ڕووە تاریكەكەی مانگ ئاشكرا دەكرێت

09/01/2019 - 08:45 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/هەمەڕەنگ

 

 

كەپسولێكی ئاسمانی چین، بە سەركەوتوویی لەسەر ڕووە تاریكەكەی مانگ نیشتەوەو دەستی كرد بە لێكۆڵینەوەكانی.

لە دەستپێكی ساڵی نوێدا هەواڵێكی سەرنج ڕاكێش بە جیهاندا بڵاوبوویەوە، ئەویش نیشتنەوەی كەپسولی (چانگ ئێ – 4) ی سەر بە ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی چین بوو لەسەر ڕووە تاریكەكەی مانگ، بەمەش ئەو كەپسولە بووە یەكەمین ئامێرو دۆزرەوەی بۆشایی ئاسمانی كە بێ كێشە لەسەر ئەو ڕووەی مانگ بنیشێتەوە كە لە زەوییەوە نابینرێت.

لەمبارەیەوە ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی چین ئاشكرایكردووە، ئەو كەپسولە كە ئامێرێكی نیشتنەوەو ئامێرێكی گەڕانی لێبەستراوە لە هێڵی درێژیی (177.6) پلەی خۆرهەڵات و هێڵی پانی (45.5) پلەی باشوور لەوپەڕی مانگەوە نیشتۆتەوە.

پێشترو لە حەوتی دیسێمبەری ساڵی (2018) دا ئەو كەپسولە لە فرۆكەخانەی بۆشایی ئاسمانی هەرێمی سیشوانی باشوری خۆرئاوای چینەوە بەرەو مانگ هەڵدراو بەو مەبەستەی ئەو كەپسولە لەسەر ڕووە تاریكەكەی مانگ بنیشێتەوە.

زانایانی بۆشایی ئاسمانی چین دووپاتیانكردەوە كە هەڵدانی ئەو كەپسولە دەستپێكێكی باش دەبێت بۆ كارەكانی دیكەیان لە بواری بۆشایی و گەڕان بە دوای نهێنییەكانی گەردوون.

 

 

ئـ . كـ