بۆچی هەسارەكان و ئەستێرەكان شێوەكانیان گۆییە ؟؟

08/06/2019 - 08:23 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/هەمەڕەنگ

 

 

بۆ هەسارۆكەكان و كلكدارەكان كە زۆر بچوكترن گۆیی یان خڕ نین و شێوەیەكی ناڕێك و جیاوازیان هەیە ؟ بۆچی ئاوی زەریاكان بە ڕووی زەوییەوە نوساوەو بە بۆشایی ئاسمان بڵاونابێتەوە ؟؟

یەكێك لە هێزە هەرە كاریگەرەكان لە گەردوون هێزی كێشكردنە، هێزی كێشكردن یەكێكە لە ڕەفتارەكانی هەموو تەن و ماددەو بارستەكان لە گەردوون هەرچەندە بارستەكانیان كەم بێت یان قەبارەكانیان بچووك بێت.

هێزی كێشكردنی هەر تۆپەڵە بارستەیەكی جیا لە گەردوون بە بەردەوام هەوڵ دەدات هەموو گەردیلەكانی ئەو بارستەیە لە هەموو ڕووەكانیەوە بەرەو چەقەكەی ڕابكێشێت، ئەگەر تەنەكە (هەسارەكە یان مانگەكە یان قەزەمە هەسارەكە) بەردینی بوو و لە كانزاكان پێكهاتبوو و تیرەكەی لە نزیكەی (600) كیلۆمەتر یان زیاتر بوو ئەوا بڕو كاریگەری هێزی كێشكردنەكەی ئەوەندە زۆر دەبێت تا ڕادەیەك شێوەی ئەو بارستە یان ئەو تەنە گۆیی و خڕ دەكات، ئەگەر ئەو تەنەش لە ئاوی بەستوو یان گازی میسانی بەستووی ڕەق پێكهاتبوو كە ڕەقیەكەی كەمترە لە بەردو كانزاكان، ئەوا پێویستە تیرەكەی لایەنی كەم نزیكەی (400) كیلۆمەتر بێت یان زیاتر بۆ ئەوەی شێوەكەی گۆیی و خڕ بێت.

ئەگەر بارستەو تەنێكیش شل بێت وەكو ئاو بۆ نموونە، بارستەكەی هەرچەندە بچووك بێت یان گەورە شێوەی نیمچە گۆیی وەردەگرێت لە بۆشایی ئاسمان، ئەم تاقیكردنەوە چەند جارێك لەسەر بڕێكی بچووكی ئاو ئەنجامدراوە لەناو وێستگەی ئاسمانی لە بۆشایی ئاسمان كە هێزی كێشكردنی زەوی لەوێدا زۆر كەمە، بڕە ئاوەكە بە بەردەوامی لە تاقیكردنەوەكان شێوەیەكی گۆیی وەردەگرێت.

هەسارۆكەكان و كلكدارەكان تیرەكانیان زۆر كەمترە لەبەر ئەوە هێزی كێشكردنیان بە بەراورد ئەوەندە زۆر نیەو ناگاتە ڕادەیەك شێوەكانیان گۆی و خڕ بێت، ئەو تەنانە شێوەی ناڕێك و جیاوازیان هەیە.

كەواتە هێزی كێشكردنی زەوی هەموو گەردیلەكانی زەوی و ئەو تەنانەی كە لەسەر ڕووی زەویشن بەرەو چەقەكەی ڕادەكێشێت، كاتێك بەردێك دەهاوێژین بۆ ئاسمان زەوی بەردەكە ڕادەكێشێتەوە بەرەو چەقی گۆی زەوی لە ئاسمانەوە دێتەوە خوارەوە، لەبەر ئەوەی ڕووی زەوی ڕەقە دەكەوێتە سەر ڕووەكەیی و وەكو ئەوەیە پێوەی بنوسێت، بەهەمان شێوە هێزی كێشكردنی گۆی زەوی ئێمەو هەموو تەنەكانی سەر ڕووی زەوی لەسەر ڕووەكەی جێگیركردووە، وەكو ئەوە وایە ئێمەو ئەو تەنانە بە گۆی زەویەوە نووسابین، بەهەمان شێوە هەموو ئاوی زەریاكان بەزەویەوە نوساوەو لەسەر ڕووەكەی جێگیر بووە، بەرگە هەواو گازەكانی ناویشی لەبەر هەمان هۆكار بەزەویەوە نوساون و هەوای دەوری گۆی زەوی ناڕوات بۆ بۆشایی ئاسمان.

لوقمان حەوێز – تێكساس