مرۆڤ لە (70%) ی شیردەرەكانی لەناو بردووە

19/01/2019 - 09:14 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/هەمەڕەنگ

 

 

ڕاپۆرتە جیهانییەكان نیشانی دەدەن كە مرۆڤایەتی لەوەتەی ساڵی (1970) ەوە تاكو ئێستا، بەڕێژەی (70%) هەموو ئاژەڵی جیهانی لەجۆری شیردەر، ماسی، باڵندەو گیانەوەرەكانی دیكەی لەناوبردووە.

ئەوەش وەك مەترسییەكی گەورە لەسەر سروشت و چارەنووسی نەك ئاژەڵ بەتەنیا، بەڵكو كۆی ژیان لەسەر گۆی زەوی لێكدانەوەی بۆ دەكرێت و وەك بەشێك لە هۆیەكانی تێكچوونی هاوسەنگی زەوی و وەك هەڕەشەیەك لەسەر ژیان دادەنرێت.

ئەو داتایانە لە ئەنجامی توێژینەوەیەكی سندووقی جیهانی سروشت بەدەست هاتوون، كە (59) زانا لەسەرتاسەری جیهان بەشداریان تێدا كردووە.

(مارك باریت) بەڕێوەبەری زانست و پارێزگاری لە ڕێكخراوەكە ئاشكرایدەكات، ئێمە لە لێواری هەڵدێرێكداین و داهاتووی خەڵك كەوتۆتە مەترسییەوە ئەوەش وەك ئاماژەدان بە مەترسییەكانی بەهۆی لەناوبردنی ئاژەڵەوە كەوتوونەتەوە.

هەندێك لە زانایان پێیان وایە، ئەو كارەساتانەی لەسەر دەستی مرۆڤ ڕووبەڕووی ژینگەو سروشت دەكرێتەوە، ئەگەر هەر ئێستا كۆتاییان پێ بێت، ئەوە لەوانەیە پێنج تا حەوت ملیۆن ساڵ پێویست بكات بۆ ئەوەی سروشت جارێكی دیكە بۆ دۆخی ئاسایی خۆی بگەڕێتەوە.

(مارك باریت) دەڵێ، ژیانی سەر ئەم هەسارەیە بەڕوونی دەریدەخات كە چاڵاكییەكانی مرۆڤ بەڕێژەیەكی نەگونجاو سروشت وێران دەكەن، ئەوەش هەڕەشەیەكە لەسەر ئێستا و نەوەكانی داهاتوو.

 

 

ئـ . كـ