تەلعەت سامان، دەرهێنەری دیاری دراماو شانۆی كوردی بە ڕووداوێكی هاتووچۆ گیانی لەدەستدا

14/01/2019 - 22:48 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/هەمەڕەنگ

 

 

(تەلعەت سامان) دەرهێنەری دیاری دراماو شانۆی كوردی، لە ڕووداوێكی هاتووچۆدا لەسەر ڕێگەی پیرمام لە تەمەنی (73) ساڵیدا گیانی لەدەستداو كۆچی دوایی كرد.

(تەلعەت سامان) لەساڵی (1946) لەشاری هەولێر لەدایكبووە، لەساڵەكانی (1968 – 1970) بەكالۆریۆسی لەبەشی شانۆیی ئەكادیمیای هونەرە جوانەكانی بەغدا بەدەستهێناوە.

دەستپێكی كارەكانیشی بەنووسینی چەند درامایەك بووە لەساڵی (1962) دامەزرێنەری تیپی قوتابیانی هونەری بەغدا بووە لەساڵی (1969)، وەكو دەرهێنەریش لەچەندین دراماو زنجیرەی تەلەفزیونی و شانۆیی كاری كردووە، وەكو وەرگێڕیش چەندین دەقی شانۆیی لەعەرەبیەوە وەرگێراوەتە سەر زمانی كوردی.

لەساڵی (1970) تیپی لاوانی دیموكراتی كوردستانی دامەزراندووە، لەساڵی (1972) لقی هەولێری كۆمەڵەی هونەرو وێژەی كوردی دامەزراندووە، لەساڵی (1974) تیپی هونەری نوێی دامەزراندووە، لەساڵی (1992) تیپی شانۆیی سامانی دامەزراندووە، لەساڵی (1996) سەرۆكی لقی هەولێری یەكێتی هونەرمەندانی كوردستان بووە، ئێستاش سەرۆكی مەڵبەندی گشتی كۆمەڵەی هونەرو وێژەی كوردی بوو لەشاری هەولێر.

 

 

ئـ . كـ