەو مەدینەی پیرۆزە ؟؟

05/01/2019 - 09:31 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/هەمەڕەنگ

 

 

هیچ رۆژێك ئەو پرسیارەت لە خۆت كردووە ؟ 

ئایا ئەو ئەندازیارە كێیە كە دیزاینی مزگەوتی مەككەو مەدینەی پیرۆزی كردووە ؟؟
ئایا پرسیارت كردووە كێ ئەم دیزاینە جوان و سەرنج راكێشەی كردووە كە رەنگی سپی زاڵ بێت بەسەر دیمەنی مزگەوتەكەو دیزاینەكە ئاوا سەرنج راكێش و جوان بێت.
ئەو ئەندازیارەی ئەم دیزاینەی كردووە لەلای زۆربەی موسڵمانان نەناسراوەو كەمتر حەزی بە دەركەوتن كردووە، ئەم ئەندازیارە ناوی (د. موحەمەد كەمال ئیسماعیل) ە.
چەند لایەنێك لە ژیانی :
ناو : موحەمەد كەمال ئیسماعیل، بە ڕەگەز میسرییە.

ناوبراو لە ساڵی (1908) لەشاری (مێت غومەر) ی پارێزگای دەقهەلییەی میسر لەدایك بووە، دواتر چوونەتە شاری ئیسكەندەرییەو لەوێ‌ چۆتە زانكۆی (فوئادی یەكەم) و ئەندازیاری خوێندووە، لە ئەندازیاری بیناسازی مزگەوتەكانی میسر زۆر شارەزا بووە، پاشان چۆتە ئەوروپاو بڕوانامەی دكتۆرای لە ئەندازیاری بەدەستهێناوە، سەرەنجام لەشاری قاهیرەو لەتەمەنی (99) ساڵی و لەساڵی (2008) كۆچی دوایی كردووە. 


