كورتە مێژووییەكی سوپای عێراق بزانن

07/01/2019 - 09:39 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/هەمەڕەنگ

 

 

هێزە چەكدارەكانی عێراق كە سوپای كۆماری عێراقی فیدراڵە، لەچەند هێزێك پێكدێت كە بریتین لە هێزە وشكانییەكان، هێزە دەریاییەكان، هێزە ئاسمانییەكان لەگەڵ هێزەكانی پاسەوانی هەرێمی كوردستان (پێشمەرگە).

مێژووی دامەزراندنی سوپای عێراق دەگەڕێتەوە بۆ شەشی كانونی دووەمی ساڵی (1921)، یەكەمین یەكەی سوپای عێراق لەسەردەمی ئینتیدابی بەریتانی بەناوی (موسا كازم) لە بەغدا پێكهێنرا، دواتر لەساڵی (1931) هێزی ئاسمانی عێراق پێكهێنرا لەساڵی (1937) دا هێزە دەریاییەكان پێكهێنرا.
لەكۆتاییەكانی جەنگی نێوان عێراق‌ و ئێراندا، ژمارەی سەربازانی سوپای عێراق گەیشتە لوتكە‌و بوو بە یەك ملیۆن سەرباز، ساڵی (2003) دوای هێرشی هێزەكانی ئەمریكا‌و هاوپەیمانان بۆسەر عێراق، (پۆڵ بریمەر) حاكمی مەدەنی ئەمریكا لە عێراق بەبڕیارێك سوپای عێراقی هەڵوەشاندەوە‌و سەر لەنوێ دەستكرا بەبنیادنانەوەی ئەو سوپایە.
چۆنیەتی دامەزراندنی سوپا:
دوای شۆڕشی ساڵی (1920)، یەكەمین حكومەت لە عێراق پێكهێنرا، ئەو حكومەتە بە دروستكردنی فەوجێك بەناوی فەوجی (موسا كازم) لەمانگی كانونی دووەمی ساڵی (1921) دەستیكرد بە بنیادنانی بنەماكانی سوپای عێراق، فەوجی (موسا كازم) لەو ئەفسەرانە پێكدەهات كە پێشتر لەگەڵ سوپای عوسمانیەكاندا لەناوچەی كازمیە لە بەغدا كاریان كردبوو.
دواتر وەزارەتی بەرگری عێراق بەسەرۆكایەتی فەریق (جەعفەر عەسكەری) پێكهات، سوپا لەو كاتەدا پشتی بە خەڵكانی خۆبەخش دەبەست، فیرقەی یەكی پیادە لە دیوانیە‌و فیرقەی دوو لە كەركوك پێكهێنرا.
ساڵی (1931)، عێراق سەربەخۆیی لەبەریتانیا وەرگرتەوە‌و هەر لەو ساڵەدا هێزە ئاسمانی پێكهێنرا‌و دوای چەند ساڵێكیش هێزە دەریاییەكان بەژمارەیەك بەلەمەوە دروستكرا.
ساڵی (1936) سوپای عێراق بەشداری لەیەكەمین كودەتای سەربازیدا كرد بەسەرۆكایەتی فەرماندەی فیرقەی دوو فەریق (بەكر سدقی)، حكومەتێكی نوێ بەسەرۆكایەتی (حیكمەت سلێمان) پێكهێنرا، مانگی ئایاری ساڵی (1941) سوپای عێراق چوە جەنگێكەوە لەگەڵ سوپای بەریتانیا، بەر لەو جەنگی بەریتانیا سوپای عێراق لە چوار فیرقەی پیادە پێكدەهات هەر فیرقەیەكیش سێ لیوای لەخۆدەگرت، فیرقەی یەكەم‌ و سێیەم لەبەغدا جێگیربوون، فیرقەی دوو لەشاری كەركوك ‌و فیرقەی چواریش لەدیوانیە بوو.
لەساڵی (1958) دا، سوپای عێراق لەچوار فیرقەی پیادە پێكدەهات فیرقەی پیادەی یەك لە دیوانیە‌و فیرقەی دوو لە كەركوك‌ و فیرقەی سێ لەدیالە‌و فرقەی چوار لەموسڵ بوون.
