تەلەسكۆپی هابڵ لەیادی 29 ساڵەی هەڵدانی بۆ ئاسمان

26/04/2019 - 17:49 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/هەمەڕەنگ

 

 

تەلەسكۆپی هابڵ یەكێك لە گرنگترین و خۆشەویستترین پرۆگرامی ئاژانسی ناسا بووە، ناوبانگی لە سەرانسەری جیهان دەركرد، بووە هۆی گۆڕینی بیركردنەوەو تێگەیشتنەكانمان بۆ گەردوون و بۆ یەكەم جار چاوی مرۆڤی گەیاندە قوڵایی گەردوون.

هابڵ لە ڕێگەی كەشتیەكەوە لە (24 ی نیسانی ساڵی 1990) گەیەنرایە خولگەیەك بە دەوری گۆی زەوی و لە بەرزایی (560) كیلۆمەتر جێگیركرا، تیرەی هاوێنەكەی هابڵ (2.4) مەترە، بەڵام لەبەر ئەوەی لە دەرەوەی گۆی زەویەو دوورە لە سەرچاوەكانی ڕووناكی و تیشك دانەوەی بەرگە هەواو تەم و تۆز، ئەوا توانی ڕوونترین وێنەو ڤیدیۆی گالاكسی و تەم و ئەستێرەكانی گەردوون بچركێنێت.

تەلەسكۆپی هابڵ بوو بە تاجی سەری زانیاریە نوێیەكان لە بواری گەردوون ناسی، هابڵ توانی گەشتێك بە چاوی مرۆڤ بكات بۆ قووڵایی ڕابردوو، قوڵایی كات و شوێن، توانی وێنەكانی گەردوونمان نیشان بدات دوای كەمتر لە یەك ملیار ساڵ لە ڕوودانی تەقینەوە گەورەكە، هەروەها هەنگاوەكانی دروستبوونی گالاكسیەكان و گەشەكردنی گەردوونیشی بە ڕوونی نیشانداین.

تەقینەوە گەورەكە نزیكەی (13.7) ملیار ساڵ پێش ئێستا ڕوویداوەو لە ئەنجامدا ئەم گەردوونەی ئێستا دروست بووە، لە ڕێگەی هابڵ مرۆڤ توانی تەماشای مێژووێكی بینراوی گەردوون بكات، هی پێش نزیكەی (13) ملیار ساڵ.

هەروەها هابڵ بەڕوونی و بەبێ هیچ گومانێك دەریخست كە گەردوون لە كشان و گەورەبوونە، كشانەكەش بە تێپەڕبوونی كات خێراتر دەبێت.

بەڵام تەلەسكۆپی هابل گەلێك پرسیاری قورسی تری وورژاند، لەوانە ئایا بۆشایی ئاسمان Space لەگەڵ تەقینەوە گەورەكە دروست بووە یان هەر هەبووە ؟ ئایا لە دەرەوەی گەروونی ئێمە چی هەیە ؟ ئایا گەردوونی تر هەیە ؟

شۆڕشێكی زۆر گەورەتر بەڕێوەیە لە بواری گەردوونناسی لە دوای تەلەسكۆپی هابڵ، بۆ وەڵامدانەوە یان لێكۆڵینەوە لەم پرسیارانە دەزگای ناسا لە ساڵی (2021) تەلەسكۆپی جێمس وێب هەڵدەدا بۆ بۆشایی ئاسمان لە شوێنی هابڵ كە كارەكانی تەواو دەبێت، هەروەها جێمس وێب لە خولگەیەك جێگیر دەكرێت كە نزیكەی سێ ئەوەندەی مانگ دوور دەبێت لە گۆی زەوی.

پێویستە بووترێت تەلەسكۆپی جێمس وێب پتر لە (100) ئەوەندە بەهێزترو هەستیار ترە لە تەلەسكۆپی هابڵ، جێمس وێب بەرهەمی پێشكەوتنی مرۆڤە لە (25) ساڵی ڕابردوو لەبواری كۆمپیوتەرو زیرەكی دەستكرد، چاوەڕوان دەكرێت جێمس وێب سەرەتاكانی تەقینەوە گەورەكەمان نیشان بدات و وەڵامی بۆ گەلێك لەو پرسیارانە پێ بێت كە تەلەسكۆپی هابڵ وورژاندنی، ئەمەش دەبێتە شۆڕشێكی نوێ و گەورەتر لە بواری گەردوونناسی.

لوقمان حەوێز – تێكساس