یەكەم ئەندازیارە كە سەرپەرشتی دیزایین كردن و فراوان كردنی مزگەوتی مەككەی پیرۆزی كردبێت كە لەماوەی (14) سەدەی رابردوو بە باشترین و جوانترین شێوە ئەنجامدراوە.
ئەم كارەی بێ بەرامبەر كردووە، واتا دیزایین كردن و سەرپەرشتی كردنی كارەكەی بە خۆڕایی كردووەو كاتێك گروپی كۆمپانیای بن لادن و حكومەتی سعودییە ملیۆنەها ریالیان خستە بەردەستی.
ئەندازیار موحەمەد ووتی : پارە لە كارێك وەربگرم كە بۆ مزگەوتی مەككەی پیرۆزی بكەم، دواتر بە چ ڕووێك سەیری خوای گەورە بكەم.
هاوسەردەمی هەموو پاشاكانی حكومەتی سعودییە بووە، واتا لەسەردەمی مەلیك عەبدولعەزیز تا سەردەمی سەلـمان پاشا.
لەكارەكانی دیزایین و سەرپەرشتی زۆر ووردبین بوو و بەهیچ شێوەیەك موجامەلەی كەسی نەدەكرد، هەتا خودی پاشاكانی سعودییە تێكەڵاوی كارەكانی نەدەبوون و رێزێكی زۆریان لێدەگرت.
لە تەمەنی (44) ساڵی ژیانی هاوسەرگیری پێكهێناوە و تەنها یەك كوڕی هەبووە، دواتر خێزانەكەی جێی هێشتووەو بەتەنیا ماوەتەوەو خۆی تەرخان كردوە بۆ خوا پەرستی.
تەمەنی لە (100) ساڵ تێپەڕی و كۆچی دوایی كردو هەموو ژیانی تەرخان كردبوو بۆ خزمەتكردنی مزگەوتی مەككەی پیرۆزو مزگەوتی پێغەمبەرمان (درودی خوای لەسەربێت) لە شاری مەدینە.
كەسایەتیەكەی بەجۆرێك بوو كە دووربوو لەخۆ دەرخستن و زۆر بەكەمی لە راگەیاندنەكان دەردەكەوت.
ئەم پیاوە بەڕێزە چیرۆكێكی سەیری لەگەڵ مەڕمەڕی مزگەوتەكە هەیە، چونكە ئەندازیارەكە دەیوویست مەڕمەرێكی سپی لە زەوی مزگەوتەكە بدات بۆ ئەوەی ئەم گەرمییە بمژێت و ئەو جۆرە مەڕمەرەش لە چیایەك هەبوو كە لە چیاكانی یۆنان هەبووە.
چیڕۆكی كڕینی مەڕمەڕی مزگەوتی مەككەو مەدینەی پیرۆز :
ئەندازیار موحەمەد بۆ هێنانی ئەم مەڕمەڕە رووی لە یۆنان كرد بۆ ئەی مەڕمەڕەكە بهێنێت و گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیایەكی تایبەت كرد بۆ ئەوەی مەڕمەڕەكە بهێنێتە سعودییە.
كاتێك دەگەڕێتەوە مەڕمەرەكە لە زەوی مزگەوت دەدات، بەڵام دوای (15) ساڵ بەرپرسانی وڵاتی سعودییە داوا لە ئەندازیار موحەمەد دەكەن كە جارێكی دیكە مزگەوتی مەككەی پیرۆز فراوانتر بكەن و پێویستە هەمان مەڕمەڕ بۆ ئەم مەبەستە بەكار بهێنێت.
ئەندازیار موحەمەد دەڵێت : كاتێك ئەو داوایەم لێكرا، چونكە ئەو جۆرە مەڕمەڕە تەنها لە شوێنێكی چیای یۆنان هەیەو رێژەیەكی زۆر كەم بووەو لەوانەیە نەمابێت.
ئەندازیار موحەمەد دەڵێت : جارێكی دیكە گەشتم كرد بۆ یۆنان بۆ ئەوەی هەمان مەڕمەڕ بهێنم و چوومە كۆمپانیایەكە پێشوو كە مەڕمەرەكەم لێ كڕی بوون و داوای هەندێكی دیكەم كرد.
بەڵام لە كۆمپانیا پێیان ووتم : ئەم جۆرە مەڕمەڕە نەماوەو دوای تۆ كەسێكی تر كڕیوویەتی و لەئێستاشدا ئەم مەڕمەڕە دەست ناكەوێت.
ئەندازیار موحەمەد دەڵێت: بەم قسانە دڵم زۆر تەنگ بوو قاوەكەشم نەخواردەوەو كۆمپانیام جێهێشت و پلیتی فرۆكەم وەرگرت بۆ ئەوەی بگەڕێمەوە سعودییە، بەڵام پێش ئەوەی لە كۆمپانیا بێمە دەرەوە چوومە لای سكرتێرەكەو و پێم ووت : كێ بڕە مەڕمەرەكەی دیكەی كڕی.
سكرتێرەكەش ووتی : ئەم بابەتە ساڵانێكی زۆری بەسەر رۆیشتووەو ئەستەمە بتوانین ئەو كەسە بدۆزینەوە كە مەڕمەرەكەی دیكەی كڕیووە.
منیش ووتم : من رۆژێكی دیكە لە یۆنان دەمێنمەوەو ئەگەر هەر زانیارییەكتان دەست كەوت ئەمە ژمارەی تەلەفۆنی هوتێلەكەمە، بەخەمباری كۆمپانیام بەجێهێشت.
دوای ئەوەی كۆمپانیام جێهێشت لە خۆم پرسی بۆچی دەتەوێ بزانی كێ كڕیوویەتی ؟ بەڵام نەمدەزانی بۆچی ئەم كارە دەكەم، بەڵام ئومێدێكم لە دڵدا هەبوو.
ئەندازیار موحەمەد دەڵێت : بۆ بەیانی بە چەند كاتژمێرێك پێش ئەوەی گەشت بكەم، لە كۆمپانیا تەلەفۆنیان بۆ كردم و ووتیان وەرە كۆمپانیا، چونكە ناونیشانی ئەو كەسەمان دۆزییەوە كە مەڕمەڕەكەی كڕیووە.
منیش رووم كردە كۆمپانیاو لە رێگەش بەخۆم دەگووت باشە چی لە ناونیشانی ئەو كەسە بكەم كە مەڕمەڕەكەی كڕیووە.
كاتێك چوومە كۆمپانیاو ناونیشانی ئەو كەسەیان پێدام كە مەڕمەڕەكەی كڕیووە، سەرم سوڕما كە بینیم ئەو كەسەی مەڕمەڕەكەی كڕیووە هاوڵاتیەكی سعودییە.
راستەوخۆ رووم لە فرۆكەخانە كردو گەڕامەوە سعودییەو رووم لەو كۆمپانیایە كرد كە مەڕمەڕەكەی كڕیووەو چوومە لای خاوەنی كۆمپانیایەكەو پێم ووت : ئەو مەڕمەڕەی لە یۆنان كڕیتان چیتان لێكردووە.
ئەویش ووتی : بەراستی نازانم، بەڵام با تەلەفۆن بۆ كۆگا بكەم بۆ ئەوەی بزانم ئەم مەڕمەڕە یۆنانیەیان چی لێكردووە.
لە كۆگا ووتیان : تەواوی ئەو مەڕمەڕەی چەند ساڵێك پێش ئێستا لە یۆنان كڕیوومانە وا لە كۆگا ماوەو دەستی لێنەدراوە.
ئەندازیار موحەمەد دەڵێت: كاتێك گوێم لەم قسەیە بوو وەك منداڵ دەستم بە گریان كردو خاوەنی كۆمپانیایەكە ووتی : بۆ چی دەگری.
منیش تەواوی چیرۆكەكەم بۆ گێڕایەوە و پێم ووت : ئەوە چەكێكی پارە چەندت دەوێ بینووسەو ئەو مەڕمەڕەمان پێبدە بۆ ئەوەی لە زەوی مزگەوتی مەككەو مزگەوتی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەربێت) لەمەدینە بیدەین.
خاوەنی كۆمپانیایەكە ووتی : وەلڵاهی شتێك بۆ مزگەوتی مەككەی پیرۆزو مزگەوتی پێغەمبەرمان (درودی خوای لەسەر بێت) بێت یەك درهەمی لەسەر وەرناگرم.
چونكە ئەم كارە لە خۆڕا نییە، بەڵكو خوای گەورە ئەمەی لە بیر بردوومەتەوەو وای لێكردم بیكڕم بۆ ئەوەی ئەو رۆژە بێت بۆ ئەوەی جارێكی دیكە لە فراوان كردنی ئەو مزگەوتە بەكاربێتەوە.

 

 

ئـ . كـ