لەهەمان ساڵدا، سوپای عێراق جارێكی دیكە بەشداری كودەتایەكی سەربازی كرد بەسەرۆكایەتی (عەبدولكەریم قاسم) (شۆڕشی 14 ی تەمموزی 1958)، ساڵی (1961) دوای سەربەخۆیی كوەیت (عبدولكەریم قاسم) هەڕەشەی كرد ئەو وڵاتە بخاتە سەر عێراق بەوهۆیەوە سوپای عێراق لەناوچە سنووریەكان لەگەڵ كوەیت كۆكرایەوە.
ساڵی (1963) سوپای عێراق جارێكی دیكە بەشداری كوتادەی سەربازی كرد‌و ئەمجارەشیان كۆتایی بەدەسەڵاتی (عەبدولكەریم قاسم) هێنا، ساڵی (1968) سوپای جارێكی دیكە كودەتای كرد‌و بەعسیەكان بەهۆی ئەو كودەتایەوە گەیشتنە لوتكەی دەسەڵات لەعێراقدا.
دواتر (سەدام حوسێن) كە بوو بە سەرۆكی وڵات هەوڵەكانی دەستپێكرد بۆ بنیادنانی سوپایەكی گەورە‌و بەهێز، لەماوەی ساڵانی جەنگی نێوان عێراق ‌و ئێران ژمارەی سەربازانی سوپای عێراق بەشێوەیەكی گەورە زیادیكرد، ژمارەی سەربازانی سوپای عێراق لەو ساڵانەدا‌و بەدیاریكراویش ساڵی (1981) گەیشتە (200) هەزار سەرباز كە دابەشبوبوون بەسەر (12) فیرقە‌و سێ لیوای سەربەخۆدا، دواتر لەساڵی (1985) دا ژمارەی سەربازانی سوپای عێراق گەیشتە (500) هەزار سەرباز‌و (23) فیرقە‌و نۆ لیوا.
لەكاتی جەنگی دووەمی كەنداودا لەساڵی (1991) سوپای عێراق گەورەبوونێكی بەرچاوی بەخۆوە بینی ‌و لەو ساڵانەدا ژمارەی سەربازانی سوپای عێراق گەیشتە یەك ملیۆن سەرباز كە دابەشكرابوون بەسەر (42) فیرقە‌و (20) لیوای تایبەتەوە سەرباری شەش فیرقەی گاردی كۆماری.
لە بابەتێكی كەركوك ناودا هاتووە، دوای رووخانی رژێمی پێشوی عێراق بەسەرۆكایەتی (سەدام حوسێن) لەلایەن هێزەكانی ئەمریكا‌و هاوپەیمانانەوە لەساڵی (2003) دا حاكمی مەدەنی ئەمریكا لەعێراق، (پۆڵ بریمەر) بە بڕیارێك پاشماوەكانی سوپای عێراقی هەڵوەشاندەوە‌و بڕیاردرا لەسەر پێكهێنانی سوپایەكی نوێ لە (17) فیرقە، هەر فیرقەیەكیش لەچوار لیوا پێكدێت لەگەڵ پێكهێنانی هێزە وشكانی‌ و ئاسمانی ‌و دەریاییەكان‌ و هێزی گاردی نیشتیمانی.
پلە سەربازییەكان لەناو سوپای عێراقدا:
سەرباز: هیچ نیشانەیەك هەڵناگرێت
سەربازی پلەیەك: خەتێك لە قۆڵی دەبەستێت
نائیب عەریف: دوو خەت لەقۆڵی دەبەستێت
عەریف: سێ خەت دەبەستێت
رەئیس عورەفا: چوار خەت دەبەستێت
نائیب زابت: داڵێك لە بەرۆكی دەدات
پلەی ئەفسەران:
ملازم: ئەستێرەیەك لەسەر شانیەتی
ملازمی پلە یەك: دوو ئەستێرە دادەنێت
نەقیب: سێ ئەستێرە هەڵدەگرێت
رائید: داڵێك لەسەر شانی دادەنێت
موقەدەم: داڵێك ‌و ئەستێرەیەك هەڵدەگرێت
عەقید: داڵێك ‌و دوو ئەستێرە
عەمید: داڵێك ‌و سێ ئەستێرە
لیوا: داڵێك ‌و دوو شمشێری یەكتربڕ لەسەر شانیەتی
فەریق: داڵێك ‌و دوو شمشێر‌و ئەستێرەیەك
فەریق ئەوەل: داڵێك ‌و دوو شمشێر‌و دوو ئەستێرە