بەر لە 200 ملیۆن ساڵ، ئەو كاتە گۆی زەوی چۆن بووە ؟

15/06/2019 - 08:47 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/هەمەڕەنگ

 

 

بە پێوەرە گەردوونیەكانی كات بێت ئێمەی مرۆڤ چاوتروكانێكە دروستبووین لەسەر ڕووی زەوی، تەمەنی گۆی زەوی پتر لە چوار هەزارو پێنج سەد ملیۆن ساڵە، مێژووی بەبەردبووی كۆنترین مرۆڤی سەرەتایی دەگەڕێتەوە بۆ تەنیا چەند ملیۆن ساڵێك، بەڵام ژیان بەر لە پتر لە سێ هەزار ملیۆن ساڵ سەری هەڵداوە لەسەر گۆی زەوی، لەم نووسینە كورتە دەگەڕێمەوە بۆ مێژووی گۆی زەوی بەر لە (200) ملیۆن ساڵ، بابزانین چی هەبووەو چۆن بووە، هەموو ئەم زانیاریانە لەڕێگەی لێكۆڵینە جیۆلۆجیەكان و مێژووی بەبەردبووەكان پشتڕاست كراوەتەوە.

بەر لە (200) ملیۆن ساڵ هەموو ووشكایی زەوی لە یەك كیشوەری زەبەلاح پێك هاتبوو كە ئێستا زاناو زەویناسەكان ناویان ناوە (پەنگیا)، لە دوای ئەوە بەهۆی جوڵەی (تەكتۆن)ەكان واتە چینە ڕەقەكانی توێكڵی گۆی زەوی بە تێپەڕبوونی كات و دوای دەیەها ملیۆن ساڵ هەموو كیشوەرەكانی ئێستا دروستبوون.

هەروەها لەو كاتەدا یەك زەریا هەبوو كە پتر لە (70%) ی زەوی داپۆشیبوو و ئێستا ناویان لێناوە (پانتاڵاسا) واتە زەریای پاسیفیك (هێمن) ی گەورە، ئەو كاتە گۆی زەوی خێراتر بەدەوری خۆیدا دەسوڕایەوەو درێژی شەوو ڕۆژێكی ئەو كاتە نزیكەی (23) كاتژمێری ئێستابوو ئەویش لەبەر ئەوەی سوڕانەوەی گۆی زەوی بەدەوری خۆی ووردە ووردە لە كەمبوونەوە دایە.

لەو كاتەشدا داینەسۆرەكان و گیانەوەرە خوێن ساردەكان سەر ڕووی كیشوەری (پانگیا) یان داپۆشیبوو، ئەگەر ئێستا یەكێكمان بگەڕێینەوە بۆ ئەو كاتەو تەماشای ئەو زیندەوەرانەی ئەو كاتە بكەین وادەزانین چووین بۆ سەر هەسارەیەكی تر، چونكە زۆربەی هەرە زۆری جۆری ئەو گیانەوەرو مێروو و درەختانەی ئەو كاتە نەماون و تووشی لەناوچوون بوون.

بە ووردی دەتوانین بڵێین (99%) ی ئەو جۆرە زیندەوەرانەی ئەو كاتە هەبوون لەسەر ڕووی زەوی ئێستا نەماون و لەناوچوون، ئەو كاتە زۆر بە ئاسانی پۆل پۆل جۆرەكانی داینەسۆرەكان لە هەموو شوێنێك دەبینران لە قەبارە بچووك كە لە مرۆڤ بچووكتر بوون بۆ گەورەترین جۆر وەكو (تیراسۆر) كە گەورەترین گیانداربووە تاوەكو ئێستا لەسەر ڕووی زەوی.

هەروەها بۆ نموونە گوڵ دروست نەبوو بوو و هیچ گژو گیاو درەختێك لەڕێگەی گوڵ كردن زۆر نەدەبوو، گیاندارەكانی وەك شیردەرەكان، مێش هەنگوین، مار، هتد. هێشتا نەبوون.

ڕووی گۆی زەوی بەتەواوی جیاواز بوو، ئەو چیایانەی كە ئێستا هەن دروست نەبووبوون، بە گشتی ئاوو هەوا گەرمتر بوو و بڕی ئەو بەفرەی هەبوو زۆر كەمتر بوو لە سەردەمە بەفرینیەكان كە زۆربەی گۆی زەوی بە بەفر دادەپۆشران.

لەناو زەریای (پانتاڵاسا)ش جۆرەها گیانداری ئاوی گەورەو بچووك دەژیان كە هەندێكیان گەلێك لە ماسی (قیرش) ی ئێستا دڕندەتر بوون، هەروەها بەپێی لێكۆڵینەوە بەردینیەكان كە ئێستا كراون دەركەوتووە ئەو كاتەش جۆرەها ڤایرۆس و بەكتریا هەبوون لەسەر ڕووی زەوی.

لوقمان حەوێز – تێكساس