بەم چەشنە مرۆڤایەتی پێویستی بە 4 گۆی زەوی هەیە

24/04/2019 - 09:30 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/هەمەڕەنگ

 

كێشەكە ئەوە نیە ژمارەمان نزیكەی هەشت ملیار كەسە، بەڵكو ئەو هەموو كەلوپەل و خواردن و پێداویستیە زۆرەیە كە هەر تاكێكی مرۆڤی ئەمڕۆ بەكاریان دەهێنێت و بەفیڕۆیان دەدات بەدرێژایی ژیانی، بەرهەمهێنانی ئەو پێداویستیانە ووزەیەكی ئێجگار زۆری دەوێت، تاوەكو ئێستاش ڕێژەی هەرە زۆری ئەو ووزەیەش لە ڕێگەی سوتەمەنیە بەبەردبووەكان بەرهەم دەهێنرێت.

ئەگەر هەموو مرۆڤەكان لەسەرانسەری جیهان بە هەمان بڕی ئەمریكیەكان كەلوپەل و پێداویستی و خواردن بەكاربهێنن و بەفیڕۆی بدەن ئەوا لە ئەمڕۆدا لەجیاتی یەك گۆی زەوی پێویستیمان بە چوار گۆی زەویە!

هەر ئەمریكیەك لە ساڵێكدا تێكڕا نزیكەی یەك تۆن خواردن دەخوات، ئەوەی سەرسوڕهێنەرە ئەوەیە كە (40%) ی هەموو ئەو خۆراكەی كە لە ئەمریكا بەرهەم دەهێنرێت فڕێدەدرێت!

(20%) ی هەموو خاشاكیش لەئەمریكا بەروبوومیە خۆراكیەكانە كە بەفیڕۆدەدرێت و فڕێدەدرێت، خۆراكیش بۆ بەرهەمهێنانی بڕێكی زۆری ووزە دەوێت بەتایبەتی بەروبوومەكانی ئاژەڵ.

لەگەڵ ئەوەی دانیشتوانی ئەمریكا تەنیا (4%) ی دانیشتووی جیهانە، بەڵام (25%) ی هەموو زبڵ و خاشاكی جیهان بەرهەم دەهێنێت، لەو هەموو خاشاكەش كەمتر لە (40%) ی ڕیسایكڵ دەكرێتەوە، لەكاتێكدا ڕێژەی ڕیسایكڵ كردنەوەی خاشاك لە ئەوروپا دەگاتە (60%).

لوقمان حەوێز – تێكساس