لەم خاڵانەی خوارەوە ئاگاداری منداڵەكانتان بن

01/06/2019 - 08:35 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/هەمەڕەنگ

 

 

 

دوای تەواوبوونی خوێندن و داخستنی دەرگای قوتابخانە زۆربەی منداڵەكان چاویان لەوەیە بچنە یاری و لە ماڵەوە نەبن، دەبێت چاودێریان بكرێت لە ڕووی شوێنەوە تا سەلامەت بن، پێویستە باوانەكان لەم وەرزەدا زیاتر گرنگی بە منداڵەكانیان بدەن، هاوكات چەند ڕێنماییەكیش بۆ شوفێران خراوەتە ڕوو.

1. نابێت جێگەی یاریكرن لەسەر شەقام بێت یان نزیك بێت لە شەقامەوە، یانیش جێگای قوڵ و ئاو و شوێنی كۆكردنەوەی زبڵ و پاشماوەكانی خانووكردن بێت. 

2. نابێت منداڵ دەربچێت لەماڵ لەكاتی بەرزی پلەی گەرما بە تایبەت لەدوای كات ژمێر (11) ی پێشی نیوەڕۆ تاكو (5) ی ئێوارە. 

3. پێش دەرچوون لەماڵ دەبێت زۆر ئاو بخواتەوە. 

4. لەكاتی لێخورینی پایسكل، دەبێت كەل و پەلی خۆپاراستن بە كاربێنێت بەتایبەت كڵاوی پاراستنی سەرو دووربكەێتەوە لە شەقامە گشتییەكان. 

5. لەكاتی گەشت و سەیراندا دەبێت چاودێریان بكرێت و دوورنەكەونەوە لە شوێنی دانیشتنی خێزان، كاتێك دەچن بۆ ناو ئاو دەبێت ئێلەگی سەرئاوكەوتن بە كاربێنن و نابێت منداڵ بەجێ بهێڵدرێت لەناو ئاودا بە تەنیایی. 

6. زۆر خێزان هەن بەشەوان لە سەربانی خانوو دەخەون، دەبێت زۆر چاودێری منداڵەكانیان بن بەتایبەت لەكاتی تاریكی و هاتنوچوون بە قالدرمە یان پەیژە، هەر بۆیە ئەگەر دەرگای بچووك لە سەرەتاو كۆتایی قالدرمە یان پەیژە هەبێت منداڵ پاریزراوتر دەبن. 

7. زۆر كەس لەخۆشەویستی و یاریكردن لەگەڵ منداڵی بچووك و ساوا لەناو ماڵدا منداڵەكانیان بەرز دەكەنەوەو هەڵی دەدەن بۆ ئاسمان بەبێ ئەوەی هەست بە ئیشكردنی پانكەی بنمیچ بكەن، دەبێت زۆر وریاو ئاگاداربن، چونكە زۆر كارەسات لەو جۆرە ڕوویانداوە. 

8. پاراستنی منداڵ بەوەی دەست بكات بەنێوكونی موبەڕیدە بە تایبەت ئەگەر هیچ ڕێگرییەكی مووشەبەكی نەبوو، زۆر مەترسیدارە، چونكە منداڵ نازانێت و دەست دەكات بەناو كونەكەدا بەو هۆیەشەوە دەستی دەبێت بە پەروانكەی موبەڕیدەكەو كارەسات دروست دەكات. 

9. پاراستنی وایەرو پلاكی كارەبا، دەبێت دووربێت لە دەستی منداڵەكان. 

تایبەت بۆ شوفێرەكان : 

1. نەهێشتنی هەندێك كەلوپەل لەناو ئۆتومبێلدا وەكو چەرخ و عەترو بۆنی نێو قوتوو هەروەها هەموو جۆرە دەرمانێك. 

2. ڕاگرتنی ئۆتۆمبێل لەشوێنێكی فێنك و ژێر سێبەر، نابێت جام بە تەواوی دابخرێ بەڵكو دەبێت كەمێك كراوە بێت لە (2 – 5) سەنتیمەتر. 

كاتێك دەچیت بۆ ناو ئۆتۆمبێل دەبێت دەرگاكانی كراوەبن بۆ ماوەی یەك خولەك، دوای پێكردنی ئۆتۆمبێل با فێنككەرەوە (تەبرید) ئیش بكات بۆ ماوەی (2 – 3) خولەك ئینجا دەرگاكان و جامەكان دابخە، تاكو بای پیس نەمێنێت و دەربچێت لەناو ئۆتۆمبێلدا.

ئەژین عەبدولڵا – هەولێر